2024 ساڵێکی پڕ لە هەڵبژاردن لە جیهاندا




2024 ساڵێکی پڕ لە هەڵبژاردنە لە جیهاندا، بەجۆرێک لەمساڵدا زیاتر لە دوو ملیار کەس، لە زیاتر لە 60 وڵاتدا، دەچنەسەر سندوقەکانی دەنگدان، بە مەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسیی وڵاتەکانیاندا.

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە سەرانسەری جیهان، وایکردووە ئەمساڵ بە ساڵی دیموکراسیی جیهانی ناوببرێت، بەتایبەت کە لە کۆی 10 وڵاتی خاوەن زۆرترین ژمارەی دانیشتوان، لە  هەشتیاندا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.

پاش هەڵبژاردنەکانی هیندستان، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و فەرەنسا، لە مانگی داهاتووشدا لە دڵی بڕیاردانی جیهان کە ئەمریکایە، هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.

ئەمە جگە لە هەڵبژاردنەکانی بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور، ئاسیا و باشووری ئەفریقاش.

بە گوێرەی راپۆرتێکی "ستاتیستا"، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی رابردوو، لەمساڵدا رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بەرزتربوون، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا، لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی 1994ـەوە، بەرزترین بەشداری لەمساڵدا بووە کە 51٪ بووە، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی زۆر لە هەڵبژاردنەکان بوونەتە هۆی گۆڕانکاریی سەرتاسەری لە سیستەمی سیاسیدا، لە ئەوروپا راستڕەوە توندڕەوەکان توانیان زۆرینەی پەرلەمانی ببەنەوە.

شرۆڤەکاران هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەگەڕێننەوە بۆ بوونی شەڕ و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان، شەڕی ئۆکرانیا لە ئەوروپا و شەڕەکانی ئیسرائیل لە فەڵەستین و لوبنان، ئەمە جگە لە قەیرانە ئابوورییەکان و دۆسیەی کۆچبەریی لە ئەوروپا، کە کاریگەریی بۆ سەر دەنگدەران هەبووە، هەموو ئەم هۆکارانەش وادەکەن هاوڵاتییان هەوڵی ئەنجامدانی گۆڕانکاری سیاسی لە ناو وڵاتەکانیاندا بدەن.

کوردستانیش بەدەر نییە لە گۆڕانکارییە جیهانییەکان، پاش 32 ساڵ لە بەرێوەچوونی 5 هەڵبژاردنی پەرلەمانی، چاوەڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا رێژەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانییان بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و ئەوەش گرنتییەکی گرنگە بۆ پرۆسەی دیموکراسی و ئەنجامدانی گۆڕانکاریی سیاسی لە وڵاتدا.

-Channel8



AM:10:22:20/10/2024




ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌