بارودۆخی ژنانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا



لە ٢٠٢٤ـیشدا هێرش و توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنانی جیهان درێژەی هەبوو، بە جۆڕێک کە لە هەر ١٠ خولەکێکدا ژنێک کوژرا، سەرەڕای ئاستەنگییەکانی بەردەمیان لە بوارە جیاوازەکاندا دەسکەوتی گرنگیان بەدەستهێناوە.

لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا ژنان لە سەرانسەری جیهاندا ڕووبەڕووی گۆرانکاریی و پێشهاتەکان بوونەوە، بە هۆی خەبات و تێکۆشانەکانیان چەندین دەسکەوتی گرنگیان بەدەستهێنا.

ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا ژنان و کچان ڕووبەڕووی ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانە دەبنەوە کە ڕوودەدەن، بەڵام سەرەڕای ئەو پێشهات و ئاستەنگییانەی دێتە بەردەمیان بەڵام کاریگەرییان لەسەریان درووست نەکردووە و هەمیشە لە هەوڵی بە دیهێنانی ئامانجەکانیان بەردەوامن، لە ئەمساڵیشدا چەندین دەستکەوتی گرنگیان بەدەستهێناوە.

توندوتیژییەکان دژی ژنان لە ٢٠٢٤ـدا بەردەوام بوو

لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا لە سەرانسەری جیهاندا ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە، بە پێی ڕێکخراوی ژنانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە جیهاندا لە هەر ١٠ خولەکێکدا ژنێک کوژراوە، هەروەها توندوتیژییەکان تەنها لە چوارچێوەی ماڵەوە سنووردار نییە چونکە ژنان لە دەرەوەی ماڵەوەش سەلامەت نین، جگە لەوەش ١/١٠ـی ژنانی جیهان لە خوار هێڵی هەژاریدا دەژین.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا بە پێی خەمڵاندنی ڕێکخراوی منداڵپارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیسێف)، زیاتر لە ٣٧٠ ملیۆن کچ پێش تەمەنی ١٨ ساڵی تووشی دەستدرێژی سێکسی یان گێچەڵ و ئازاری سێکسی بوونەتەوە، هەروەها لە ٣٦٪ـی ژنانی گەنج لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە هاوسەرگیرییان کردووە.

لە جیهاندا چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان هەمیشە بەر هێرش و پەلاماردان دەکەون و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و تیرۆر دەکرێن، هەر بۆیە لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە شاری گرازی نەمسا لە لێندپلاز تا هاوتپلازەوە لە دژی کۆمەڵکوژیی ژنان ڕێکخراوە فێمینیستییەکان لەپێناو چەسپاندنی مافەکانی ژنان ڕێپێوانیان ئەنجامدا و جەختیان لە گرنگی تێکۆشان کردەوە.

هەرچەندە کوشتنی ژنان لە جیهاندا درێژەی هەیە و تەنها پەیوەست نییە بە وڵاتێک و لە هەموو گۆشەیەکی زەوییدا ژنان دەبنە قوربانی، لەو چوارچێوەیەشدا لە مانگی ئابدا پاش دۆزینەوەی تەرمی ژنێک لە کینیا، گومانلێکراوێک دەستگیرکراو دانی نا بە  کوشتنی ٤٢ ژن، کە پاش ئەنجامدانی تاوانەکە پارچەپارچەی کردوون و فڕێیداونەتە چاڵێکی زبڵدانەوە.

لە لایەکی دیکەوە لە ناوچەی بریجیتنۆ لە ڤییەنا پایتەختی نەمسا لە شوێنێکی گشتییدا سێ ژن کوژران و بکوژەکە دەستگیر کرا، هەروەها لە ڕووداوێکی گوماناوییدا ژنێکی تەمەن ٥١ ساڵ و کچە تەمەن ١٣ ساڵانەکەی بە کوژراوی دۆزرانەوە.

هاوکات لە ڕووسیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پێنج هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمار کراوە، کە ٢٤٥ حاڵەت پەیوەندی بە کوشتنی ژنانەوە بووە.

هەر لە ٢٠٢٤ـدا ژنانی جیهان لە خەبات و تێکۆشەکانیان بە فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادیی” بەردەوام بوون و دژی دەسەڵات و یاساکان وەستانەوە کە مەبەستیان بوو مافەکانی ژنان زەوت بکەن، هەر لەو بارەیەوە پەرلەمانی کۆماری گامبیا کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەفریقا هەموواری یاسای ژنان (٢٠١٥)ـیان ڕەتکردەوە، چونکە لە هەمووارە ئامادەکراوەکەدا قەدەغەکردنی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە لابرابوو، لە ئەنجامدا پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ لە بەرژەوەندی ژنان هەمووارەکەی ڕەتکردەوە.

هەروەها ٣٠٠ هەزار ژن  و منداڵ، کە لە ناوخۆی وڵاتەکاندا ئاوارەبوون لە دۆخێكی ناهەموواردان و جیا لەوەی دەستیان نەدەگەشت بە پێداویستییە تەندرووستییەکان و ئاسایشیان نەپارێزرابوو، بەردەوام هەڕەشەی توندوتیژیی و دەستدێژیی کردنیان لەسەربوو.

ژنان لە جیهاندا توانیویانە بە کاردانەوەکانیان لەسەر توندوتیژییەکان کە بەرانبەر ژنان ئەنجام دەدرێت کاریگەری لەسەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نەتەوەیەکگرتووەکان بە مەبەستی داواکردنی پاراستن و زامنکردنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان و منداڵان بەتایبەت درووست بکەن، هەر بۆیە لەو چوارچێوەیەشدا، لە ٢٣ـی نیساندا، وەک بەشێک لە پاکێجی ئاسایشی نیشتمانیی لەلایەن ئەنجوومەنی پیران لەناو کۆنگرێسی ئەمریکا "یاسای ژینا ئەمینی” پەسەند کرا و ڕەوانەی کۆشکی سپی کرا بۆ ئەوەی لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە واژۆ بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها لە مانگی ئەیلوولدا، لەناو بەرنامەی گفتوگۆی ARD، ئامادەبووانی ناو ستۆدیۆ بە بەرزکردنەوەی وێنەی هەردوو شەهیدی ڕۆژنامەنووس و بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادیی”، تیرۆرکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووسی ئازاد (گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین)ـیان شەرمەزار کرد.

دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی ژنان لە جیهاندا

ژنانی جیهان هەمیشە لە تۆمار کردنی سەرکەوتنەکانیان بەردەوامبوون و لە ٢٠٢٤ـیشدا چەند سەرکەوتنێکی گرنگیان لە بوارە جیاوازەکاندا بەدەستهینا لەوانە، یادیرا ڕامۆس هێربێرت وەک یەکەم ژنی ڕەشپێست پێگەی سەرۆکی شارەوانی شاری نیو ڕۆشێڵی دیاریکرا، کلۆدیا شەینبام بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری ژن لە مەکسیک.

ژنان لە حکومەت و پەرلەمانی نوێی بەریتانیا ڕێژەیەکی پێوانەییان تۆمار کرد، بەشێوەیەک ١١ پۆستی باڵای کابینەی نوێی حکومەت و لانیکەم ٢٤٢ کورسی پەرلەمانیان بەدەست هێنا، هەروەها لە پەرلەمانی بەریتانیا، بۆ یەکەم جارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ژنان بتوانن ٢٤٢ کورسیی بەدەست بهێنن.

فێریاڵ کلارک، ژنە کاندیدیکی کورد کە خەڵکی مەلاتێی باکووری کوردستانە، لە پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا بوو بە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا، هەروەها ئانگێلا ڕاینەری وەکو جێگری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەستنیشان کرا.

ئۆرسۆلا ڤان دێرڵاین بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا بۆ پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێردرایەوە.

دوای چارەکە سەدەیەک لە پەرلەمانی وێڵز، ئیلینوید مۆرگان وەک یەکەمین ژن پۆستی سەرۆکی حکومەتی وێڵزی پێدرا و دوای ١٤٠ ڕۆژ لە وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەهۆی کێشەی سیاسییەوە دەستی لە کار کێشایەوە.

پایتۆنگتارن شیناواترای تەمەن ٣٧ ساڵ كە ژنە سیاسەتمەدار و بازرگانێكی تایلەندییە، لە لایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە بە سەرۆك وەزیرانی نوێی وڵات هەڵبژێردرا

سوزى وایڵز تەمەنى ٦٧ ساڵ وەک سەرۆکی کاروبارەکانی کۆشکی سپی دیاریکرا، تولسی گابارد بۆ بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتیمانیی ئەمریکا دەستنیشان کرا، کارۆلین لیڤیت-ی تەمەن ٢٧ ساڵ وەک وتەبێژی کۆشکی سپی دەستنیشان کرا.

مەرال نەسیری، ئەکتەری ئێرانی دانیشتووی وڵاتی سوید، کە باشترین ڕۆڵی سەرەکی مێینەی لە فێستیڤاڵی فیلمی "گۆڵدباگن”ـی سویدی بەدەست هێنا، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا بە نووسینی ناوی ٧١ ژنی زیندانیکراوی ئێران لەسەر جەستەی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد.

لە وڵاتی سیرالیۆن، یاسایەکی تایبەت بە قەدەغەکردنی هاوسەرگیری پێکردنی منداڵان پەسەند کرا، دیارییش کرا هەر هاوسەرگیرییەک لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە ئەنجام بدرێت دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوە.



سەرچاوە/ ڕۆژنیوز



AM:11:27:06/01/2025




ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌