رێواز فایەق: میدیای کڕدراو پەیدابووە کە نە هی حیزبەکانە و نە سێبەری حیزبەکان




رووداو دیجیتاڵ 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان راپۆرتێکی لەبارەی پێشێلکارییەکان دژی رۆژنامەڤانان و دەزگاکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، لە میانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد، رایگەیاند، جۆرێک لە میدیای "کڕدراو" پەیدابووە کە "بە پارەی سیاسییەکان و پارەی گەندەڵی و دزراو ئاراستە دەکرێن و پەیام ئاراستە دەکات و لە میدیای ئازاد زاڵترە".
 
لەسەر راپۆرتی پێشلێکارییەکان کە سەنتەری میترۆ خستیەڕوو، رێواز فایەق رایگەیاند، "ئەو ئامارانەی ئێستا گوێمان لێبوو دەلالەتێکی مەترسیداری پاشەکشەی ئازادی رادەربڕین بە شێوەیەکی گشتی و ئازادی راگەیاندنە بە شێوەیەکی تایبەتی".
 
رێواز فایەق پێیوانییە میدیای ئێستا میدیای چوار ساڵ پێش ئێستا بێت، گوتی "میدیای حیزبەکان ناسراون، منی هاووڵاتی منی وەرگر کە قسەیەک لە تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان وەردەگرم، وا وەریدەگرم کە ئەمە سیاسەتی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لە رووی دەروونی و فیکرییەوە خۆم ئامادەکردووە کە دەکرێت لەناو ئەو پەیامە میدیاییە دیدگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ببینم.. بۆ نموونە شتێکم کە لە کوردستان تیڤییەوە گوێ لێدەبێت، خۆم ئامادەکردووە کە ئەوە تێڕوانینی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ سێکتەرێکی دیاریکراو".
 
بە گوتەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جۆرێکی دیکە لە میدیا هەن کە بە ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی دەکرێن "بۆ نموونە رووداو، K24، کوردسات و کەناڵی دیکەش، ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ دەزانم پەیامی کێیە پێم دەگات، وەکو وەرگرێت ئامادەم بۆ وەرگرتنی ئەو پەیامە بە رووپۆشەوە". 
 
بە بڕوای سەرۆکی پەرلەمان میدیای ئازاد یان ئەهلی کە وەکو خۆی دەڵێت، "وەکو چاودێرێک لە پاشەکشەدایە.. بە پاشەکشەکردنی ئەو میدیایە سێکتەرەکانی دیکەش دەکەونە پاشەکشە".
 
رێواز فایەق، پێشیوایە ئێستا جۆرە میدیایەکی دیکە بەسەر میدیای ئازاددا زاڵە و بە "میدیای کڕدراو" ناوی دەبات. گوتی "ئێستا جۆرێکی دیکە لە میدیا هەیە، میدیای کڕدراو، کە نە هی حیزبەکانە، نە سێبەری حیزبەکان و نە ئازادیشە. ئەو میدیایە لەنێو میدیای ئەلیکترۆنی بە پارەی سیاسییەکان و پارەی گەندەڵی و دزراو ئاراستە دەکرێن، پەیام ئاراستە دەکات و لە میدیای ئازاد زاڵترە، ئێستا ئەوان زاڵترن، فیگەری ناشرینت بۆ جوان دەکەن، فیگەرێک کە هیچ تاوانێکی نییە بۆتی ناشرین دەکەن، وردە وردە خەریکە ئەمە دەبێتە بەشێک لە نەریت و کاردانەوە دروست دەکات".
 
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوا لەوانە دەکات کە "میدیای ئازاد" بەڕێوە دەبەن و دەڵێت: "یەک دیراسەی دۆخی میدیای ئازاد بکەن، 10 ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ ئێستا، بزانن میدیای سیاسییە گەندەڵەکان زاڵترە یان ئەوەی ناوی میدیای ئازادە".


PM:02:55:17/01/2021




ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌