بەرێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانتارانی كوردستان و عێراق




بەرێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
پەرلەمانتارانی كوردستان و عێراق
بەرێز نوێنەری جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
سەرنوسەرو بەرێوەبەرو سەرۆكی دەزگاكانی میدیا و رۆژنامەنوسان
 ئامادەبووانی ئازیز 
ساڵی 2020 حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامانجی كپكردنی دەنگی ئازادو جیاواز،هەموو ڕێكارەكانی زەبروزەنگی بەرامبەر بە ئازادی ڕۆژنامەگەری بەكارهێناوە. بەشێوەیەكی نایاسایی نوسینگەی كەناڵەكانیان داخستوە، فەزای كاری مەدەنیان بەرتەسكردۆتەوە لەهەموو خۆپیشاندانەكان ئاستەنگیان بۆ  رۆژنامەنوسان دروستكردوە تا  ڕوماڵی خۆپیشاندانەكان نەكەن.

ساڵی 2020 بۆ ڕۆژنامەنوسان هێندە خراپ و نائارام بووە كە ئاسانترین كردە بەلای هێزە ئەمنییەكانەوە ئەوە بووە، بە شەق و دەمانچەی كارەبایی پەلاماری پەیامنێران بدەن، بە بێ فەرمانی دادگا دەستگیریان بكەن و بیانخەنە ناو زیندان و شەق لە خانمە ڕۆژنامەنوسان بدەن، بە نامەی زارەكی و لە رێگەی ئیس ئیم ئیس هەڕەشە لە كچان و كورانی ڕۆژنامەنوس بكەن، لەسەر نوسینی پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چالاكوان و میدیاكاران بخەنە زیندانی تاكەكەسیەوە.

سەركوتكردنی ئازادی میدیا، هاوكات بووە لەگەڵ شاردنەوەی بەشێكی زۆری ئەو زانیاریانەی خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەكەن، بەبیانوی زیان گەیاندن  بە ئاسایشی نەتەوەیی.

بە پێی یاسای ڕۆژنامەگەری، حكومەتی هەرێمی كوردستان مافی داخستنی میدیا، ڕێگرتن لە روماڵی  خۆپیشاندانەكانی نییە، بەڵام لە بری جێبەجێكردنی ئەو یاساكانی كوردستان لەم بوارانەدا،  پەنا بۆ بڕیارو رێنمایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتەكانی تر دەبەن، كە بە دڵناییەوە ناكرێت رینمایی و بڕیار هێزی یاسای هەبێت، بەڵام دەیكەن.

 حزبە دەسڵاتدارەكان بە پارەی سیاسی خەڵك، تەنیا بە ئازاردانی جەستەیی میدیاكاران و ڕۆژنامەنوسانەوە نەوەستاوون، بەڵكو پەنایان بۆ شكاندنی كەسایەتی مەعنەوی رەخنەگران، ڕۆژنامەنوسان، چالاكوانی مافی مرۆڤیش بردووە، بە پارەی سیاسی لە ڕیگەی سەدان كەناڵ‌ و دامەزراوەی میدیایی سێبەر‌و هەزاران پەیج‌و ئەوكانتی نەناسراو سوكایەتیان پێدەكەن هەواڵی ساختە‌و درۆی هەڵبەستراو دەربارەیان بڵاودەكەنەوە، بە ناوی دامەزراوەی میدیای ئازادەوە كە لە بنچینەدا خاوەنەكانی سەركردەی حزبە دەسەڵاتدارەكانن: ڕۆژانە پەلاماری كچان و ژنانی هەڵسواراوانی مافەكانی مرۆڤ دەدەن، ئەمە جگە لە بەگەڕخستنی ئەم میدیایانە بۆ  شەڕی بەرژەوەندییە تایبەتی‌و حزبیەكانیانی خۆیان.

ئەم رەفتارانەی دژ بە پرنسیپەكانی دێمۆكراسییەت و مافی مرۆڤ، وایكردوە كە دۆستەكانی گەلی كوردستانلە چەند بۆنەیەكی جیادا، رەخنەیان لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسی گرتووە، داویان كردوە پێشێلكردنی‌ مافی‌ ئازادی‌ رادەربڕین، بوەستێت چونكە كاریگەری‌ لەسەر دۆزی‌ گەلی‌ كورد دەبێت، بەوپێیەی‌ كوردەكان خۆیان قوربانیەكی‌ گەورەی‌ پێشێلكردنی‌ ئازادی‌ رادەربڕین بون، داوایانكردووە دەبێت كورد وریا بێت لەوەدا كە ناوی‌ بە خراپی‌ نەڕوات لە سەر ئاستی‌ كۆمەڵگەی‌ نێودەوڵەتی‌، كە رەنگە بەم هۆیەوە پشتگیری‌ كۆمەڵگای‌ نێودەوڵەتی‌ لەدەستبدات.

ئامادەبووانی خۆشەویست 
داخستنی ئۆفیسی كەناڵی NRT، هەڕەشەی داخستنی كەناڵەكانی روودا و، سپێدە پەیام، 
پەراوێزخستنی یاساكانی رۆژنامەگەری، زانیاری، خۆپیشاندان، 
وەڵامدانەوەی داخوازی رەوای هاوڵاتیان
زەبروزەنگ و تۆقاندن و شكاندنی شكۆی ئینسان
تەقیفكردنی نوسەر، چالاكوان، رەخنەگران بە هۆی بڵاوكردنەوەی پۆست لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یان سایت و ڕۆژنامەكان، 
تەماشكردنی رەخنەگرو میدیا وەك دوژمن
توندوتیژی و هەراسانكردنی خانمانی میدیاكار
پەنابردن بۆ یاسای سزادانی عێراقی لە مامەڵەكردن لەگەڵ كەیسەكانی خۆپیشاندان و نوسین و ڕۆژنامەگەری.
مانەوەی رۆژنامەنوسان لە زیندان بۆ ماوەی چەندین مانگ وەك رۆژنامەنوسان (شیروان شیروانی، گوهدار زێباری)
وەرگرتنی بەڵێنننامە لە میدیاكاران و خۆپیشاندەران 
هەموو ئەومانە جێگەی رەفز و ئیدانەكردنە و 
كارێكە بەخراپ دەشكێتەوە بۆسەر ناوبانگی هەر كەس و سیستەمێك كە بانگەشە بۆ دیموكراسیەت و كرانەوە دەكات.

سەنتەری میترۆ لە دیدارەكانی ساڵی رابردوو لەگەڵ بەرێزان سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رێواز فایەق، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی جێگری ئەنجومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانی، ئۆفیسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، داوامان كردوە 
• رێز لەمافی كاری رۆژنامەنوسی بگرێت و یاساكانی رۆژنامەگەری زانیاری جێبەجێبكرێن
• رێز لە سەروەربوونی یاسا بگرێت و كۆتایی بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا بهێنێرێت.
• رێز لە مافی ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاستیخوازانە بگرێت و بەشداربوانی راپێچی زیندان نەكرێن
هەروەها لە دیارەكانماندا لەگەڵ كونسڵی وڵاتانی ئەمریكا، بەریتانیا ، فەرەنسا داوامان كردوە هانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدەن بۆ فراونكردنی ئازادی رۆژنامەگەری و بیروراو ئازادی خۆپیشاندان كە مەرجی گەشەكردنی دیمۆكراسیەتن لە هەرێمی كوردستاندا.

میترۆ لەگەڵ شەریكەكانی لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسانی ئەمریكا، هیومان رایتس ۆچ، ناوەندی خەلیج بۆ مافەكانی مرۆڤ، رێكخراوی پاڵپشتی میدیا نێودەوڵەتی، رێكخراوی ئەنتر نیوزی ئەمریكی، دەیان رێكخراوی عێراقی و كوردستانی لە ناویاندا سەنیكای نیشتمانی رۆژنامەنوسانی عێراق و رێكخراوی سی دی ئۆی كوردستانی، بەردەوام دەبێت لە پێناو فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبارتر بۆ كاری رۆژنامەنوسی و داكۆكی لە ئازادی بیرورا.
سڵاو لەو میدیاكارانەی سەرباری ئاستەنگ و هەرەشە لە كارەكانیان بەردەوامن.
سڵاو لە شەهیدانی رۆژنامەگەری كوردستان


AM:09:49:18/01/2021




ئه‌م بابه‌ته 1208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌