ناڕەزایی ژنان لەکوردستان بەرامبەر بەیاسایی کردنی هاوسەرگیریی پێشوەختە لەعێراق بەردەوامە، پارێزەرێک ئاماژە بوە دەکات بەیاساییکردنی هاوسەگیریی لەگەڵ منداڵانی ١٢ ساڵ، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کوردستان دەبێتو دەبێتە چاولێکەرییەکو وەک فرەژنی هەندێک خەڵک بیر لەوە دەکەنەوە بچنە خواروو ناوەڕاستی عێراقو بەو یاسایە هاوسەرگیریی بکەن، پەرلەمانتارێکی پێشووش دەڵێت "ئەم یاسایە زیانی بەرچاو بەکۆمەڵگای عێراقی دەگەیەنێت بەکوردستانیشەوە، حزبە ئیسلامیەکانی کوردستانیش کاری لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی لەهەرێم جێبەجێ بکرێت".
"هەمواری یاسای باری کەسێتی وایکردووە مافی ژنان زیاتر پێشێل بکرێت"
ڕێزان شێخ دلێر، چالاکوانو پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق، سەبارەت بەچۆنیەتی بەیاسایی کردنی هاوسەرگیریی پێشوەخت ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجامی ئاڵوێری سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق بووە، ئەو وتی "ئێمە دەزانین ھەر یاسایەک لەپەرلەمانی عێراق دەردەچێت بەکۆی گشتی ئەندامانی پەرلەمان ڕەزامەندن لەسەر ئەو یاسایەو لەناو کۆمەڵگە کاری پێدەکرێت، بەڵام بەداخەوە لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو پرسە یاساییە ناچن بەڕێوە، بەڵکو سێ پێکهاتەی بنەڕەتی کوردو شیعەو سونە بەپێی بەرژەوەندی ئەو حیزبە سیاسیانەی لەبەغدان، کە ھەریەکەیان پڕۆژەیاسایەکی خۆیان ھەبووە، کە کورد یەکێک لەبڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورە هەڵوەشێتەوە بۆ گەڕانەوەی زەویە دەست بەسەردا گیراوەکانی ئەو سەردەمە لەکەرکوکو دەوروبەری، شیعەش پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی باری کەسێتی ھەبوو، سوونەش یاسای لێبوردنی گشتی ھەبوو، ئەمانەش لەناو پەرلەماندا کەمتر لەیەک خولەکی خایاندو سەرۆکی پەرلەمان بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەندامانی پەرلەمان، دەنگی بەھەرسێ یاساکە دا، لەوەش ناخۆشتر سەرۆک کۆمار لەدوای پانزە رۆژ ھەر سێ یاساکەی پەسەند کرد".
وتیشی "ئەوەی جێگەی نیگەرانیە لەمانگی رابردوودا ئەنجومەنی شووراش نووسراوی دەرکردووە بەزوترین کات دەستبکرێت بەجێبەجێ کردنی یاسای باری کەسێتی لەسەر مەزھەبی جەعفەریی، ئەو کەسانەی لەکۆندا گرێبەستی ھاوسەرگیریان کردووە ئێستا بیکەن بەقانونی".
رێزان جەغت لەوە دەکات کە هەمواری یاسای باری کەسێتی وایکردووە مافی ژنان زیاتر پێشێل بکرێت، ئەو وتی "ئەو ژنانەی لەھاوسەرەکانیان جیادەبنەوە یان مێردەکەیان مردبێت تا دوو ساڵ دەتوانرێت منداڵەکە لای دایکەکە بێت، دوای ئەوە بەپێی مەزھەبی جەعفەریی منداڵەکە دەگەرێتەوە بۆ باوکەکە، ئەوەش ھاتووە ئەگەر ژنە ھاوسەرگیریش نەکاتەوە ئەوا منداڵەکەی بوو بەحەوت ساڵ دەگەرێتەوە بۆ پیاوەکەو کەسوکاری پیاوەکەی، بەبێ ئەوەی ھیچ برٍِیارێکی دادگا ھەبێتو ئیشی لەسەر بکرێت کە ئەمەش بەزیانی ژنانو منداڵانە، منداڵ بێبەش دەکەن لەھەموو ئەو مافانەی ھەیانە".
وتیشی "لەپێشتردا دەبوایە بۆچونی ژنی یەکەم وەریگرایە بۆ ھاوسەرگیری، بەداخەوە لەدەرەوەی دادگا ئەو کارە دەکرا، ھەروەھا ئەگەر پیاوەکە شیعە بوو ژنەکە سوونە بوو ئەوا ئەوکاتەی جیادەبنەوە بەیاسای پەسەندکراوی پیاوەکە جیادەبنەوە کە یاسایی جەعفەری جێبەجێ دەکرێت بەسەر ژنەکەدا، ئەمەش قورسە کە ھیچ ڕایەکی ژن وەرناگیرێت".
رێزان ئەوەشی روونکردەوە کە گەڕانەوە بۆ مەزھەبەکان لەزیانی ژنانی کوردستانیشدایە، ئەو وتی "ئەم یاسایە زیانی بەرچاو بەکۆمەڵگای عێراقی دەگەیەنێت بەکوردستانیشەوە، سونەکان دەڵێن ئێمەش چەند مەزهەیبیمان ھەیە کاری پێدەکەین، بێگومان حزبە ئیسلامیەکانی کوردستانیش کاری لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی لەکوردستان جێبەجێ بکرێت".
رێزان شێخ دلێر لەبارەی ئەوەی بۆ خۆیان وەک هاوپەیمانی ١٨٨ چی دەکەن، ئەو وتی "ئێمە سکاڵا تۆمار دەکەین لەڕۆژنامەی وەقاعی عێراقی، ئەمە دژی مافەکانی ژنانو منداڵانە، ھەر ئەوەمان پێدەکرێت".
"بەپێی ئەم یاسایە کچان بەنۆ ساڵی دەدرێن بەشوو"
ڤیان عەبدولعەزیز عەبدولرحمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئاوێنە وت "ئێمە لەماوەکانی پێشوودا کاتێک پرۆژەیاساکە ھاتە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ دەرچوونی یاساکەدا نەبووین ھەوڵماندا بۆئەوەی ئەم یاسایە دەرنەچێت، ئەم یاسایە بەدڵی شیعەکان دەرچووە، ھەرچەندە بۆخۆم پەرلەمانتاری شیعی دەبینمو گفتوگۆمان کردوە لەگەڵ ئەو یاسایەدا نین".
ڤیان وتیشی "لەم یاسایەدا ھاتووە کچان بەنۆ ساڵی بدرێن بەشوو، ئەمە بۆ عێراقو عێراقیەکان باش نابێت، یاسای باریی کەسێتی پێشتر یاسایەکی مەدەنی زۆر باش بوو، وەک کوردێک وەک ژنێک ئەم هەموارکردنە بەباش نازانم".
"ئەم یاسایە نیو سەدە زیاتر کۆمەڵگەی عێراقی بردە دواوە"
پارێزەر شۆخان حەمەڕەشید، ئاماژە بەوە دەکات پرۆژە یاساکە بەڕاستەوخۆ ئەو کاریگەرییەی لەسەر ھەرێمی کوردستان نابێت، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەمە دەبێتە چاولێکەریەک کە چۆن لەپێشوودا ئەزموونمان ھەیە لەسەر یاسای ھەمواریی فرەژنی، ئەمەش بەھۆکاریی ئەوەی ھەرێمی کوردستانو ھەندێک لەناوچە کێشە لەسەرەکان جێبەجبَکردنی یاساکانی عێراقیان بەسەردا دەسەپێت، ھەندێک خەڵک بیر دەکاتەوە بچێتە خواروو ناوەڕاستی عێراقو بیانەوێت ئەو یاسایە جێبەجێ بکەن".
شۆخان پێیوایە بەھەمواریی ئەم یاسایە نیو سەدە کۆمەڵگەی عێراقی دەبرێتەوە بۆ دواوە، ئەو وتی "ئەم یاسایەی ئێستا دەرچووە لەپەرلەمان دەبێتە رێگە خۆشکەرێکیش کە خەڵکی وەھا تێبگات لەدوای ئەم ھەمواری یاسایەوە ھەموو کەسێک دەتوانێت کچێکی تەمەن ١٢ ساڵ بھێنێت یان زیاتر لەژنێک بھێنێت، کە ئێمە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەین خەڵکی لەدەرەوەی دادگا ھاوسەرگیری نەکات، ھاوسەرگیریەکەی دەبێتە ناقانونی، بەڵام کاتێک سەیر دەکەینت لەرێگەی ھەمواریی ئەم یاسایەوە رێگە دەدرێت بەو کەسانەی دەیانەوێت لەدەرەوەی دادگا ھاوسەرگیری بکەن، ئەمەش سەربەخۆیی دادگاکان ناھیڵێت، گرنگی دەدات بەمەزهەبەکانو رۆڵیان دەبێت لەپرۆسەی ھاوسەرگیریی".
"وەک ئەهلی سوونە ئەم یاسایە رەتدەکەینەوە"
د.محەمەد عەبدوڵڵا پێنجوێنی سەرۆکی لیژنەی فتوا لەسلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان وەک ئەهلی سونە بڕیاری بەشوودانو ھاوسەرگریی کچانی منداڵ ڕەتدەکەنەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەم یاسایە بۆ کۆمەڵگەی کوردی ناگونجێتو شیاو نیە، بۆیە وەک زانایانی سوونە ڕەتی دەکەینەوە".
لەبارەی ئەوەش کە باوک دەتوانێت لەتەمەنی ١٢ ساڵیدا کچەکەی مارە بکات لەکەسێکو بەشووی بدات وەک ئەوەی لەمەزھەبی جەعفەریدا رێگەپێدراوە، پێنجوێنی وتی "لەمەزھەبی ئیمامی شافعیشدا ھاتووە کە دەکرێت باوک کچەکەی لەکەسێک مارە بکات لەتەمەێکی منداڵیدا، بەڵام تەنھا بۆی ھەیە مارەی بکات، دوای ئەوە کە کچە گەورە دەبێتو دەگاتە تەمەنی باڵق بوون بڕیار دەدات ئاخۆ ھاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کەسە دەکات یان نا".
"کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر هەڵوەشاندەنەوەی خێزانو کۆمەڵگە"
جیھاد عومەر ریشاوی، توێژەری کۆمەڵایەتی لەدادگای باری کەسێتی سلێمانی لەبارەی ھاوسەرگیری بۆ کچانی تەمەن ١٢ ساڵو کاریگەریە خراپەکانی بەئاوێنەی وت "ئەمە کاریگەری زۆر خراپی ھەیە لەسەر دروست نەکردنی خێزانێکی باشو تەندروستو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خێزانو کۆمەڵگە، جگە لەوەی کچانی تەمەن ١٢ ساڵ ناتوانێت زوڵم جیا بکاتەوە، کە بەشێک لەھاوسەرگیریی زوڵمو ستەمی تێدەکەوێت، ئەم کچە لەو تەمەنەدا توانای ئەوەی نییە ئەمە جیابکاتەوە کە ئەوەی بەرامبەری دەکرێت زوڵمە یان نا".
"کاریگەریی زۆر خراپیشی لەسەر ژنو منداڵەکەشی دەبێت"
دکتۆرە کانی محەمەد فەلاح پسپۆڕی کۆرپەلەزانیو منداڵی بلوری و ژنان پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لەکۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی لەبارەی زیانەکانی تەندروستی دایکێکی تەمەن ١٢ ساڵ، بەئاوێنەی وت "لە ماوەی دووگیانیدا لەبەرئەوەی لەشو فیزیکی دایکەکە ھێشتا گەشەی تەواوی نەکردوە، قورساییەکی زۆر لەسەر لەشی دروست دەبێتو مەترسیەکانی بەرزبوونەوەی فشاری خوێنو تووشبوون بەشەکرە، کەم خوێنی، لەبارچوونو لەدایکبوونی پێشوەختە زیاد دەکات".
وتیشی "منداڵ بوونو دوو گیانیی بۆ ئەو تەمەنە بەشێوەیەکی گشتی سترێسێکی زۆر دروست دەکات لەسەر بیرو ھزرو ھۆشی کەسەکە لەبەرئەوەی لەمێشکو ھزردا منداڵە".
هەروەها دکتۆر شلێر فایەق غەریب بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون لەسلێمانی لەبارەی ئەوەی ئەو کچانەی ھێشتا تەمەنیان نەبۆتە ١٨ ساڵو لەتەمەنی ١٢و ١٣ ساڵیدانو ژیانی ھاوسەرگیری پێکدەھێنو منداڵیان دەبێت، بەئاوێنەی وت "بەھۆی کەمی تەمەنەوە کە ھێشتا ئیسقانەکانی حەوزیان پێنەگەشتووەو بەشەکانی منداڵاندان تەواو پێنەگەشتووە، منداڵ بوون لەو تەمەنە کەمەدا کاریگەریی خراپی تەندروستی دەبێت، چونکە ئۆرگانەکانی جەستە لەو ماوە کەمەی تەمەندا گەشەی تەواوی نەکردووە".
سەرچاوە/ ئاوێنە