سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ وادەیەک بۆ راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دیارینەکراوە وپێشبینیش دەکات ئەنجامى بەرایى و کۆتایى هاوشێوەبن.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکەناڵ8ـی راگەیاند، وەکو کۆمیسیۆن هیچ وادەیەکیان بۆ راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمان کوردستان دیارینەکردووە، بەڵام سەرقاڵى ئامادەکاریین بۆ راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایى.
گوتیشى "بەگوێرەى ئەو ئەنجامانەى لەبەردەستماندان، ئەنجامى کۆتاییش، هاوشێوەى ئەنجامە بەراییەکانە کە رامانگەیاندووە و گۆڕانکارییەکى ئەوتۆ لە ژمارەى کورسییەکان روونادات".
رۆژى 20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەرێوەچوو، رۆژى دواتر ئەنجامى بەرایی راگەیەندرا، ژمارەیەک لە لیست و بەربژێرەکان رەخنەیان لە ئەنجامەکە هەبوو، هەریەکە لە رەوتى هەڵوێست، بەرەى گەل، کۆمەڵى دادگەریى ئەنجامى بەراییان رەتکردووەتەوە و جوڵانەوەى نەوەى نوێش رایگەیاند کە تانەى لە ئەنجامەکە داوە.
دواى راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایى، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بۆ سکاڵا تۆمارکردن ماوەى 72 کاتژمێر بەلایەنەکان دەدات.
بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکان، پارتى دیموکراتى کوردستان 39 کورسى، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، 23 کورسى، جوڵانەوەى نەوەى نوێ 15 کورسى، یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، 7 کورسى، بەربژێرى پێکهاتەکان 5 کورسى، رەوتى هەڵوێستى نیشتمانى 4 کورسى، کۆمەڵى دادگەرى 3 کورسى، بەرەى گەل 2 کورسى، بزووتنەوەى گۆڕان و هاوپەیمانیى هەرێمى کوردستان هەریەکەو کورسىییەکیان بەدەستهێناوە.
-Channel8