قائیمقامی قەزای سلێمانی، رایگەیاند هاوكاری دەزگاكانی راگەیاندن و هەمئاهەنگییان لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەتدا فاكتەری بەهێزن بۆ زاڵبوون بەسەر كەموكوڕییەكاندا.
قسەكانی ئاوات محمد قائیمقامی قەزای سلێمانی، لەمیانەی كۆبونەوەیدا بوو ئەمرۆ، 19ی تشرینی دووهەمی 2024، لەگەڵ تیمی سەنتەری میترۆ.
تیمی میترۆ بە گەرمی بەخێرهاتنی قائیمقامی سلێمانیان كرد، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوكارانە كرد كە قائیمقام و لیژنە هاوبەشەكانیان ئەنجامیدەدەن، هەروەها هەمئاهەنگییان لەگەڵ تیمەكانی راگەیاندن.
تیمی میترۆ پێزانینیان هەبوو بۆ ئەو كارانەی رۆژانە ئەنجامیدەدەن بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی گشتی چاودێریكردنی بازاڕ، هەروەها داوایان كرد كە دەزگاكانی راگەیاندن ئامادەبوونی زیاتریان هەبێت لەكاری رۆژانەی لیژنەكانیان.
قائیمقامی قەزای سلێمانی، سوپاسی پێشوازی و سەرنجەكانی سەنتەری میترۆی كرد، باسی لەوەكرد كە هاوكاری دەزگاكانی راگەیاندن و هەمئاهەنگییان لەگەڵ دامەزراوەكانی حكومەتدا فاكتەری بەهێزن بۆ زاڵبوون بەسەر كەموكوڕییەكاندا، ووتی، "لەكاتی دەستبەكاربوونمەوە دەرگام بۆ میدیاكان كراوە بووە".