کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیارى دوورخستنەوەى دوو بەربژێرى لیستى نەوەى نوێى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەرکرد، پاساوى دوورخستنەوەیان ئەوەیە، کە خەڵکى ئەو پارێزگایە نین.
بڕیارەکە رۆژی چوارشەممە، 18ى ئەیلوول لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە.
بەربژێرە دووخراوەکان هەریەک لە شەتاو عەزیز، مۆردان نەوزاد، بەربژێرى لیستى نەوەى نوێن لە سنوورى پازێزگاى دهۆک. بە گوێرەى بڕیارەکە، ئەو دوو بەربژێرە بەڵگەنامەى پێویستیان پێشکێش نەکردووە، کە بیسەلمێنێت دانیشتووى پارێزگاى دهۆکن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی پێشکێشی کۆمیسیۆن کراون، ئەو دوو بەربژێرەی نەوەی نوێ لە بازنەی دهۆک، لە دایکبووی شاری سلێمانین.
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان، کە دابەش بوون بەسەر چوار بازنەى هەڵبژاردنى هەولێر، سلێمانى، دهۆک و هەڵەبجە.
بە گوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هەر کەسێک لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن خۆی بەربژێر بکات، دەبێت بیسەلمێنێت لە دانیشتووی ئەو پارێزگایەیە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن داوای لە لیستی نەوەی نوێ کردووە، لە ماوەى سێ رۆژدا بەربژێرى جێگرەوە بۆ ئەو دوو بەربژێرە دوورخراوەیان دابنێن.
20ـی تشرینى یەکەمى 2024 وەک رۆژى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکراوە، دوو رۆژ بەر لەوەش دەنگدانى تایبەت دەکرێت.
سەرچاوە/ ڕووداو