بەپێی بەدواداچوونی رووداو بۆ سیڤیی بەربژێرانی بازنەی دهۆک، نزیکەی 57٪ی بەربژێرەکان بڕوانامەیان نییە و لە سیڤییەکانیان نووسراوە: "دەنووسن و دەخوێننەوە". بەتەمەنترین بەربژێریش لە دایکبووی 1953 و بچووکترینیشیان لە دایکبووی 1999یە.
128 بەربژێر بڕوانامەیان نییە
بەپێی ئەو لیستانەی کە حیزبەکان و بەربژێران رادەستی کۆمیسیۆنیان کردووە، لە بازنەی دهۆک، کە 24 کورسیی لە پەرلەمان هەیە، بە سەرجەم لیست و بەربژێری سەربەخۆ و پێکهاتەکان 220 بەربژێریان هەیە، لەو ژمارەیە 128یان واتە نزیکەی 57٪ی کۆی بەربژێرەکان بڕوانامەیان نییە.
لەنێو بەربژێرانی لایەنەکاندا، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان، کە 14 بەربژێری هەیە، سەرجەمیان بێ بڕوانامەن، گۆڕان سێ بەربژێری هەیە، هەرسێکیان بێ بڕوانامەن، بابلیونی رەیان کلدانی یەک بەربژێری هەیە. ئەویش بێ بڕوانامەیە. دوای ئەوانیش یەکێتی زۆرترین بەربژێری بێ بڕوانامەی هەیە، کە لە کۆی 30 بەربژێری حیزبەکە 29یان بڕوانامەیان نییە.
هاوپەیمانی سەردەم کە شەش بەربژێری هەیە، پێنجیان بێ بڕوانامەن. بەرەی گەل کە 35 بەربژێری هەیە، 30یان بێ بڕوانامەن. کۆمەڵی دادگەری شەش بەربژێری هەیە، دووانیان بێ بڕوانامەن. نەوەی نوێ 13 بەربژێری هەیە، سێیان بێ بڕوانامەن. هاوپەیمانیی نیشتمانی 10 بەربژێری هەیە، نۆیان بێ بڕوانامەن. رەوتی هەڵوێست پێنج بەربژێری هەیە، یەکێکیان بێ بڕوانامەیە. یەکگرتووی ئیسلامی کە 22 بەربژێری لە بازنەی دهۆک هەیە، 11 بەربژێریان واتە 50٪ی بەربژێرەکانی بڕوانامەیان نییە.
لە بازنەی دهۆک 22 کەس وەکو سەربەخۆ خۆیان بەربژێر کردووە، لەو 22 بەربژێرە 14یان بڕوانامەیان نییە. هەر لە سنووری بازنەی دهۆک حەوت بەربژێر کێبڕکێ لەسەر تاکە کورسییەکەی کۆتای مەسیحی دەکەن، کە دووانیان بڕوانامەیان نییە.
پارتیش بەراورد بە ژمارەی بەربژێرەکانی کەمترین بەربژێری بێ بڕوانامەی هەیە، لە کۆی 48 بەربژێری تەنیا پێنجیان بڕوانامەیان نییە.
لەکۆی 220 بەربژێرەکەی دهۆک 11یان بڕوانامەی دکتۆرایان هەیە، لە لیستی پارتی حەوت بەربژێر بڕوانامەی دکتۆرایان هەیە، لیستی یەکگرتوو یەک بەربژێر. هەروەها دوو بەربژێری سەربەخۆ و یەک بەربژێری کۆتای مەسیحی بڕوانامەی دکتۆرایان هەیە.
12 لە بەربژێرەکانی بازنەی دهۆک بڕوانامەی ماستەریان هەیە: پارتی هەشت بەربژێر، یەکگرتوو یەک بەربژێر، یەکێتی یەک بەربژێر، سەربەخۆ یەک بەربژێر و کۆتای مەسیحیش یەک بەربژێر.
50 بەربژێری بازنەی دهۆک بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە: پارتی 22 بەربژێر، بەرەی گەل سێ بەربژێر، کۆمەڵی دادگەری چوار بەربژێر، نەوەی نوێ پێنج بەربژێر، هاوپەیمانیی نیشتمانی یەک بەربژێر، هەڵوێست دوو بەربژێر، یەکگرتوو حەوت بەربژێر، سەربەخۆ سێ بەربژێر و کۆتای مەسیحی سێ بەربژێر.
نۆ بەربژێری بازنەی دهۆک بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە: پارتی سێ بەربژێر، نەوەی نوێ دوو بەربژێر، هەڵوێست دوو بەربژێر، بەرەی گەل یەک بەربژێر و یەکگرتوو یەک بەربژێر.
هەشت لە بەربژێرانی بازنەی دهۆک بڕوانامەی ئامادەییان هەیە: بەرەی گەل یەک بەربژێر، نەوەی نوێ سێ بەربژێر. یەکگرتوو یەک بەربژێر، پارتی دوو بەربژێر و سەربەخۆ یەک بەربژێر.
تەنیا دوو بەربژێر بڕوانامەی سەرەتاییان هەیە، ئەوانیش بەربژێرێکی لیستی سەردەم و بەربژێرێکی سەربەخۆ.
تەمەن و رەگەزی بەربژێران
بەپێی رێکارەکان تەمەنی بەربژێر نابێت لە 25 ساڵ کەمتر بێت.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو بۆ تەمەنی بەربژێرانی پەرلەمانی کوردستان، بچووکترین بەربژێری بازنەی دهۆک لە دایکبووی 1999یە، کە بەربژێرێکی بزووتنەوەی گۆڕانە. بە تەمەنترین بەربژێریش، کە بەربژێرێکی سەربەخۆیە لە دایکبووی ساڵی 1953یە.
59 بەربژێر لەدایکبووی نێوان 1990 - 1999ن، لە دایکبووانی نێوان 1980 - 1989 کە زۆرترینن 67 بەربژێرن، لە دایکبووانی نێوان 1970 - 1979 ژمارەیان 62 بەربژێرە. هەروەها 29 بەربژێر لە نێوان ساڵانی 1960 - 1969 لە دایکبوون و سێ بەربژێریش لە نێوان ساڵانی 1950 - 1959 لە دایکبوون.
لە کۆی 220 بەربژێرەکەی پارێزگای دهۆک 157 بەربژێریان لە رەگەزی نێرن و 63 کەسیان لە رەگەزی مێن.
-Rudaw