فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی ژنانی تورکیا دەڵێ، لەماوەی 10 مانگی ئەم ساڵدا، 357 ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە لەلایەن فیدراسیۆنەکە لەبارەی تاوانەکانی کوشتنی ژنان لە تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لەماوەی نێوان یەکی کانوونی دووەم بۆ 31ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، 357 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.
مردنی 61 لەو ژنانە وەک گوماناوی تۆمارکراون، 198 ژن بە چەک و 77 ژن بە چەقۆ کوژراون. تێکڕای تەمەنی ئەو ژنە کوژراوانە بە 37 ساڵ تۆمار کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە؛ 168 لەو ژنانە هاوسەرگیریان کردووە، 96 کەسیان زگورت بوون، 26 کەسیان جیابوونەتەوە و 10 کەسیان هاوسەرگیریان لە رووی ئایینیەوە کردووە، هەروەها 55 کەسیان باری هاوسەرگیریان نەبووە.
ئەوەی لە راپۆرتەکەدا جێگەی سەرنجە، ژمارەیەکی بەرچاو لەو ژنانەی لە راپۆرتەکەدا باسکراون، لەناو خێزانەکانیاندا کوژراون. داتاکانی فیدراسیۆنەکە ئاشکرای کردووە کە 135 ژن بەم شێوەیە گیانیان لەدەستداوە.
لەو ژنانە 53 ـیان لە قۆناخی جیابوونەوەدابوون. 45 کەسیان لەلایەن پیاوێکەوە کوژراون کە ناسیونی و 41 کەسیان لەلایەن پیاوێکەوە کوژراوە کە پەیوەندیی خۆشەویستییان لەگەڵدا هەبووە.
-Rudaw