ئاماری نوێی ئێزیدییەکان: 2700 منداڵی بێباوک و 93 گۆڕی بەکۆمەڵ



ئامارێکی نوێ دەری دەخات بەهۆی هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال و دەوروبەری و جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان، زیاتر لە 2700 منداڵ بێ باوک بوون، تائێستا 93 گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکانیش دۆزراونەتەوە.

نوسینگەی رزگارکردنی ئێزیدییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد؛ تائێستا ئەوەی تۆمارکراوە زیاتر لە 5000 ئێزیدی کوژراون، 2742 منداڵ بێ باوک بوون، 93 گۆڕی بەکۆمەڵیش دۆزراونەتەوە کە روفاتی ئێزیدییەکانی تێدا ژێرخاک خراون، سەرەڕای ئەوەی دەیان شوێنی دیکەش هەن کە تەرمی تێدا حەشاردراوە.

سەبارەت بە ژمارەی بێسەرو شوێن و رفێنراوەکانیش لە ئامارەکەدا هاتووە: 6417 کەس رفێنراون، لەو ژمارەیە 3548 کەسیان ژن و 2869 کەسیان پیاون، تائێستا 3585 کەس ئازاد کراون، 1211 ژن، 339 پیاو، 1074 منداڵی کچ و 961 منداڵی کوڕ.

 ئەو کەسانەشی کە رفێندراون و لەسەر دەستی چەکدارانی داعش کوژراون و تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە گەیشتوەتە 274 روفات، 37 ژن و 237 پیاو، بەوپێیەش تائێستا 2558 کەس وەک بێسەرو شوێن ماونەتەوە، لەناویان 1225 ژن و 1333 پیاو. 

 نوسینگەی رزگاربوانی ئێزیدی ئاماژەی بەوەکردووە؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ئێزیدیانەی رزگاریان بووە و لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن 135.860 کەسە، 189.337 کەسیش لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم و دەرەوەی کامپەکان نیشتەجێ بوون.

 سێی ئابی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری و کۆمەڵکوژییەکی گەورەی ئێزیدییەکانیان ئەنجامدا، هەزاران کەسیان رفاندو بێسەروشوێن کرد، هەزاران کەسیشیان لەبەرچاوی کەسوکار و منداڵەکانیان کوشت، سەرەڕای ئەوەی هەزاران کچ و ژنی ئێزیدیان رفاندو دواتر وەک کۆیلە و سەبایە مامەڵەیان پێوەکردن و دەستدرێژیان کردنە سەریان و کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردن، دوای چەند ساڵێک لە کۆتایی هاتنی داعش تائێستاش ناوبەناو چارەنوسی هەندێکیان ئاشکرا دەبێت و دەگەڕێندرێنەوە ناو کەسوکاریان.



سەرچاوە/ سبەی میدیا



AM:11:04:04/03/2025




ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌