تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا لە پارێزگاری دهۆک دەکات، گیانی چالاکوان و گۆرانیبێژ ژینێ ئەتروشی بپارێزێت و ئەو هەڕەشانەی لێیکراوە بە جدی وەربگرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی کانونی دووهەم ، ژینێ ئەتروشی بە تۆڕی 19 ڕاگەیاند :لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، پاش دەربڕینی بیروبۆچوونم لە دیدارێکی رۆژنامەگەری بە کۆمێنت و نامە دەیان جۆر هەڕەشەم لێکراوە،ووتی "سەرباری ئەمەش لەم ڕۆژانەدا لە بۆنەیەک بووم چەند گەنجێک بە ڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لێکردم یەکێک لە گەنجەکان وتی ئەمە ئەبێ بەدەستی خۆم بکوژرێت" جەختیکردەوە " هەروەها چەند مامۆستایەکی ئاینی لە بڵندگۆی مزگەوتەوە ناویان زڕاندوم" .
تۆڕی نۆزدە لە کاتێکدا بەتوندی ئیدانەی ئەو هەڕەشانە دەکات داوا لە پارێزگاری دهۆک دەکات گیانی هونەرمەند ژینێ ئەتروشی بپارێزێت وە ئەو هەڕەشانەی کە لێی دەکرێت بەجدی کاریان لەسەر بکات بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە هەڕەشەو تۆقاندن.
ژینی ئەتروشی لەدایكبووی شاری دهۆکە لە نەرویج گەورە بووە، چەند ساڵێکە دەستی بە کاری هونەری کردووە و خاوەنی چەند گۆرانییەکە.
لەماوەی ڕابردودا لەچاوپێکەوتنێک لە دەزگای میدیای ڕوداو باسی لەمافی ئاژەڵان کرد لە وڵاتانی ئەوروپا، پاش ئەوە ڕوبەڕوی چەندین هەڕەشەو سوکایەتی بوەوە.
تۆڕی هاوپەیمانی19 لە نیسانی ساڵی 2024 دامەزراوە، پێك دێت لە كۆمەڵێك داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوەكانی میدیا، لە هەرێمی كوردستان، هەروەها كاردەكات، بۆ چاودێری و بەرەوپێشبردن و پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین، ناوی تۆڕەكە لە بەندی 19 لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرڤەوە وەریگیراوە