ڕێکخراوەکان داوای ئازادکردنی بەشدار بازیانی دەکەن و دەزگای ئاسایشیش هیچ زانیاریەک لەبارەی دەستگیرکردنیەوە نادات



دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پارێزگای سلێمانی هیچ زانیارییەک لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی میدیا 21 نادات، کە ماوەی 12 ڕۆژە دەستگیرکراوە و تا ئێستا لە گرتووخانە هێڵراوەتەوە، لەکاتێکدا ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخراوەکان داوای ئازادکردن و ئاشکراکردنی وردەکاری دۆسیەکەی دەکەن.

ڕۆژی 28 ی مانگی ڕابردوو، چوار ڕۆژنامەنوسی دەزگای میدیایی ''میدیا 21'' لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکران، دواتر سێ لەو ڕۆژنامەنوسانە ئازادکران، بەڵام هێشتا بەشدار بازیانی بەڕێوەبەری میدیاکە لە گرتووخانە هێڵراوەتەوە.

لەبارەی هۆکاری هێشتنەوەی لە زیندان بەپێی یاسای سزادانی عێراقی و مامەڵە لەگەڵ نە کردنی بە گوێرەی یاسای ڕۆژنامەگەری، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات.

دەستگیرکردنی بەڕێوەبەر و میدیاکارانی دەزگای میدیایی "میدیا21" لەکاتێکدایە، دەزگاکە تازە دامەزراوە و تازە دەستی بەکارکردن کردبوو، بەڵام لە ئێستادا ئیش و کارەکانی ڕاگیراوە و دوای دەستگیرکردنی بەڕێوەبەر و ستافەکەی، تەنها بەیاننامەیەکی لەبارەی دەستگیرکردنی ستافەکە تێدا بڵاوکراوەتەوە.

کاروان ئەنوەر، بەرپرسی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەهەفتەیەک پێش ئەوەی دەستگیربکرێت، بەشدار بازیانیمان ئاگادار کردەوە لەوەی زیاتر لە 10 سکاڵای لەسەرە، سکاڵاکان بەشێکیان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری و تێشیاندایە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی لەسەری تۆمارکرابوون."

پێشتر بەشدار بازیانی چەند جارێکی تریش لە سەر دۆسیەی ڕۆژنامەنوسی دەستگیرابوو، بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسی لقی گەرمیانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان، ئەمجارە بەپێی ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە کە تایبەتە بە ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست.

کاروان ئەنوەر دەڵێت،"کۆمەڵێک زانیاری لە موبایلەکەی بەشداردا هەبووەو وردەکارییەکەی نازانین، بەڵام زانیارییەکان میدیایی نین و دەچنە خانەی ترەوە."

هەروەها وتیشی،"دۆسیەی تری هەیە لەسەر هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ فڵان و فیسار کەزانیارییەکانیان پێداوە و ئاسایش زانیارییەکان بەچەواشەکاری دادەنێت، ئەو دۆسیانەی کە پەیوەندیدارن بە کاری رۆژنامەوانی پارێزەرەکانمان بەرگری لێدەکەن."

دوێنێ دوو شەممە، 10 ی مانگی 3 ی 2025، کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان سی پی جەی، دووەم ڕاگەیەنراوی لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی بڵاوکردەوە، داوای دەست بەجی ئازادکردنی و ڕێگەدانی بە ڕۆژنامەنوسان کرد بۆ ئەوەی ئازادانە کاری خۆیان بکەن.


ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕۆژنامەنوس مرۆڤەو هەڵە دەکات، بەڵام دەبێت لایەنی پەیوەندیدار شەفاف بێت و هۆکاری دەستگیرکردنی بەشدار بازیانی ئاشکرا بکات، کە چەندین تۆمەتی ئاراستەکراوە. ئێمە وەکو سەنتەری میترۆ زۆر بەرگریمان لەو رۆژنامەنوسە کردووە."

دەشڵێت،"لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبووینەوە و لەسەر دۆسیەی بەشدار بازیانی ڕاوبۆچوونی خۆمان پێوت، ئەویش لەوەدا هاوڕامانبوو، دۆسیەکە لە بەرژەوەندی ڕۆژنامەوانەکە بێت بەپێی یاسا."

هەرچەندە دەزگای ئاسایش چەندین تۆمەتی داوەتە پاڵ رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی، بەڵام بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنوسان متمانەیان بە تۆمەتەکان نییە و پێیانوایە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم پێشینەی تۆمەت دروست کردنیان هەیە، بۆیە داوای یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی ئەو رۆژنامەنوسە بە پێی یاسای رۆژنامەگەری و بەنهێنی نەهێشتنەوەی دۆسیەکەی دەکەن.



سەرچاوە/ دەنگی ئەمریکا



AM:10:21:12/03/2025




ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌