سەنتەری میترۆ: ئەو دوو کەسەی هێرشیانکردە سەر رۆژنامەنووسەکەی چەمچەماڵ دەستگیرکران




رێکخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، پاسەوانەکانی ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە کە لە چەمچەماڵ هێرشیان کردبووە سەر رۆژنامەنووسێک دەستگیرکراون، سەرنووسەری دەزگای میدیایی بواریش، کە رۆژنامەڤانەکەی چەمچەماڵ کاریان بۆ دەکات رایگەیاند: سبەی سکاڵا تۆمار دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە 04-11-2024 دەزگای میدیایی بوار بڵاویکردەوە، "بەرپرسێکی سەربازیی یەکێتی، وریا عەبدولخالق، رۆژنامەنووسی دیاری بواری بە سەختی بریندار کردووە."
 
بەپێی دەزگاکە، رۆژنامەڤانەکەیان هەواڵێکی لەسەر ئەو ئەفسەرە بڵاوکردووەتەوە "کە بووەتە هۆی رێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گوندی قەشقەی سەر بەناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ"، دواتر چەند پاسەوانێکی ئەو ئەفسەرە پەلاماریان داوە و بە سەختی برینداریان کردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2024، ئیبراهیم عەلی، سەرنووسەری دەزگای میدیایی بوار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەندروستیی وریا تاڕادەیەک جێگیرە... سبەی سكاڵای یاسایی تۆمار دەکەین".
 
سەرنووسەری دەزگای میدیایی بوار داوای کرد، "رێکاری یاسایی بەرامبەر خودی ئەفسەرەکە بگیرێتەبەر، چونکە پاسەوانەکان تەنیا جێبەجێکاری بڕیارەکەی بوون، بۆ ئەوەی توندوتیژی و هەڕەشە لەسەر رۆژنامەنووسان نەمێنێت بە ئازادی کاری خۆیان بکەن".
 
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمشەو لە لایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئاگادار کراینەوە، ئەو دوو پاسەوانەی ئەم کارەیان کردووە دەستگیرکراون".
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ سەرکۆنەی هێرشی سەر رۆژنامەنووسەکەی کرد و داوای کرد هێرشکردنە سەر رۆژنامەنووسان بوەستێندرێت.
 
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی پەلامارەکەی بۆ سەر رۆژنامەنووس وریا عەبدولخالق کردووە و رایگەیاندووە، "پەلاماردانی ئەو رۆژنامەنووسە بەتایبەت کە لە لایەن خەڵکانێکی چەکدار و ناسراو بووە پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ سەر کاری رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین و نووسین".

-Rudaw



AM:09:59:05/11/2024




ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌