وردبینى لە لیستى ناوی بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تەواو بووە و، 24ـى ئەیلوول ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر رۆژى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـى ئەیلوول، پرۆسەى وردبینى لە بەربژێرانى پەرلەمانى کوردستان تەواوبوو: "تێکڕاى ژمارەى ئەو بەربژێرانەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوورخراونەتەوە، 11 کەس بوون".
1198 بەربژێر وەکو سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتەکان، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان تۆمارکردووە.
7 لەو بەربژێرانەى دوورخراونەتەوە لە قۆناخى بەر لە ناردنى ناوەکانیان بووە بۆ لایەنە پەیوەندارەکان بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت، پێنج بەربژێرى دیکە لە قۆناخى دووەم دوورخرانەوە و یەکێکیان بە بڕیارى دادگە گەڕێندراوەتەوە.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، رۆژى سێشەمە 24ـى ئەیلوول ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر رۆژى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن کە ئەگەرى زۆرە 25ـى ئەیلوول دیاری بکرێت.
عیماد جەمیل رایگەیاند: کۆبوونەوەى هەفتانەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران رۆژانى سێشەممە دەکرێت و ئەگەر هەیە ئەو رۆژە بڕیار لەسەر رۆژى بانگەشە بدرێت.
20ـی تشرینى یەکەمى 2024 وەکو رۆژى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکراوە، دوو رۆژ بەر لەوەش دەنگدانى تایبەت دەکرێت. بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، بانگەشەى هەڵبژاردن هەر کات دەستپێبکات، کاژێر 06:00ـی 18ـی تشرینى یەکەم رادەوەستێت، بەو پێیەى ئەو رۆژە دەنگدانى تایبەت دەستپێدەکات.
سەرچاوە/ ڕووداو