رۆژنامەڤان سلێمان ئەحمەد لە زیندان ئازادکرا



ئەمڕۆ دووشەممە، سلێمان ئەحمەد، رۆژنامەڤانی دەزگای میدیایی رۆژ نیوز لە زیندان ئازادکرا.
 
سلێمان ئەحمەد لە رۆژی 25-10-2023 لە دەروازەی فیشخابوور لە لایەن ئاسایشی دهۆکەوە دەستگیرکرابوو.
 
بەشدار حوسێن، پارێزەری رۆژنامەڤان سلێمان ئەحمەد بە رووداوی راگەیاند، "سلێمان ئەحمەد بەپێی مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2023ی پەرلەمان سزای زیندانی بۆ دەرچووبوو، پاش ئەوەی تانەمان لە بڕیارەکە دا، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانەوە ئیفراج کرا".
 
پارێزەر بەشدار حوسێن دەڵێت، سلێمان ئەحمەد داوای کردووە راستەوخۆ بگەڕێتەوە رۆژئاوای کوردستان و یەکەم کەس دایکی ببینێت، "هەر بۆیە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بردمانە سەر سنوور و لەوێوە چووەوە رۆژئاوای کوردستان".
 
شەوی دووشەممە، 30-10-2023، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک، روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستگیرکردنی کەسێکەوە بڵاوکردەوە کە وێبسایتی "رۆژ نیوز"ی نزیک لە پەکەکە وەکو هەواڵساز کاری کردووە. 
  
ئاسایشی دهۆک رایگەیاند، "هێزەکانی ئاسایش کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی (سلێمان ئەحمەد) دەستگیرکرد کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتووچۆی کردووە، بۆیە راگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
 
لای خۆیەوە، هەمان شەو، رۆژنیوز راگەیێندراوەکەی ئاسایشی دهۆکی رەتکردەوە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی رۆژنامەڤانەکەی کرد.
 
ئەوکاتە رۆژ نیوز رایگەیاند، پاش سەردانیکردنی کەسوکارەکەی لە رۆژئاوای کوردستان لە شاری حەلەب، کە خەڵکی ناوچەی جندرێسن لە عەفرین و پاش داگیرکردنی شارەکەیان ئاوارە بوون، سلێمان ئەحمەد لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیرکراوە.
   
رۆژنیوز خۆی وەکو ئاژانسێکی هەواڵی دەناسێنێت کە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکی وەشان دەکات لە ساڵی 2014 دامەزراوە و هەواڵ و چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاودەکاتەوە.



سەرچاوە/ ڕووداو



PM:04:53:20/01/2025




ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌