سلێمانی: میترۆ لەگەڵ جیهاندا یادی رۆژی ئازادی رۆژنامەگەری دەكاتەوە



سەنتەری میترۆ لەگەڵ جیهاندا یادی رۆژی رۆژنامەگەری دەكاتەوە، جەخت لە پرنسییپەكانی خۆی دەكات لە درێژەدان بە خەبات بۆ ژینگەیەكی یاسایی و پیشەیی كە تیایدا ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانیان بتوانن بە شێوەیەكی كاریگەر و سەربەخۆ، لە ژینگەیەكی فرەیی راستەقینەی ئازاد كار بكەن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی كۆمەڵگا.  

ئەمڕۆ شەممە 3ی ئایاریی 2025، لەشاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی دەزگا جیاوازەكان، بە میواداری د. سامان فەوزی واانەیەكی بۆ بەشداربووان بە ناونیشانی "ئاكارەكانی روماڵی میدیایی بۆ تاوانەكانی كوشتن مافی زانیاری و پاراستنی كەرامەتی قوربانیان" پێشكەش دەكات تا كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت. 

دیاری محمد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، وێڕای پیرۆزبایی لە لە رۆژنامەنوسانی كوردستان، باسی لەوەكرد لەگەڵ جیهاندا یادی رۆژی رۆژنامەگەری دەكەینەوە، جەخت لە پرنسییپەكانمان دەكەین لە درێژەدان بە خەبات بۆ ژینگەیەكی یاسایی و پیشەیی كە تیایدا ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانیان بتوانن بە شێوەیەكی كاریگەر و سەربەخۆ و لە ژینگەیەكی فرەیی راستەقینەی ئازاد كار بكەن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی كۆمەڵگا.  

دیاری رونیشكردەوە كە راپۆرتی ئەمساڵ 2025ی كە دوێنێ 2ی ئایاری لەلایەن پەیامنێرانی بێ سنوورەوە بڵاوكرایەوە، باس لە دۆخی خراپی ئابووری میدیای سەربەخۆ لە جیهاندا دەكات كە بووە مایەی هەرەشە بۆ سەر فرەیی و سەربەخۆیییان. دیاری ووتی " لە هەرێمی كوردستانیش  كۆمەكی مەرجداری پارتە سیاسیییەكان و كۆمپانیاكانیان زانیاری كۆتوبەند كردوەو وەك خۆی ناگاتە وەرگر" جەختیكردەوە " پێویستە حكومەتی هەرێم سیاسیەتێكی رونی هەبێت لە پابەندكردنی كۆمپانیاكان لە پشتیوانی میدیای سەربەخۆ بەبێ دەستێوەردانیان لە ژوورەكانی هەواڵ و سیاسەتی میدیای دەزگاكانیان". 

هەر ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ بە بۆنەی رۆژی جیهانی رۆژنامەگەری بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە هۆشداری دا لە مەترسی بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد (AI) وەك ئامرازێكی دیكەی بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان و داوای باشكردنی ژینگەی كاری ڕۆژنامەنووسان و ئازادكردنی حوكمدراوانی كرد.


PM:04:08:03/05/2025




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌