رێناس محەممەد، خاوەنکارێکی سلێمانییە، نزیکەی 10 ساڵە بڕاندێکی شیرینی دامەزراندووە، لەسلێمانی و هەولێر دووکانی کردووەتەوە و هەلی کاری بۆ نزیکەی 25 کەس دابینکردووە، هاوکات لەپەیمانگایەک مامۆستای دروستکردنی شیرینییە.
کارەکەی هێزی بڕیاردانی پێ بەخشیوە و ئامانجی گەورەکردنی هەیە.
رێناس محەممەد لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت، "کارەکەم وایلێکردم زیاتر پشت بە خۆم و تواناکانم ببەستم و بتوانم بەهرەکانم پیشانبدەم، جگە لەوەش هەلی کارم بۆ چەندین کەس کەس رەخساندووە و هەوڵمداوە کارێکی دووبارە نەکەمەوە و هاوشێوەی شێفە بیانییەکان کاری جیاواز لە شیرینییەکانمدا بکەم."
خنسە مەجید، یەکێکی دیکەیە لەو ژنانەی خاوەنکاری خۆیەتی و نزیکەی 10 ساڵە دووکانی گوڵ و دیاری لە هەڵەبجە هەیە، هەلی کاری بۆ دوو کەس رەخساندووە.
خنسە مەجید دەڵێت، "سوپاس بۆ خوا کارەکەم وای لێکردووم سوودم بۆ خۆم و چواردەورەکەشم هەبێت، بەردەوامیش دەبم و هەوڵدەدەم هەلی کاری زیاتریش برەخسێنم."
مامۆستایەکی زانکۆ پێیوایە ژنان بۆئەوەی ئازاد بن، دەبێت بە ئازادانەش بیربکەنەوە و بڕیاری کار و ژیانی خۆیان بدەن.
پرۆفیسۆر دکتۆر میدیا ئیبراهیم، مامۆستای زانکۆیە و ئاماژە بەوە دەدات، "ئابووری سەربەخۆ هەنگاوێکە بۆئەوەی ژن بتوانێت خاوەنی بڕیاری خۆی بێت، بەمەرجێک شێوازی بیرکردنەوەی خۆی بگۆڕێت و وەک تاکێکی بەرهەمهێن و سەربەخۆ تەماشای خۆی بکات، نەک تەنیا وەک مۆدێلێک کاری سەربەخۆ بکات."
کارکردنی ژنان بەتایبەت لەدوای قەیرانی داراییەوە زیاتربوو و وایکردووە پشت بەخۆیان ببەستن، تەنانەت بەپێی دوایین راپۆرتی سەرژمێری عیراق، %11.4ـی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ژنانەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
سەرچاوە/ ڕووداو