ئێران… لە شەش مانگی ئەمساڵدا ٣٤ رۆژنامەنووس دەستگیر کراون




بەرپرسی ڕێکخراوی کامپینی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٤ ڕۆژنامەنووس دەستگیر کراون، دەشڵێت، حەوت ڕۆژنامەنووس بە هۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری کوشتنی ژینا ئەمینی زیندانیی کراون.

هادی قائمی، بەرپرسی ڕێکخراوی کامپینی مافی مرۆڤ لە ئێران سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان لە وڵاتەکەیان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

هادی قائمی ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٤ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی بواری میدیا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، حەوت ڕۆژنامەنووس لە دەستگیرکراوەکان بە هۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە کوشتنی ژینا ئەمینی زیندانیی کراون.

هادی قائمی وتیشی، بەرپرسانی ئێران بە مەبەستی سەرکوت و ترساندنی ڕۆژنامەنووسان هەوڵی بلۆککردنی هەژماری بانکی یان ناچالاککردنی سیمکارتەکانیان دەدەن.

بەپێی لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی کامپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ تا ئێستا زیاتر لە ٢٨١ کەیسی دادوەری دژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بواری میدیا تۆمار کراوە.

هاوکات لیندا توماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا باسی لە زۆربوونی توندووتیژی و هێرشەکانی ئەم دوواییانە دژی ڕۆژنامەنووسان لە سەرتاسەری جیهاندا کردووە و داوای کردووە ئەم هێرش و پێشێلکارییانە ڕابگیرێت.

-Rojnews



AM:10:33:04/11/2024




ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌