روانگەی سووری: لە 2011ـەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس له‌ سوریا كوژراون






میترۆ، كه‌ناڵ 8
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، لە شەڕی 13 ساڵەی ناوخۆی سوریادا زیاتر لە 500 هەزار کەس کوژراون.

روانگەكە کە بارەگاکەی لە لەندەنە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ساڵی 2011ـەوە زیاتر لە 528 هەزار و 500 کەس کوژراون، لەو ژمارەیە زیاتر لە 64 هەزاریان لە گرتووخانەکاندا لە ژێر ئەشکەنجە و پشتگوێخستنی تەندروستی و خراپی دۆخی گرتووخانەکان گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەزاران کوژراو لەدوای کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد و ئاشکرابوونی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کرانەوەی دەرگای گرتووخانەکان ئاشکرابوون.

روانگەکە دەشڵێت، لە ساڵی 2024دا شەش هەزار و 700 کەس کوژراون کە نیوەی زیاتریان خەڵکی سڤیلن.

روانگەی سووری ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە چوار هەزار و 360 کەس گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی دوو هەزاریان خەڵکی سڤیلن.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەڕی ناوخۆی سووریادا جگە لە کوژرانی 500 هەزار کەس، هاوکات یەک لەسەر سێی خەڵکی سووریا ئاوارە بوون.


AM:01:34:02/01/2025




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌