واشنتن پۆست: لە هەڵبژاردندا بێلایەن دەبین




ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، کە جیڤ بیزۆسی میلیاردێر خاوەندارێتی دەکات، بێلایەنبوونی خۆی لە کێبڕکێی نێوان ترەمپ و هاریس ڕاگەیاند.

بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت.

دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان و کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکانە و هەردوولا لە کێبڕکێیەکی توند دان و میدیای ئەمەریکا بەسەر لایەنگری و نەیارێتی هەردوو کاندید دابەش بووە.

ولیام لویس، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕۆژنامەکە، ڕایگەیاند، ئێمە گەڕاوینەتەوە سەر ڕەگوڕیشەی خۆمان و پشتیوانی و نەیارێتی هیچ کام لە ڕکابەرەکانی سەرۆکایەتی ناکەین.

لە چوار دەیەی ڕابردوودا، دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەکە پشتیوانی دیموکراتەکانیان دەکرد، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە بڕیاریان داوە بێلایەن بن.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، کە دروشمی ئەوەیە "دیموکراتی لە تاریکیدا دەمرێ" هێشتا لە ناو دەستەبژێری خوێنەرانی ئەمەریکا و کارەکتەرە گرنگەکاندا جێی متمانەیە و کاریگەری هەیە. هەرچەندە میدیای چاپکراو پاشەکشەی کردووە، بەڵام ئەو ڕۆژنامەیە کاریگەرییەکی ون نەکردووە.

پێش ئەوەی واشنتن پۆست ئەو بڕیارە بدات، ڕۆژنامەی "لۆس ئەنجلیس تایمز" بڕیاری دابوو، بێلایەنی خۆی بپارێزێت و نەچێتە نێو ململانێی بانگەشەی دیموکرات و کۆمارییەکان.

چوارشەممەی پێشوو، مارییل گارزا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلیس تایمز دەستی لەکار کێشایەوە، وتی: هۆکارەکەی ئەوەیە خاوەنی ڕۆژنامەکە نەیهێشتووە پشتیوانی خۆیان بۆ هاریس دەربڕن.

بە پێچەوانەی هەڵوێستی "واشنتن پۆست و لۆس ئەنجلیس تایمز"، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریس لە ئەیلولی ڕابردووەوە دەربڕیوە و پێی وایە "تەنیا بژاردەی نیشتمانی بۆ سەرۆکایەتی هاریسە".

هەروەها ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ی ڕۆبرت مەردۆخ، پشتیوانی بۆ دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان دەربڕیوە و پێی وایە ترەمپ "پاڵەوانی" سەرۆکایەتییە.

-Sbey



PM:12:58:27/10/2024




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌