توێژەرێکی هیومان رایتس: لە سووریا شەڕ و پێشێلکاری هەیە و میدیای رۆژئاوا کەمتر باسی دەکەن



توێژەرێکی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەکات، رێکخراوەکەیان چاودێریی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات و هیواداریشن، ئەم پرۆسەیە گشتگیر و هەمەلایەن بێت بۆ ئەوەی سەقامگیری لە داهاتووی تورکیا دروست بکات. 
 
سارا سانبەر، توێژەری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو، جەختدەکاتەوە لەوەی ئەوان دوودڵن لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و ترسیان هەیە رێژەی بەشوودانی منداڵان زیاد بکات. 
 
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەو توێژەرە پێیوایە "پیسبوونی هەوای هەولێر، یەکێکە لە کێشە گەورەکان."  
 
سارا سانبەر ئاماژە بەوە دەکات، میدیاکانی رۆژئاوا کەمتر باسی دۆخی ئێستای سووریا دەکەن، بەڵام ئەوان بە وردی چاودێریی ئەو دۆخە دەکەن کە هێشتا شەڕ بەردەوامە و پێشێلکارییەکان لەلایەن هێزەکانی نزیکی تورکیا بەردەوامن. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سارا سانبەر، توێژەری هیومان رایتس وۆچ لە عێراق:
 
رووداو: رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، چۆن چاودێریی پرۆسەی پێڤاژۆی ئاشتی لە تورکیا دەکات، بەتایبەتی هەنگاوی چەکدانان لەلایەن پەکەکەوە، بۆ ئەوەی مافی مرۆڤی تێدا پارێزراو بێت؟
 
سارا سانبەر: 27-2-2025 رۆژێکی مێژوویی بوو بۆ تورکیا، بۆ پەکەکە و ناوچەکە. ئێمە لە رابردوو و ئێستاش دا وەک بەشێک لە ئەرکمان، چاودێریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، لە هەر شوێنێک رووبدەن و هەر کەسێک بیانکات. هیوامان وایە پرۆسەی ئاشتی ببێتە هۆی ئاشتییەکی درێژخایەن و بەردەوام. دەمانەوێت دیالۆگەکە هەمەلایەنە بێت و رێز لە مافی هەموو لایەک بگیرێت، چ تورک بن، چ کورد، یان هەر کەسێکی دیکە و، بە شێوەیەکی سەرەکی ببێتە هۆی سەقامگیریی درێژخایەن لە ساڵانی داهاتوودا.
 
رووداو: ستانداردی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەم دۆخەدا چۆنە؟ لە دۆخێکی با بڵێین شەڕەوە بۆ ئاشتی.
 
سارا سانبەر: یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ کە هەمیشە جێبەجێ دەکرێت دوو جۆرە؛ یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، یان یاسای شەڕ، کە تایبەتە بە کاتی شەڕ و لەو کاتەدا جێبەجێ دەکرێت. ئێمە چاودێریی هەردوو جۆری پێشێلکارییەکان دەکەین. بەداخەوە، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بینیومانە هەموو لایەنەکانی شەڕ پێشێلکاریی گەورەیان کردووە و ئێمەش بەردەوامین لە داواکردنی رێزگرتنی زیاتر لەم یاسایانە.
 
رووداو: رێسا و رێنوێنیی هیومان رایتس وۆچ بۆ ئەم دۆخە چییە؟ بۆ شێوازی ئاڵوگۆڕکردنی، با بڵێین، دۆخی شەڕ بۆ دۆخی ئاشتی، دەبێت لەژێر چ رێنوێنییەکدا ئەوە بکرێت؟ ئێوە چ پێوەرێکتان بۆ پێوانەکردنی مافی مرۆڤ لەم دۆخە راگوێزەرەدا هەیە؟
 
سارا سانبەر: ئێمە بەپێی ئەوە کاردەکەین کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە. کاتێک دۆخەکە لە شەڕەوە دەگۆڕێت بۆ قۆناخی گواستنەوە، پاشان هیوادارین بۆ قۆناخی ئاشتی، یاسا جێبەجێکراوەکانیش دەگۆڕێن. بۆ نموونە، بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ، هەرکەسێک مافی ژیانی هەیە. واتە مافی ئەوەی هەیە نەکوژرێت. لە کاتی شەڕدا، بەداخەوە کوشتن دەبێتە بەشێکی شەڕ. لەگەڵ ئەوەی کوشتنی هاووڵاتییان بە ئەنقەست نایاساییە، بەڵام هەندێک جار دەکەونە نێو شەڕەکەوە و دەکوژرێن، لە ئەنجامی ئامانجگرتنی سەربازگە و سەربازان.
 
کەواتە ئێمە چاودێریی ئەم گواستنەوەیە دەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی مافە گرنگەکان وەک مافی ژیان، مافی ئازادبوون لە دەستگیرکردنی خۆڕسک و، مافەکانی دیکە وەک نیشتەجێبوون، چاودێریی تەندروستی و پەروەردە، لەم قۆناخەدا رێزیان لێ بگیردرێت و پەرەیان پێ بدرێت. هەروەها قۆناخی گواستنەوە کاتێکی گرنگە بۆ دانانی بناخەی ئاشتی. شکست لە چارەسەرکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕ لە سەرەتاوە، لەگەڵ ئەو کێشانەی لە شەڕەکەوە سەریان هەڵداوە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا واتە شەڕ دووبارە هەڵدەگیرسێتەوە. کەواتە دەمانەوێت ببینین تورکیا، سووریا و هەموو دەسەڵاتەکان ئامادەن ئاشتەوایی بکەن و مامەڵە لەگەڵ هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕ بکەن و بەشێوەیەک چارەسەریان بکەن کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت.
 
رووداو: باشە، ئێوە، وابزانم ئێستا ناتوانن لە تورکیا راستەوخۆ چاودێریی ورد بکەن، دەبێت لە دەرەوەی تورکیاوە چاودێریی تورکیا بکەن، وا نییە؟ چۆن چاودێریی زیندانەکانی تورکیا دەکەن لە رووی مافی مرۆڤەوە؟
 
سارا سانبەر: خۆی ئەوە هاوکارەکانم کار لەسەر تورکیا دەکەن. بۆیە نامەوێت لە جیاتی ئەوان قسە بکەم، چونکە ئەوان بەرپرسن لەم بابەتە. سەرنجی سەرەکیی من لەسەر عێراقە و لە چەند مانگی رابردوودا یارمەتیم داوە لە رووماڵکردنی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. کەواتە نامەوێت...
 
رووداو: بەڵام بێگومان رێکخراوەکەتان راپۆرتی هەیە، وانییە؟ یانی راپۆرتی رۆژانە، هەفتانە، مانگانە و ساڵانەیشی بۆ دێت، راپۆرتەکان چی دەڵێن؟ 
 
سارا سانبەر: ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. داوای لێبووردن دەکەم.
 
رووداو: راپۆرتەکانی ئێوە لەبارەی دۆخی زیندانییەکان لە رووی مافی مرۆڤەوە لە تورکیا چی دەڵێن؟
 
سارا سانبەر: دیسانەوە ناتوانم، ببوورە.
 
رووداو: باشە. زۆر باشە. خۆت پرسیارێکت لەبارەی سووریاوە کرد لە سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا. دیارە زانیاریت هەیە لە رووی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، یان راپۆرتەکانتان، لانی کەم ئەوانەی بۆیان هێناونەتەوە، ئەوەندەی چاودێریتان کردوون، لە دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەدەوە دۆخی مافی مرۆڤ لە سووریا چییە؟ باشترە لە پێشتر یان خراپ بووە؟ لە چ روویەکەوە راپۆرتەکانتان پێتان دەڵێن خراپتر بووە؟
 
سارا سانبەر: ئەمە قۆناخێکی سەرنجڕاکێشە، چونکە بێگومان زۆر شت بە خێرایی دەگۆڕێت. قورسە بڵێین چی روودەدات چونکە ئەوەی ئێستا دەیڵێم لەوانەیە دوای 10 خولەک بگۆڕێت. بێگومان، حکومەتی ئەسەد حکومەتێکی زۆر سەرکوتکەر بوو. دوای رووخانی حکومەتەکەی، دیمەنی زۆر کاریگەرمان بینی کە هەزاران بەندکراو لە شوێنی وەک سیدنایا ئازاد کران. لە زۆربەی شوێنەکان شەڕ و پێکدادان کۆتایی هاتووە، کە نیعمەتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی ئەوێ. بەڵام، شتێک هەیە کە پێموایە میدیای رۆژئاوا کەمتر باسی دەکات، ئەویش ئەو بیرۆکەیەیە کە دیمەشقیان گرت و ئیتر هەموو شتێک باشە. بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە. سوپای نیشتمانیی سووریا، کە هاوپەیمانییەکی چەکدارە و تورکیا پشتیوانیی دەکات، بەردەوامە لە شەڕ و هێڵی بەرەی شەڕی گەیاندووەتە بەنداوی تشرین. کەواتە شەڕ و پێکدادان بەردەوامە و بەتایبەتی کاریگەریی لەسەر کورد هەیە لە باکووری سووریا، کاتێک سوپای نیشتمانیی سووریا دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەجەنگێت کە کۆنترۆڵی باکووری رۆژهەڵاتیان کردووە. لەم هێڵی بەرەیەدا، پێشێلکاریی زۆرمان بینیوە. بە تازەیی، راپۆرتێکمان بڵاوکردەوە لەبارەی تاوانێکی جەنگی ئاشکرا کە تورکیا و ئەو هێزانەی تورکیا پشتیوانییان دەکات کە راستەوخۆ ئەمبیوڵانسێکیان کردە ئامانج. ناسراون بەوەی هاووڵاتییانیان بۆردوومان کردووە کاتێک دژی پێشڕەوییەکانی تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا و پێشێلکارییەکانیان خۆپیشاندانیان کردووە. کەواتە ئەم جۆرە دووبارەبوونەوانە دەبینین لە درێژایی هێڵی بەرەی شەڕ. بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنیان و هیوادارین تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا، هەموو هەنگاوێکی پێویست بنێن بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لە هەر پێشێلکارییەک کە هێزەکانیان دەیکەن.
 
رووداو: باشە، جا بۆ ئەوەی تۆزێک لە گوشاری بیرکردنەوە لە دەرەوەی عێراق رزگارت بکەم، دەتهێنمەوە نێو عێراق. سێ مانگی یەکەمی 2025 بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی 2024، ئەمساڵ دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق چۆنە؟ زۆرترین پێشێلکاریی لە چ روویەکەوە و لە چ بوارێکدا کراوە؟
 
سارا سانبەر: بێگومان، ئەمساڵ پەرلەمان بڕیاری دا ساڵی 2025 بە دەرکردنی چەند یاسایەکی گرنگ و جێی مشتومڕ دەستپێبکات. مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر شێوازی دەرچوواندنی ئەم یاسایانە. مەبەستم لە سێ یاساکەیە: یاسای لێبووردن، یاسای باری کەسیێتی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک. بەتایبەتی نیگەرانین لە یاسای باری کەسیێتی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان و کچان. هاوسەرگیریی منداڵان پێشتریش کێشەیەکی گەورە بووە لە عێراق و ساڵ بە ساڵ لە 2003ـوە لەزیادبووندایە.
 
زۆر نیگەرانین لەوەی ئەم یاسایە رێگە خۆشکەر بێت بۆ زیاتربوونی هاوسەرگیریی منداڵان. راستە، رەشنووسە پەسندکراوەکە چەند خاڵێکی تێدایە کە دەکرێت بە دەستکەوتی چالاکڤانان دابنرێت کە بێ وچان هەوڵیان داوە، وەک مانەوەی تەمەنی هاوسەرگیری لەسەرئەوەی لە یاسای باری کەسێتیدا هاتووە - واتە 18 ساڵ یان 15 ساڵ بە رەزامەندیی دادوەر. دیارە ئەمەش خۆی لە خۆیدا کەلێنێکە و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە. دەبێت چاوەڕێ بین بزانین ئەم یاسایە چ کاریگەرییەکی لەسەر ژنان و کچانی عێراق دەبێت.
 
رووداو: پرسیارەکەم کورتتر دەکەمەوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟ هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق چۆنە، وەکو دواپرسیارم؟
 
سارا سانبەر: بێگومان، هەر ناوچەیەک تایبەتمەندی و جیاوازیی خۆی هەیە. حەزناکەم بەراوردیان بکەم و یەکێکیان بە باشتر پیشان بدەم، چونکە دۆخەکان جیاوازن. هەردوولا کێشە و سەرکەوتنی خۆیان هەیە. یەکێک لەو شتە گرنگانەی ئەمساڵ سەرنجمان لەسەری بووە، پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانیەتی لەسەر تەندروستی. وەک هەر دانیشتوویەکی هەولێر پێت دەڵێت، کێشەیەکی گەورەیە. لەگەڵ ئەمەشدا، بەردەوامین لە چاودێریکردنی ئازادیی کۆبوونەوە، ئازادیی دەربڕین، سنووردارکردنی رۆژنامەنووسان و ئەم جۆرە پرسانە، چاومان لەسەریانە و لەگەڵ دەسەڵاتداران گفتوگۆیان لەسەر دەکەین.
 

 
سەرچاوە/ ڕووداو


AM:11:24:02/03/2025




ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌