لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان: کوشتنی رۆژنامەڤانان بە خێرایی زیاد دەکات



لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان رایگەیاند، ئەم ساڵ کوشتنی رۆژنامەڤانان لە جیهاندا بە خێرایی زیاد دەکات. دەشڵێت، داوا لە بەرپرسانی کوردستانی عێراق دەکەن مامەڵەیەکی باشتر لەگەڵ رۆژنامەڤانان بکەن. سەبارەت بە سووریاش داوا لە بەرپرسانی نوێی وڵاتەکە دەکەن، رێگە بە کارکردنی ئازادانەی رۆژنامەڤانان بدەن.
 
لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان کە بارەگاکەی لە نیویۆرکی ئەمریکایە، سەبارەت بە دۆخی رۆژنامەڤانان لە سووریا بە رووداوی راگەیاند، "دەستمان بە کۆکردنەوەی ئامارەکان کردووە کە زیاتر لە دەیەیەکە بەردەوامە، پار زۆرترین رۆژنامەڤان کوژران کە ژمارەیان 124 رۆژنامەڤان و کارمەندی میدیایی بووە، نزیکەی دوو لەسەر سێیان فەڵەستینی بوون و لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران."
 
سەبارەت بە ساڵی 2025یش ئەو لیژنەیە بە رووداوی گوت، "کوشتنی رۆژنامەڤانان بە خێرایی زیاد دەکات. تەنیا لە پێنج هەفتەی سەرەتای ئەم ساڵدا لانیکەم 6 رۆژنامەڤان و کارمەندی میدیایی کوژراون."
 
لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان ئاماژەی بەوەش کرد، "ساڵی 2024، چین زۆرترین رۆژنامەڤانی زیندانی کردووە، ساڵانە وڵاتەکە لە سەرووی لیستی ئەو وڵاتانەوە دێت کە زۆرترین رۆژنامەڤان زیندانی دەکەن."
 
لیژنەکە سەبارەت بە دۆخی رۆژنامەڤانان لە سووریا دەڵێت، "ساڵی 2024 چوار رۆژنامەڤان و کارمەندی میدیایی لە سووریا کوژران. سووریا یەکێک بووە لە مەترسیدارترین ناوچەکانی جیهان بۆ رۆژنامەڤانان، کە لە ساڵانی 2011 بۆ 2024دا 144 رۆژنامەڤان لەو وڵاتەدا کوژراون. بۆ چەند ساڵێکی زۆر، ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەڤان لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدەوە بە ئامانج گیراون و کوژراون، بەبێ ئەوەی لێپرسینەوە لە بکوژەکان بکرێت، رێگەیان بە بکوژان دەدا بە ئازادی بگەڕێن."
 
سەبارەت بە حکومەتی نوێی ئەو وڵاتەش لیژنەکە دەڵێت، "هێشتا روون نییە حکومەتی نوێی سووریا چۆن لەو داوای لێپرسینەوانە دەڕوانێت کە ئاڕاستەی کراون. لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان داوا لە سەرکردە نوێیەکانی سووریا دەکات، رێگە بە رۆژنامەڤان و کارمەندانی میدیایی بدات بە سەلامەتی دەستیان بە زانیارییەکان و ناوچەکان بگات بۆ رووماڵکردنی رووداوەکان، بەبێ ئەوەی رووبەڕووی رێگری یان لێپرسینەوە لەبارەی کارەکانیان ببنەوە."
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، لیژنەکە بە رووداوی راگەیاند، داوا لە "بەرپرسانی کوردستان" دەکەن لەکاتی خۆپێشاندانەکاندا مامەڵەیەکی باشتر لەگەڵ رۆژنامەڤانان بکەن.
 
لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان، رێکخراوێکی ئەمریکییە و کار بۆ پاراستنی رۆژنامەڤانان لە جیهان دەکات. لیژنەکە ساڵی 1981 دامەزراوە و بارەگاکەی لە نیویۆرکی ئەمریکایە.
 
دەقی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداو و وەڵامەکانی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان:
 
رووداو: دۆخی رۆژنامەڤانی لە سووریا چۆن دەبینن؟ ئەگەر بەراوردی بکەین بە سەردەمی ئەسەد، چۆن لە دۆخەکە دەڕوانن؟
 
لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان: ساڵی 2024 چوار رۆژنامەڤان و کارمەندی میدیایی لە سووریا کوژران. سووریا یەکێک بووە لە مەترسیدارترین ناوچەکانی جیهان بۆ رۆژنامەڤانان کە لە ساڵانی 2011 بۆ 2024دا 144 رۆژنامەڤان لەو وڵاتەدا کوژران. بۆ چەند ساڵێکی زۆر، ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەڤان لەلایەن رژێمی سەرۆک بەشار ئەسەدەوە بە ئامانجگیراون و کوژراون بەبێ ئەوەی لێپرسینەوە لە بکوژەکان بکرێت، رێگەیان بە بکوژان دەدا بە ئازادی بگەڕێن. هێشتا روون نییە کە حکومەتی نوێی سووریا چۆن لەو داوای لێپرسینەوانە دەڕوانێت کە ئاڕاستەی کراون. لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان داوا لە سەرکردە نوێیەکانی سووریا دەکات رێگە بە رۆژنامەڤان و کارمەندانی میدیایی بدەت بە سەلامەتی دەستیان بە زانیارییەکان و ناوچەکان بگات بۆ رووماڵکردنی رووداوەکان بەبێ ئەوەی رووبەڕووی رێگری یان لێپرسینەوە لەبارەی کارەکانیان ببنەوە.
 
رووداو: دۆخی رۆژنامەڤانی لە عێراق و کوردستان (هەرێمی کوردستانی عێراق) چۆن دەبینن؟
 
لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان: نوێترین راپۆرتمان هۆشداری لەبارەی پەلاماردانی 12 میدیا و میدیاکار دەدات کە رۆژی 9ی شوبات رووماڵی خۆپێشاندانەکانی مامۆستایان و کارمەندانی دیکەی حکومەتیان دەکرد بەهۆی نەدانی مووچەکانیان. لەو پەلامارەدا 22 رۆژنامەڤان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیانکرایە سەر، دوویان دەستگیرکران و دەستیش بەسەر بارەگای تەلەڤزیۆنێکدا گیرا. لەوبارەیەوە کارلۆس مارینێز دێ لا سیرنا، بەڕێوبەری پڕۆگرامی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان دەڵێت، "رەفتاری تووندوتیژی هێزە ئەمنیەکانی هەولێر دژی رۆژنامەڤانان کە سەرقاڵی گواستنەوەی خۆپێشاندانەکان بوون مایەی نیگەرانیی قووڵە. داوا لە بەرپرسانی کوردستانی عێراق دەکەین لەکاتی خۆپێشاندانەکاندا رۆژنامەڤانان بەئامانج نەگرن کە کێشەیەکە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.
 
رووداو: دۆخی رۆژنامەڤانی لە ساڵی 2024دا لە جیهان چۆن بوو؟ چەند رۆژنامەڤان کوژران، زیندانیکران و بێسەروشوێن بوون؟ پێشبینیتان چییە بۆ ساڵی 2025؟
 
لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان: پار زۆرترین رۆژنامەڤان لە ساڵێکدا کوژران؛ لەو کاتەوە لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان دەستی بە کۆکردنەوەی ئامارەکان کردووە کە زیاتر لە دەیەیەکە بەردەوامە. پار 124 رۆژنامەڤان و کارمەندی میدیایی کوژران، نزیکەی دوو لەسەر سێیان فەڵەستینی بوون و لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران. سەبارەت بە زیندانیکردن، ساڵی 2024 زیندانیکردنی رۆژنامەڤانان ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد. زۆرینەیان لە چین، ئیسرائیل و میانمار زیندانیکران، دوای ئەوانیش بێلارووس و رووسیا بوون. ساڵی 2025، کوشتنی رۆژنامەڤانان بە خێرایی زیاد دەکات کە تەنیا لە پێنج هەفتەی سەرەتای ئەمساڵدا لانیکەم شەش رۆژنامەڤان و کارمەندی میدیایی کوژراون.
 
رووداو: لە کام وڵات زۆرترین پێشێلکاریتان دژی رۆژنامەڤانان تۆمار کردووە؟
 
لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان: لە ساڵی 2024دا 124 رۆژنامەڤان کوژران کە 70٪یان لەلایەن ئیسرائیلەوە بوون. بەراورد بە ساڵی 2023 کوشتنی رۆژنامەڤانان 22٪ زیادبووە، زۆربەی بەرزبوونەوەکە بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و غەززەوە بوو کە تێیدا 85 رۆژنامەڤان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژران. ساڵی 2024، چین زۆرترین رۆژنامەڤانی زیندانیکرد و ساڵانە وڵاتەکە لە سەرووی لیستی ئەو وڵاتانەوە دێت کە زۆرترین رۆژنامەڤان زیندانی دەکەن.




سەرچاوە/ڕووداو



AM:10:37:26/02/2025




ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌