رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو بە چەند مووشەکێک هێرشکرایە سەر هەولێر و دەوروبەری، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات و دەڵێت، ئەو جۆرە کارە قێزەون و بێباکانەیە هەڕەشەی جیددی لەسەر سەقامگیری دروست دەکات.
جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "عێراق پێویستە لە رکابەریی دەرەکی بپارێزرێت. ئێمە داوای دانبەخۆداگرتن و هاوئاهەنگیی چڕی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین بۆ پەلکێشکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگە".
تویتەکەی پلاسخارت لە چوارچێوەی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانی هێرشەکە بوون کە بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی دەڵێت "گرووپێکی میلیشیای شیعی" ئەنجامیداوە.
چەند بەرپرسێک لەنێو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایانگەیاندووە، 14 موشەک لە دەرەوەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە نزیک بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا کەوتنەخوارەوە، بەڵێندەرێکی سڤیل لە هێرشەکەدا کوژراوە و پێنج ئەمریکیش بریندارن.
پێشتر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کردبوو، بەڵێندەرێکی سڤیل کوژراوە، پێنج بەڵێندەری سڤیلی دیکە بریندارن. هاوکات سەربازێکی ئەمریکیش بریندارە. بەیانیی ئەمڕۆش ئاماژەیان بەوە کرد، ژمارەی بریندارەکان بۆ هەشت بەڵێندەری مەدەنی بەرزبووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "هێرشی تیرۆریستیی شەوی رابردوو كە بە مووشەك كرایە سەر هەولێر و بووه هۆى گيانلهدهستدانى كەسێك و برينداربوونى نۆ كهسى دیکە كە ژمارهيهكيان ئەمریكین، بە تووندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین. سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانييهكه دەكەین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان کرد مهترسيى ئەو هێرشە "زۆر بە جیددی" وەربگرن و كار بكەن بۆ رێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە رێگەی هاندانى حكومەتی عێراقهوه بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، بەتایبەتی ماددەی 140.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و لە هیچ کەس و لایەنێک قبووڵ ناکرێت بیخاتە مەترسییەوە".
بە گوتەی قوباد تاڵەبانی، ئەو ھێرشە "زەنگێکی وریاکردنەوەیە بۆ هەموولامان، بۆ ئەوەی یەکڕیز و یەکدەنگ بین لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان. هەروەها ئەم رووداوە و پێشینەکانی دەریانخست کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیی زیاتر بکەن بۆ نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان و پڕکردنەوەی درز و کەلێنەکان".
هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانیش پێویستە ئەو مەترسییانە بە جیددی وەربگرن و "یارمەتیدەرمان بن بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر و سزادانی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان".
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، "ههرگیز.. تیرۆریستان ناتوانن ئاسایش، ئارامی و ئاوهدانی ههرێمی كوردستان بشێوێنن و بهسهختی رووبهڕوویان دهبینهوه". وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئۆتۆمبێلەی مووشەکەکانی ئاراستەکردووە لەڕێگەی هەولێر و گوێڕ دۆزراوەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی هێرشەکاندا کەسێک گیانی لەدەستداوە کە بەپێی راگەیێندراوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەڵێندەری مەدەنی بووە و ئەمریکی نەبووە. لەنێو شاری هەولێریش سێ کەسی دیکە برینداربوون، "ئەمە جیا لەوەی زیانی ماددیشی بە چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی گەیاندووە".
ئەمریکا: هەموو پاڵپشتییەکی کوردستان دەکەین
ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای هێرشەکە پەیوەندی بە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە گوتوویەتی "زۆر تووڕەین لە هێرشی مووشەکی سەر هەرێمی کوردستانی عێراق".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختدەکاتەوە کە هەموو پاڵپشتیێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن وەکو "لێکۆڵینەوە" لە هێرشەکە و "سزادانی ئەوانەش کە لە هێرشەکەدا دەستیان هەبووە."
بلینکن هاوخەمی بۆ خێزانی بەڵێندەرە کوژراوەکە و کەسوکاری برینداران دەربڕی، هێرشەکەی بە "کردەیەکی توندوتیژی دڕندانە" ناوبرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەوانە سزابدرێن کە هێرشەکەیان کردووە
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ئەو کەسانە سزابدات کە هێرشدەکەنە سەر نێردە و کاروانە دیپلۆماسییەکان. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز رایگەیاند، "هێرشی سەر کاروان و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق هێشتا مایەی نیگەرانیی زۆری ئێمەیە".
هاوکات جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەگرتووەکان بۆ عێراق لە هەژماری خۆی لە تویتەر دەڵێت "ئەو جۆرە کردەوە دڕندە و بێباکانەیە هەڕەشەی جیددین بۆ سەر سەقامگیری."
پلاسخارت داوای کرد هەولێر و بەغدا "هاوئاهەنگیی چڕیان هەبێت بۆ بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەران"ـی ئەو هێرشە.
بەریتانیا: پاڵشتی مەسروور بارزانی و مستەفا کازمی دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەڵێت، بە تووندترین شێوە هێرشی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر و هێزی هاوپەیمانان سەرکۆنە دەکەن، هاوخەمیش بۆ کەسوکاری بەڵێندەرەکە دەردەبڕین کە لە هێرشەکەدا کوژراوە.
ستیفن هیکی لە هەژماری خۆی لە تویتەر دەڵێت "ئەوانەی بەرپرسن لەو هێرشە دەبێت سزابدرێن، دەشڵێت پاڵپشتی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین کە لێکۆڵینەوە لەم هێرشە دەکەن".
هۆڵەندا سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات
کۆنسوڵخانەی هۆڵەنداش لە هەولێر هێرشە موشەکییەکەی شەوی رابردووی سەرکۆنەکرد و سەرەخۆشیش لە کەسوکار و خێزانی ئەوانە دەکات کە بوونەتە قوربانی کە یەکێکیان بەڵێندەرێک بووە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
هێرشەکە کاژێر 9:30ی شەوی دووشەممە بوو، دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستیان بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گرتووە کە مووشەکەکانی ئاراستەکردووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەری خۆی رایگەیاند: "له پهیوهندییهكی تهلهفۆنیدا لهگهڵ وهزیری دهرهوهی ئهمریكا ئهنتۆنی بلینكن، باسی هێرشه ترسنۆكهكهی سهر ههولێرمان كرد و جهختمان له ههماههنگیکردنی بهردهوام کردەوە، بۆ دۆزینهوهی تاوانباران".
هاوکات مەسروور بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی "هێزه ئەمنییەکانمان لێکۆڵینەوەیەکی وردیان دهستپێكردووه" گوتی، لهگهڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق له پهیوهندیدایە بۆ "ههماههنگیی پێویست بۆ دۆزینهوهی ئهنجامدهرانی ئهم كردهوه تیرۆریستییه".
هێرشی مووشەکی هاوشێوەی ئەوەی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان دوایینجار کە روویدا، نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر بوو. لە 30ی ئەیلوولی 2020 شەش مووشەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنە خوارەوە، ئەو مووشەکانە لە دواوەی ئۆتۆمبێلێکەوە لە نزیک بەرتەللەوە لە پارێزگای نەینەوا ئاراستەی هەولێر کرابوون.
شەوی رابردوو، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قسەی لەگەڵ هەموو فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا کردووە، "هەموویان دووپاتیان کردووەتەوە کە هیچ مووشەکێک لە پارێزگای نەینەواوە ئاراستە نەکراوە".
کاردانەوەی لایەنە عێراقییەکان
ئەمڕۆ سێشەممە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری تویتەرەکەی رایگەیاند: "هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر هەولێری ئارام سەرکۆنە دەکەین، ئەو تاوانە زیادکردنێکی مەترسیداری گرژییە و بەئامانجکردنی ئاسایشی عێراقە، بۆیە دەبێ هەمووان هاوئاهەنگ بن لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق، هاوکات دەبێ تووندترین سزا بەسەر هەر کەسێک بسەپێندرێت کە ئاسایشی نیشتمان و هاووڵاتیان دەکاتە ئامانج".
هاوکات بەرەی رزگارکردن و پەرەپێدان لە عێراق بە سەرۆکایەتیی ئوسامە نوجەیفی رایگەیاند، هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەن و "ئەو هێرشە خزمەتی ئەجێندای دەرەکی دەکات".
بەرەی رزگارکردن و پەرەپێدان لە عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "هێرشێکی مووشەکی فڕۆکەخانەی هەولێر و گەڕەکەکانی نزیکی کردە ئامانج، کە ئامانجی نانەوەی پشێوییە، لەگەڵ تێکەڵکردنی بابەتەکان و نانەوەی گرژی بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای دەرەکی دژی عێراق، بۆیە ئەو کارە ترسنۆک و نابەرپرسیارە سەرکۆنە دەکەین، هاوکات نیازی دژبەر و سیخوڕی ئەنجامدەرە تاوانکار و تیرۆریستەکان سەرکۆنە دەکەین".
بەرەی رزگارکردن و پەرەپێدان لە عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "پاڵپشتی رەهای هەرێمی کوردستان دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانە تیرۆریستییانە، هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کار بۆ ئاشکراکردنی تیرۆریستان و پیلانەکانیان و ئەو لایەنانە بکات، کە پاڵنەریانن بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن و ببنە پەند بۆ هەر کەسێک رێگە بە خۆی دەدات هێرش بکات و پشێوی بنێتەوە".
دوای هێرشەکان، عەلی حوسێنی، گوتەبێژی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواونەبن و نەگەنە ئەنجام کە هێرشەکە چۆن و لە کوێوە کراوە، ناکرێت پێشوەختە هیچ لایەنێک بە ئەنجامدانی تۆمەتباربکرێت.
گوتەبێژی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییەکەیان لەبارەی ئەو لایەنە نەداوە کە ئەو هێرشەی کردووە، هەروەها بە چ جۆرە مووشەکێک ئەو هێرشانە کراون. هاوکات دەشڵێت، بە دووری دەزانن لە دووبزەوە ئەو مووشەکانە ئاراستەی هەولێر کرابن، چونکە دوبز لە هەولێرەوە دوورە، ئەستەمە ئەو جۆرە مووشانە لە دوبزەوە بگاتە هەولێر.
بایدن لە هێرشەکە ئاگادارکراوەتەوە
ئەوە لەکاتێکدایە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناوە بەناوە روودەدەن، زۆر جاریش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەکرێتە ئامانج، ئەو کاروانانەش دەکرێنە ئامانج، کە کەرەستە و کاڵا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگوازنەوە.
هێرشی گرووپە چەکدارییەکان تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم لە کاتی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا کەمیان کرد، ئیدارەی پێشووی ئەمریکا گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی بە بەرپرس لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەزانی.
بەرپرسەکەی پێنتاگۆن کە قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کردووە ئاماژەی بەوە کردووە، جۆ بایدن لە هێرشەکە ئاگادارکراوەتەوە.
گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ئەمریکا و عێراق گەیشتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار و هەستیار کاتێک لە 3ی کانوونی دووەمی 2020 فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئەمریکا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیان و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیک فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوشت.
ئەو هێرشانەی ئەمریکا دوای ئەوەهات لە کانوونیی یەکەمی 2019 بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە نزیک کەرکووک لە هێرشێکی مووشەکی گیانی لەدەستدا، ئەوکات ترەمپ رایگەیاند، کوشتنی بەڵێندەرە ئەمریکییەکە بەزاندنی هێڵی سوورە.
ئەمریکا ژمارەی سەربازانی لە عێراق کەمکردووەتەوە، ئێستا 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقن، ئەو سەربازانە چیدی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەشداری لە شەڕی دەستەویەخە لە دژی گرووپە چەکدارییەکاندا ناکەن.
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە پەیامێکدا رایگەیاند، "لای خۆمانەوە، پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاونیشتمانیانی هەولێری پایتەخت وەک کاری لەپێشینەی سیاسی سەیر دەکەین و بە تووندی سەرکۆنەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین".