میترۆ پێشوازی لە سەردار قادر كرد



ئەمڕۆ یەكشەمە 2ی شوباتی 2025، تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازییان كرد لە چالاكوانی سیاسی و پارێزگاری پێشوتری سلێمانی بە وەكالەت، سەردار قادر.

رێكخەری میترۆ بەگەرمی بەخێرهاتنی سەردار قادری كرد و سوپاسی هەوڵەكانی كرد بۆ پشتیوانی لە میدیای ئازاد و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، هەروەها كورتەیەكی لە رۆڵی كاك سەردار باسكرد لەناو بزوتنەوەی سیاسی رێكخراوەیی سەردەمی دیكاتۆریەت و ئەو رۆڵەیش كە لەپاش راپەڕین پێی هەستاوە.

سەردار قادر دەستخۆشی لە سەنتەری میترۆ كرد لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە گرنگی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆڵی لە بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی پێشكەوتوودا. هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ دامەزراندنی تۆڕی هاوپەیمانی 19 بۆ چاودێری ئازادی رادەربڕین وەك مافێكی سەرەتایی بۆ هەموو تاكێك.

لەو دیدارەدا گفتوگۆیەكی گەرم لە بارەی میدیا و رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی كرا و هەموو ئامادەبووان رای خۆیان خستەڕوو.
لەو دیدارەدا جەختكرایەوە لە فراوانكردنی فەزای ئازاد و كراوە بۆ ئەوەی هەمووان بیروڕای خۆیان دەرببڕن بەبێ هیچ سنوورداركردنێك بۆ ئەم مافە لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لەوی دی جیاواز.

هەمووان هاوڕابووین لەوەی پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان تا رادەیەكی زۆر، پارەیان خستۆتە ناو میدیا و دامەزراوەی جۆراوجۆر و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بە ئامانجی كۆنترۆڵكردن و كەمكردنەوەی كاریگەرییان و شێواندنی ئامانجی راستەقینەیان. 
جەختكرایەوە لە گرنگی پشتیوانیكردنی رێكخراوی ئازاد و میدیای سەربەخۆ، ئاشكراكردنی هەوڵی حوكمڕانان و دامەزراوەكانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگا لە رێی میدیا ی سێبەر و رێكخراوی كۆتوبەندكراو بە ئایدیای حزبەكانیان.



PM:10:53:02/02/2025




ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌