هەرچەندە رێکخراوى پەیامنێرانى بێسنوور دەڵێت: لە عێراق رۆژنامەنووسان لە هەموولایەکەوە رووبەڕووى هەڕەشە دەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئازادى رۆژنامەوانى لە عێراق بۆ هەمساڵ هەنگاوێکى گەورەى ناوە و 14 پلە هاتووەتە پێشەوە.
نۆ ساڵى لەسەریەکە نەرویچ وەک باشترین وڵات بۆ رۆژنامەنوسان دیارى دەکرێت
ئەمڕۆ 3ـى ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییە لەسەرتاسەرى جیهان، بەو بۆنەیەوە رێکخراوى پەیامنێرانى بێسنوور راپۆرتێکی دوورو درێژی لەسەر بارودۆخی رۆژنامەنوسان و دەزگاکانى راگەیاندن لەسەرتاسەرى جیهاندا، بڵاوکردووەتەوە.
لەبارەى عێراقەوە باسلەوەکراوە، لە نێوان ناسەقامگیری سیاسی و فشاری داراییدا، رۆژنامەنووسان لە هەموو لایەکەوە رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.
دەشڵێت: دەوڵەوت لە پاراستنى رۆژنامەنوسان شکستى هێناوە.
بەپێى ریزبەندى رێکخراوەکەش، عێراق بۆ ئەمساڵ لە پلەى 155ـى وڵاتان دەبینرێت لەبارەى ئازادى رۆژنامەگەرییەوە، ئەوەش بەراورد بەپار جوڵەیەکى ئەرێنییە، چونکە ساڵى رابردوو عێراق لە ریزبەندى 169دا بووە، بەڵام ئەمساڵ 14 پلە هاتووەتە پێشەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەپاڵ دەیان وڵاتى تر هەر لە هێڵى سووردایە.
هەر بەپێى ریزبەندییەکە، نەرویج سەلامەترین وڵاتە بۆ رۆژنامەنوسان و پلەى یەکەمى گرتووە، لە دواى ئەویش ئیستۆنیا و هۆلەندا پلەکانى دووەم و سێیەمیان گرتووە، سوید و دانیمارک و فینلەندا و ئێرلەندا و پرتوگال و سویسرا و چیک پلەکانى دواتریان گرتووە.
بەپێى ریزبەندییەکەى رێکخراوى پەیامنێرانى بێسنوور، ئەریتریان خراپترین وڵاتا بۆ رۆژنامەنوسان و پلەى کۆتایى و 180 گرتووە، دواى ئەویش کۆریاى باکور و چین و سوریا و ئێران و ئەفغانستان دێن.
سەرچاوە/ ٩٦٤+