رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكوەزیرانی عێراق دەستگیركردنی 'باندی مەرگ'ی راگەیاند، كە لە پارێزگای بەسڕە هەڕەشەی تیرۆركردنیان لە چالاكڤانان دەكرد و تۆمەتبارن بە تیرۆرکردنی ژمارەیەک چالاکڤان.
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە تویتێكیدا نووسیویەتی: "ئەو باندەی مەرگ، كە هاووڵاتیانی ئێمەی لە بەسڕە دەترساند و لە شەقامە دڵگیرەکانیدا چالاكڤانانیان دەكوشت، ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەكان دەستگیركران، بەشێوەیەكی ئاشكراش دادگایی دەكرێن."
كازمی لە تویتەکەیدا ناوی چوار چالاکڤانی تیرۆرکراوی هێناوە و نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ بكوژانی جینان مازی و ئەحمەد عەبدولسەمەد دەستگیركران، سبەینێش تۆڵە لە بكوژانی ریهام و هیشام ئەلهاشمی و هەموو كوژراوەكان دەكەینەوە، دادپەروەری ناخەوێت."
پێشتر دوو بەرپرسی باڵای ئەمنیی عێراق رایانگەیاندبوو هێزە ئەمنییەکانی وڵات لە شاری بەسرەی خوارووی وڵات 4 کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی خۆپێشاندەران دەستگیرکردووە. یەکێک لەو دوو بەرپرسە رایگەیاند، ئەوان دەشزانن کێ هیشام هاشمی کوشتووە، بەڵام ناتوانن دەستگیری بکەن.
هاوكات برای پارێزگاری پێشووتری بەسڕە رایگەیاند، ئەوانەی محەممەد مسبح وائیلی، پارێزگاری پێشووتری بەسڕەیان كوشت دەستگیركراون و لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری بەسڕە لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
ئیسماعیل مسبح وائلی، برای محەممەد مسبح وائیلی پارێزگاری پێشووتری پارێزگای بەسڕە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو باندەی مەرگ ـ ئەحمەد عەبدولكەریم ركابی، ناسراو بە ئەحمەد توێسە، برای عەلی توێسەیە كە لە ناوەڕاستی 2006 یوسف ئەلحەسانی، سەرۆكی دەستەی زانایانی موسوڵمانان و پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی بەسڕەیان تیرۆركرد."
بەگوتەی وائلی، دەزگای هەواڵگری بەسڕە عەلی حەمزە حلفی و حەیدەر فازڵ ئەلعێدانی، دەستگیركردوە، بەڵام ئەحمەد توێسە، عەباس هاشم و سەید نائیل و سەید عەلا، كە سەر بە كەتائیبی حزبوڵڵان و لە نێو ئەو باندەی مەرگەن، هەڵاتوون و دەڵێت: "ئەو بكوژانە پەنایان بردووەتە بەر بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی لە بەسڕە، عەمار ئەبو یاسری بەرپرسی حەشدی شەعبیش لە پارێزگاكە پەنای داون".
ئیسماعیل مسبح وائیلی ئاماژەی بەوەشدا ژمارەیەك ناوی دیكەش لە نێو ئەو گرووپە هەن، بەڵام بە هۆكاری ئەمنی ئاشكرا نەكراون، لە میانی لێكۆڵینەوەكانیشدا دانیان بەوەداناوە كە ئەحمەد عەبدولسەمەدی رۆژنامەڤان و سەفا غالی، كامێرامانیان تیرۆركردووە، هەروەها لە کۆتایی 2018 هەوڵی تیرۆرکردنی باسم ئەلموسەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕەیان داوە.
لە ئەیلولی 2012 چەند چەكدارێكی نەناسراو لە پارێزگای بەسڕە محەمەد مسبح وائیلی، پارێزگاری پێشووتری پارێزگاكەیان تیرۆركرد.
وائیلی، سەر بە پارتی فەزیڵەی ئیسلامی بوو، لە ساڵی 2005 تاوەكو 2009 پارێزگاری بەسڕە بوو، لەدوو ساڵی رابردوودا وازی كاری سیاسی هێنابوو و سەرقاڵی کاری بازرگانی بوو.
ئەحمەد عەبدولسەمەدی تەمەن 37 ساڵ و سەفا غالی تەمەن 26 ساڵی کامێرامانی لە کانوونی دووەمی 2020دا لە لایەن ژمارەیەک چەکدارەوە لە نزیک بنکەیەکی پۆلیسی بەسرە کوژران.
ئەحمەد عەبدولسەمەد پاڵپشتیکارێکی گەورەی ئەو خۆپێشاندانانە بوو کە لە تشرینی یەکەمی 2019ەوە ژمارەیەک لە شارەکانی عێراقی گرتبووەوە.
لەو تیرۆرکردنانە پەنجەی تۆمەت بۆ ئەو گرووپانە درێژ دەکرێت کە وەلائیان بۆ ئێران هەیە. ئیسماعیل مسبح وائیلی دەڵێت: "كەتائیبی حیزبوڵڵا و پاسداران گوشارێكی زۆر دەكەن بۆ گۆڕینی رێڕەوی لێكۆڵینەوەكان".