دەیەمین خولی راهێنانی هاوبەشی رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێدەکات و ئەمجارە راهێنانەکە تایبەت دەبێت بە هەموو پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان.
لە ماوەی 12 مانگدا تۆڕی میدیایی رووداو بە هاوبەشی لەگەڵ سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA)، راهێنان بە زیاتر لە 300 ژن لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
لە 11 مانگی رابردوودا، 9 خولی راهێنان بەڕێوەچوو و زیاتر لە 200 خانم لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان راهێنانیان پێکرا.
ئامانجی راهێنانەکە درێژەدانە بە هەوڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ پاڵپشتیکردن و جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، کە لە ساڵی 2015ـەوە بووەتە پلان و ئامانجێکی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سەرکەوتنەکانی راهێنانەکە تاوەکو ئێستا بەجۆرێک دەنگدانەوەی هەبووە کە خەڵاتی نێودەوڵەتیی ستیڤی بەدەستهێناوە و هەروەها لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە سەرکەوتووترین پڕۆگرامی ساڵ لە ناوچەکە دەستنیشان کراوە.
کۆمپانیای گووگڵ، ئینتەرنیوز و رێکخراوی سید بەشداری لە راهێنانەکە دەکەن و وانەی تایبەت بە خۆیان دەبێت. هەروەها پاش تەواوبوونی راهێنانەکە بەشداربووانی بڕوانامەی بەشداریکردنیان پێدەبەخشرێت.
لە رۆژی 27-11-2024ەوە تاوەکو 30-11-2024 ناو تۆمارکردن دەکرێتەوە بۆ راهێنانێکی بەهێز بۆ ئافرەتان. ئەو کەسانەی خواستی بەشداریکردنیان هەیە و مەرجەکانی خوارەوە دەیانگرێتەوە، دەتوانن سیڤییەکانیان بە ئیمەیڵی دیاریکراو بنێرن.
ئەو کەسانەی هەڵدەبژێردرێن، هاتووچۆ، خواردن و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
مەرجەکان:
خوێندکاری قۆناخی کۆتایی یان دەرچووی تازەی زانکۆ بێت
شارەزایی کوردی و زمانێکی دیکەی هەبێت
خواستی راستەقینەی بۆ رۆژنامەگەری هەبێت
توانای پەیوەندیکردن و نووسینی هەبێت
زیادکردنی بەشداری و کاریگەربوونی ژنان لە بواری رۆژنامەگەری دا خواستێکی سەرەکی بێت
داواکاری و سیڤییەکانتان بنێرن بۆ ئەم ئیمەیڵە training@rudaw.net