سەرگەڵوو؛ گوندێک و پێنج کێشە: 700 کەس لە خزمەتگوزاریی سەرەتایی بێبەشن



گوندی سەرگەڵوو لە سلێمانی، نزیکەی 700 کەس دانیشتوویەتی و کێشەی سەرەکییان کارەبایە، بەجۆرێک لە شەو و رۆژێکدا نزیکەی شەش کاژێر کارەبایان هەیە.
 
ئەنوەر یەکێک لە دووکاندارەکانی گوندەکەیە، ژوورێکی بۆ موەلیدەکەی دروستکردووە، لەرۆژێکدا دەیان جار ئەمبەرو ئەوبەر دەکات بۆ هەڵکردن و کوژانەوەی موەلیدەکەی.
 
دانا محەممەد، مریشکفرۆش لە گوندی سەرگەڵوو دەڵێت: "دووکانی مریشکم هەیە بە رۆژ کارەبا نییە و بەردەوام دەبێت موەلیدە هەڵبکەم بۆ راکێشانی ئاو لە بیرەکە و ئیشپێکردنی ئامێرەکانم، موەلیدەکەش رۆژانە 15 بۆ 20 لیتر بەنزینی دەوێت."
 
سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بیرەکانە، بیرەکانیش بەبێ کارەبا ناتوانرێت ئاوی لێ رابکێشرێت، نە بۆخۆیان نە بۆ ئاژەڵەکانیان.
 
عومەر ئیبراهیم، گوندنشینە و دەڵێت: "کانیاوەکانمان وشکبوون، بۆیە سوود لە ئاوی بیر وەردەگرین، کاتێکیش کارەبا نەبێت ئاومان بۆ خۆمان و بۆ ئاژەڵەکانیش."
 
عومەر سەید هەمزە، گوندنشینێکی دیکەیە و دەڵێت: "سەرمایە و دەوروبەرمان هەمووی بەفرە، کارەباش نەبێت بۆ خۆگەرمکردنەوە ئیدارەناکەین."
 
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی گوندەکە، تەقینی دیواری نەخۆشخانەکەیانە، کە مەترسی داڕووخانی هەیە.
 
مامە خەلیل سەرگەڵووی دەڵێت: "داڕمانێکی زۆر بە نەخۆشخانەکەوە دیارە و ترسی داڕووخانی هەیە، تەنانەت کارمەندی نەخۆشخانەشمان کەمە و لە گوندەکانی دەوروبەر و گەشتیاریش زۆر سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن."
 
گوندەکە دوو رێگەی سەرەکیی هەیە، یەکێکیان سەر شاخی دابانە و بۆ کاتی بەفربارین کەڵکی هاتوچۆی کەمە، ئەوی دیکە رێگەی دۆڵی جافایەتییە کە ئەویش پڕی چاڵە.
 
سەردار مەحموود، گوندنشینە و دەڵێت: "رێگەوبانەکەمان بۆ پێ باشە، بەڵام بۆ ئۆتۆمبێل زۆر خراپە و چاڵی گەورەی تێدایە."
 
بەگوتەی ئەنجوومەنی گوندەکە، کێشەکانیان گەیاندووەتە لایەنی بەرپرسی ناوچەکە.
 
حەسەن شێخ قادر، ئەنجومەنی گوندی سەرگەڵوو دەڵێت: "حکومەتەکە بە هی خۆمان دەزانین، بەڵام هەموو داواکارییەکانیان پشتگوێ خستووین."
 
گوندی سەرگەڵوو سەر بەناحیەی سوورداشە و دەکەوێتە نێوان شارباژێڕ و دووکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گوندەکانی دەوروبەریشی بەهەمان شێوە کێشەی کارەبا و رێگەوبانیان هەیە.




سەرچاوە/ ڕووداو



AM:10:11:10/03/2025




ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌