رێکخەری تۆڕی شەمس دەڵێت: ئەگەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان نەتوانێت ئەو پێشێلکارییانەی ئەمڕۆ روویانداوە کۆنتڕۆڵ بکات، لە دەنگدانی گشتیی دۆخەکەی لەدەست دەردەچێت.
ئەمڕۆ هەینی، هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " تائێستا هیچ حاڵەتێکی وا رووینەداوە کە وابکات پڕۆسەکە پەکی بکەوێت، کەمکردنەوەی ژمارەی دەنگدەران لە وێستگەکان وایکردووە پڕۆسەکە خێراتر بێت، بەڵام چەند حاڵەتێکی پێشێلکاری لە ناوچە جیاجیاکان تۆمارکراون."
رێکخەری تۆڕی شەمس، باسی لە جۆرەکانی پێشێلکاری کرد و گوتی: "سێ جۆر پێشێلکاری هەن، جۆری سەوز زۆر کاریگەری لەسەر پڕۆسەکە نابێت و رێکاری ئیداریی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. پێشێلکاری جۆری زەرد، ئەو پێشێکارییانەن کە دەبێت رێگرییان لێبکرێت و رێکاری یاساییشیان بەرامبەر بگیرێتەبەر. جۆری سووریش، نهێنی پاراستنی دەنگ؛ ناچارکردنی دەنگدەر بە دەنگدان بە لایەنێک یانیش ئاشکراکردنی دەنگی دەنگدەر و ساختەکاری."
دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ رووداو
رووداو: پڕۆسەکە تاوەکو ئێستا چۆن بەڕێوەدەچێت؟
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس، "تائێستا هیچ حاڵەتێکی وا رووینەداوە کە وابکات پڕۆسەکە پەکی بکەوێت، کەمکردنەوەی ژمارەی دەنگدەران لە وێستگەکان وایکردووە پڕۆسەکە خێراتر بێت، چەند پێشێلکارییەک هەبووە لەوانە بوونی پۆستەر لە نزیک بنکەکانی دەنگدان و دابەشکردنی کارتی بانگەشەی حیزب و بەربژێرەکان، کە دەبێت هێزەئەمنییەکان ئەوانە دووربخەنەوە."
رووداو: چەند پێشێلکاریتان تۆمارکردووە؟
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس، "ئەوانەی دەچنە بازنەی پێشێلکاری، تائێستا 61 حاڵەتمان تۆمارکردووە، لە بردنە ژوورەوەی مۆبایل و هەوڵدان بۆ تۆماری دەنگ، کە لە ئەوانە لە دەرەوەی رێکارەکانی کۆمیسیۆنن، ئەو حاڵەتانەمان لە هەڵەبجە، سۆران و شەقڵاوە و شوێنی دیکەش هەبوون."
رووداو: سەرۆکی کۆمیسیۆن دەڵێت پێشێلکاریی رووینەداوە، ئێوە بە بەڵگە دەتوانن بیسەلمێنن؟
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس، "ئێمە ئەوانەمان بە بەڵگەی وێنە لەلایە و هاوئاهەنگیشمان لەگەڵ کۆمیسیۆن هەیە، ئەو قسانەی دەیکەم هەموویمان بۆ کۆمیسیۆن ناردووە، لە هەندێک شوێن کۆمیسیۆن دەستبەجێ هاتوون بۆ چارەسەری کێشەکان، راستە ئێمە مافی سکاڵامان نییە بەڵام ئەوەندەمان لەسەرە بیگەیەنینە کۆمیسیۆن."
رووداو: ئەو بەڵگانەی باست کرد، تەنیا بە کۆمیسیۆنی دەدەن یان بڵاویشی دەکەنەوە؟
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس، "ئەوەی کە دەیدەینە کۆمیسیۆن بڵاوی دەکەینەوە بە بەڵگەکانەوە."
رووداو: ئەو بەڵگەیە لەکوێیە و لەکوێ تۆمارکراوە؟
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس، "ئەو بەڵگانەی هەمانە لە پارێزگای سۆران تۆمارکراون."
رووداو: زۆربەی پێشێلکارییەکان لە هەڵەبجە و سۆران تۆمارکراون؟
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس، "نەخێر لە شوێنی دیکەش هەن، لە هەولێر، چەمچەماڵ و سلێمانی لەوانەش روویداوە، تەنانەت لە ئەو وێستگانەی لەدەرەوەی هەرێمن هەرچەندە لەوێ پێشێلکاری بەرچاو نییە، بەڵام تەنیا ئەوە هەیە کە دەنگدەران پێنج کەس پێکەوە دەچنە ژوورەوە ئەوەش نابێت، بەڵکو دەبێت یەک لەدوای یەک بڕۆن نەک پێکەوە، بەڵام هەڵەبجە چاوی زیاتر لەسەربوو، ئەوەش دەبێت بزانین پێشێلکاری هەر پێشێلکارییە، ئەگەر لەم دەنگدانەی تایبەت کۆمیسیۆن نەتوانێت پێشێلکارییەکان بنبڕ بکات و کۆنتڕۆڵیان نەکات، لە دەنگدانی گشتیی دۆخەکەی لەدەست دەردەچێت، ئینجا ئاشکرا کردنی دەنگ هێڵی سوورە و وادەکات سەرجەم دەنگی ئەو بنکەیە هەڵبوەشێندرێتەوە."
رووداو: دەکرێت جۆری پێشێلکارییەکانمان پێبڵێیت؟
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس، "ئێمە سێ جۆر لە پێشێلکاریمان هەیە، پێشێلکاری جۆری سەوز زۆر کاریگەری لەسەر پڕۆسەکە نابێت و رێکاری ئیداریی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بۆ نموونە دەنگدەرێک دێتە بنکەیەکی دەنگدان هەندێک کاری رێگەپێنەدراو دەکات بەرپرسی بنکە دەبێت رایبگرێت، یان نوێنەرێکی لایەنێکی سیاسی بیەوێت دەستتێوەردان بکات و رێگری لێدەکرێت. پێشێلکاری جۆری زەرد، ئەو پێشێکارییانەن کە دەبێت رێگرییان لێبکرێت و رێکاری یاساییشیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، بۆنموونە کەسانێک لە نزیک بنکەکان بانگەشە بکەن یان کارت دابەش بکەن. جۆری سووریش، نهێنی پاراستنی دەنگ؛ ناچارکردنی دەنگدەر بە دەنگدان بە لایەنێک یانیش ئاشکراکردنی دەنگی دەنگدەر و ساختەکاریی، هەروەها بۆ نموونە پڕوپاگەندە کردن لەنێو بنکەکان، کارمەندی پێشێلکار فەسڵ دەکرێت و دەدرێتە دادگاش، کارمەندێکیش بیەوێت ئامێرەکان لەکاربخات بۆئەوەی دەنگدان بوەستێت، ئەوەش سزای تووندی بەدواوەیە."
-Rudaw