هیومان رایتس ۆج و میترۆ كۆبونەوە




سەنتەری میترۆ رایگەیاند توندبوونی ململانێی سیاسی بەر لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو، وا دەخوازێ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان چاودێری زیاتری رەوشی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بكەن، بەتایبەتیش رەوشی ئازادی میدیا كە لەوكاتانەدا زۆرتر پێشێل دەكرێت.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئەیلولی 2024، سارا سەنبەر، توێژەری عێراق، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقای رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ، سەردانی سەنتەری میترۆی كرد بە مەبەستی هەمئاهەنگی لە بواری مافەكانی مرۆڤ.

لەو كۆبونەوەیەدا كە ئارام سەعید، سەرۆكی رێكخراوی بەدیل بۆ دیبەیت ئامادەی بوو، رێكخەری میترۆ بە گەرمی بەخێرهاتنی سارا سەنبەر و وەفدی یاوەری كرد.

لەو كۆبونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ بە تایبەتی و مافی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری كرا.

رێكخەری میترۆ تیشكی خستەسەر دیارترین ئاڵەنگارییەكانی بەردەم ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین، هەندێك لەراپۆرتەكانی سەنتەری میترۆی خستە بەردەم وەفدی میوان، باسی لەوەشكرد توندبوونی ململانێی سیاسی بەر لە هەڵبژاردنی چاەڕوانكراو وا دەخوازێ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان چاودێری زیاتری هەرێمی كوردستان بكەن كە مافی مرۆڤ و مافی رۆژنامەنووسان لەوكاتاندا زۆرتر پێشێل دەكرێت.

سەرۆكی رێكخراوی بەدیل بۆ دیبەیت ئارام سەعید، تیشكی خستەسەر چالاكییەكان لە بواری پەروەردە و ژینگە و مافەكانی مرۆڤ.

 سارا سەنبەر، خۆشحاڵی دەربڕی بۆ سەردانەكە و سوپاسی هاوكاری و كارئاسانییەكانی سەنتەری میترۆی كرد بۆ رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ كە 15 ساڵە بەردەوامە و جەختیكردەوە كە ئامانجەكانی هەردوو رێكخراو وادەخوازێت ئەم پەیوەندییانە برەوی پێبدرێت.

سارا سەنبەر توێژەر لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە عێراق دەكات.

 پێشتر لە یەكەی پاراستنی دانیشتوانی مەدەنی لە كۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سووری نێودەوڵەتی كاری كردووە، كە تیایدا سەرنجی لەسەر ململانێ و گۆڕانی كەشوهەوا، ڕێگریكردن لە تاوانەكانی جەنگ خستۆتە ڕوو.

هەروەها پسپۆڕی پاراستن بووە لە ئەنجومەنی پەنابەرانی دانیمارك و لەگەڵ هێزی ئاشتی ناتوندوتیژ لە عێراق كاری كردووە، كە تیشكی خستۆتە سەر پاراستنی ئاوارەكانی ناوخۆ و ئاشتەوایی لە سەردەمی دوای داعش.


AM:11:31:05/09/2024




ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌