خانەوادەی چاودێرێکی سیاسی نزیک لە پارتی بە ناوی عیماد باجەلان، ڕایدەگەیەنن، کوڕەکەیان ماوەی زیاتر لە مانگێکە لەسەر تۆمەتبارکردنی برای سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تێوەگلانی لە دۆسیەی "دزی سەدە" لە هەولێر دەستگیرکراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە، بەرپرسانی دەزگا ئەمنیەکان هەرێمیش "بێ ئاگایی خۆیان" لە دەستگیرکردنی چاودێرەکە ڕادەگەیەنن.
عیماد باجەلان ئەو چاودێرە سیاسیەی لە میدیا عێراقییەکان وەک چاودێرێکی سیاسی نزیک لە پارتی دەردەکەوێت و زۆر جار بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە بەرامبەر بە هێزە شیعەکان زمانێکی زبر بەکاردەهێنێت، بە قسەی خانەوادەکەی دوای لێدوانێکی عیماد لەسەر دەستگیرکردنی تۆمەتبار نور زوهەیر کە ناسراوە بە "دزی سەدە" لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی عێراق ماوەی 32 ڕۆژە دەستگیرکراوە، چونکە لە لێدوانەکەیدا برای سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی "تۆمەتبار کردبوو بە تێوەگلان لە دۆسیەی دزی سەدەدا."
ئەمڕۆ 23ی مانگی نۆ ئەندامێکی خانەوادەی عیماد باجەلان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت لەسەر دەستگیرکردنی کوڕەکەیان بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند،" کوڕەکەمان 32 ڕۆژە دەستگیرکراوە لەسەر سکاڵایەک کە محمد شیاع سودانی تۆماری کردووە، چونکە عیماد لە چاوپێکەوتنێک وتبووی برای سودانی دەستی هەیە لە پرسی دزی سەدە نور زوهەیر، بۆیە سوادنی شکاتی کرد لە لە دادگاکانی هەولێر و دواتر کوڕەکەمان خۆی ڕۆشت تا ئیفاد بدات، بەڵام دەستگیرکرا و تا ئێستاش هیچ دەربارەی چارەنووسی نازانین، نازانین لای ئاسایشە یان پۆلیس."
دەشڵێت،" هێزە ئەمنیەکانی هەولێر دەڵێن، لای ئێمە نییە، بەغدادیش حەقی نیە، چونکە سکاڵاکە لە هەولێر کراوە، بە پێی زانیاریەکانمان کوڕەکەمان بە ماددەکەی 2ی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیرکراوە، ئەم ماددەیەش نە توقیفی دەوێت، نە زیندانیکردنی دەوێت."
نور زوهەیر ناسراو بە "دزی سەدە" ئەو تۆمەتبارەیە کە لە کۆتایی ساڵی 2022 لە دوای ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی عێراق، تۆمەتبارکرا بە دزینی بڕێکی زۆر لە پارەی باج و بردنی بەشێکی پارەکە بۆ دەرەوەی وڵات. لە تاوانی دزی سەدەدا نزیکەی 30 کەس تێوەگلان، بەڵام تەنها چەند کەسێکی کەمیان دەستگیرکراون، کە نور زوهەیر یەکێک بوو لە دەستگیرکراوەکان.
دەنگی ئەمەریکا بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی دەستگیرکردنی عیماد باجەلان پەیوەندی کرد بە ئاسایشی گشتی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم، بەڕیوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بەڵام بێ ئاگایی خۆیان لە دۆسیەکە ڕاگەیاند. بەڵام ڕێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، لە ئەنجامی هەوڵەکانیاندا دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر، پێیان ڕاگەیاندوون، کە عێماد باجەلان لەلای ئەوان دەستگیر نەکراوە.
ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە وەک سەنتەری میترۆ بەدواداچوونمان کردووە و بەردەوامین لە بەدواداچوون. گومانمان لا دروست بووە کە دەستگیرکردنەکە لە هەولێر بووە و بابەتەکە مجامەلەیەکی سیاسیە بۆ ئەو کەسانەی کە عیماد باجەلان تۆمەتباری کردوون و قسەی لەسەر کردوون، بابەتی تۆماتبارکردن ئێمە لەگەڵیدا نین، بەڵام بە پێی ڕێکاری یاسایی خۆی دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."
وتیشی،" ئەگەر ئەمە ماددەی 2ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بێت، دەبێت بەکەفالەت ئازاد بکرێت، واتە چی مانگێک ون بکرێت و کەس چارەنوسی نازانێت، لەبەر ئەوە حەق بوو لە هەولێرەوە ڕوونکردنەوە بدرێت و ڕێز لە یاساکەی خۆی بگرێت کە دەبوو بە کەفالەت ئازادی بکەن،لە کاتێکدا ئێمە بەدواداچوونمان کردووە لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان، بەڵام نەچوونەتە ژێر باری ئەوەی لە هەولێرە، کە ئەمەش شتێکی خراپە."
ماددەی 2 لە یاسای ژمارە (6) ی ساڵی 2008 کە تایبەتە بە خراپ بەکار هێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی سزاکەی بریتیە لە،" سزادانی تۆمەتبار بەحەپسکردن بۆ ماوەیەک کە کەمتر نەبێت لە شەش مانگ و زیاتر نەبێت لە پێنج ساڵ، یان بە بژاردن کە کەمتر نەبێت لەیەک ملیۆن دینارو زیاتر نەبێت لە پێنج ملیۆن دینار."
هاوکات ماوەی چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێك كەسایەتی میدیایی، رۆژنامەنووس و توێژەری سیاسی بانگەوازێكیان بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئازادی رادەربڕین بڵاوكردوهتەوە و داوای پشتگیری و ئازاد کردنی باجەلان و ئاشکراکردنی چارەنووسی دەکەن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمریکا