بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کوردی دەرەوەی عێراق مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نابێت.
ئەمڕۆ شەممە 28ی ئەیلوولی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەو پێیەی هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەلیکترۆنییە و پێویستی بە کارتی بایۆمەترییە، بۆیە ئەو کوردانەی لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێن، لەبەر نەبوونی کارتی بایۆمەتری، مافی دەنگدانیان نییە و ناتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن."
بەگوێرەی یاسای کۆمیسیۆن، دەنگدەر دەبێت ئەم مەرجانەی تێدابێت:
- هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت
- تەمەنی گەیشتبێتە 18 ساڵ
- ناوی لە لیستی دەنگدەرانی بایۆمەتری هەبێت
- کارتی بایۆمەتری هەبێت
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، پارت و هاوپەیمانیێتییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
-Rudaw