قۆناغێکی نوێی سەرژمێریی دەستیپێکرد




ئەمڕۆ چوارشەممە قۆناغێکی دیکەی سەرژمێریی دەستی پێکرد و تیمەکان بە گەڕەک و کۆڵانەکاندا بڵاوەیان پێکرا و لەو زانیاری و داتایانە دڵنیا دەبنەوە کە لە قۆناغی یەکەمدا تۆمار کراون.

دوێنێ سێشەممە قۆناغی یەکەمی پڕۆسەکە تەواو بوو کە بریتیی بوو لە تۆمارکردنی داتا و زانیارییەکانی ھەر تاکێکی عێراقی و ئەمڕۆش لە قۆناغی دووەم جارێکی دیکە لە زانیارییە تۆمارکراوەکان دڵنیادەبنەوە.

پڕۆسەکە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، قۆناغی گەمارۆسازیی کە لە ١ی تشرینی یەکەم بە بەشداری ھەفت ھەزار و ٥٠٠ کارمەند بەڕێوەچوو تیاییدا ژمارەدانان بوو لەسەر باڵەخانە و خانووەکان، قۆناغی دووەم تۆمارکردنی داتا و زانیارییەکان بوو، ھەروەھا قۆناغی سێیەم بریتییە لە دڵنیابوونەوەی زانیارییەکان.

لە پڕۆسەکەدا جگە لە ھاووڵاتییان، ھەروەھا ھەموو ئەو شتانە تۆمار دەکرێن کە لەماڵەکاندا ھەن، ھەر بژمێرێکیش ١٢٠ خێزان تۆمار دەکات و ماوەی دوو ڕۆژیش بەردەوام دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم پشتگیریی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی راگەیاند لەگەڵ ئەوەشدا جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت پڕۆسەکە ھیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان ھەبێت.

​​​​​​​

لە ساڵی ١٩٢٧ بەدواوە بە گشتی ھەر ١٠ ساڵ جارێک سەرژمێری لە عێراق ئەنجامدراوە و دوایین سەرژمێریش لە ساڵی ١٩٩٧ بەبێ بەشداری ھەرێم، لە عێراق ئەنجام درا.


سەرچاوە/ سپێدە



AM:11:04:20/11/2024




ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌