وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کێشەی خێزانی لە ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵی 2023 زیادیان کردووە، بەڵام جیابوونەوە کەم بووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 4ی کانوونی دووەمی 2025، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ساڵی رابردوو 3 هەزار و 461 کێشەی خێزانی هێنراونەتە لامان، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 121 کێشەیان چارەسەرکران و 1340 کێشەش بە جیابوونەوە کۆتایی هات.
بە وتەی وتەبێژی یەکێتیی زانایانی هەرێمی کوردستان، کێشە خێزانییەکان بەراورد بە ساڵی 2023 زیادیان کردووە، بەڵام جیابوونەوە کەمتر بووەتەوە، چونکە ساڵی 2023 ژمارەی کێشە خێزانییەکان دوو هەزار و 828 کێشە بوون، جیابوونەوەش هەزار و 391.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی دەشڵێت: هەر پار، لەلایەن لیژنەی فەتواوە 14 فەتوا دەرکرا، 5 هەزار و 921 پرسیاری هاونیشتمانیانیشمان وەڵام دایەوە، لەو ژمارە پرسیارەش هەزار و 78یان پرسیار بوون لەبارەی کێشەی میرات و زەویوزار؛ هەزار و 168 پرسیاری کێشەی مامەڵەی بازرگانی و کڕین و فرۆشتن و 522 پرسیاریش لەبارەی پڕۆسەی ئاشتەوایی بوون.
سەرچاوە/ پۆڵیتک پرێس