کۆنسووڵی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ژنانی رۆژنامەڤان لەو وڵاتانەی کە شەڕیان تێدایە، رووبەڕووی تووندوتیژیی سێکسی دەبنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "فەرەنسا پاڵپشتیی ژنانی رۆژنامەڤان دەکات بەرامبەر ئەو مەترسییانەی رووبەڕوویان دەبنەوە."
ئەمڕۆ شەممە 03-05-2025 یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی "دەنگی ژنانی بێسنوور" کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "ئەم کۆنفرانسە دەبێتە دەروازەیەکی تایبەت کە تێیدا ئاماژە بە هەندێک خاڵی گرنگ دەدرێت و هێمایەکیشە بۆ کاری رۆژنامەڤانیی ژنان."
یان برایم سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە و گوتی، "جەخت لە رۆڵ و پاڵپشتیی ئافرەتانی رۆژنامەڤان دەکەمەوە."
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان باس لە گرفتەکانی بەردەم کاری رۆژنامەڤانیی ژنان دەکات و دەڵێت، "بێگومان زۆر بەربەست و گوشار هەن کە رووبەڕووی ئەم پیشەیە دەبنەوە؛ ژنانی رۆژنامەڤان زۆرجار تووشی هەڕەشە، مەترسی و تۆقان دەبن، بەتایبەتی رووبەڕووی تووندوتیژیی سێکسی دەبنەوە و لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەدا رێگەیەکی ئەوتۆیان پێنادرێت رای خۆیان دەرببڕن."
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "دەنگی ژنانی بێسنوور" بە پاڵپشتیی حکومەتی فەرەنسا و بە ئامادەبوونی 60 ژنی خاوەن دەنگ و کاریگەر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باکووری ئەفریقیا و ئەورووپا بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ دەخایێنێت.
یان برایم ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە پشت بە ژنانی رۆژنامەڤانی شارەزا ببەستین. ئەمە راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە مافی تایبەتی خۆیان. فەرەنسا پاڵپشتیی ژنانی رۆژنامەڤان دەکات و دڵخۆش دەبێت بەوەی کە بەرامبەر ئەو مەترسییانە بوەستێتەوە کە رووبەڕووی ژنان دەبنەوە."
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دڵخۆشیی خۆی لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لە هەولێر دەربڕی و گوتی، "مێژوویەکی دوور و درێژمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە."
یان برایم رووی زاری کردە ژنان و گوتی، "پێویستە هەموو کات پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی دەنگی ئێوە دەنگێکی بیستراو بێت."
کۆنفرانسەکە تیشک دەخاتە سەر چەند تەوەرێکی سەرەکی کە بریتین لە مافەکانی مرۆڤ، گۆڕانی کەشوهەوا، ژیریی دەستکرد و کاریگەرییان لەسەر ژنان و رۆڵی ژنان لەو بوارانەدا.
سەرچاوە : رووداو