کۆمیسیۆی باڵای سەرخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داواکردنی کارتی دەنگدان بە نایاسایی دەزانێت و دەڵێت: "دەنگدەر ئازادە لەوەی بەشداریی دەنگدان بکات یان نا."
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆکردنەوە یان داواکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە دەنگدەران نایاساییە."
عیماد جەمیل گوتی: "دەنگدەر ئازادە لەوەی بەشداریی پرۆسەی دەنگدان بکات یان نا."
20ـی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، یەکەم جارە بە سیستمی ئەلیکترۆنی و بە کارتی بایۆمەتری بکرێت کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "هیچ حیزبێک ناتوانیت بزانێت دەنگدەر دەنگی بە کام بەربژێر داوە."
دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بایۆمەترییان بۆ چاپکراوە کە دەتوانن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگ بدەن.
-Rudaw