وتاری میترۆ لە مەراسیمی پرۆگرامی رۆژنامەنوسانی پێكهاتەكان




وتاری میترۆ لە مەراسیمی  پرۆگرامی رۆژنامەنوسانی پێكهاتەكان

ئامادەبووانی بەرێز
بەناوی رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت و سەنتەری میترۆ،بەخێرهاتنتان دەكەین و ئومێدەوارین پێكەوە بتوانین لە رێگەی ئەم پرۆژەیە ئەزمونی رۆژنامەنوسانی پێكهاتەكان و ئەو رۆژنامەنوسانەی كە روماڵی پرسی پێكهاتەكان دەكەن، دەوڵەمەند بكەین. 

لەهەرێمی كوردستان كەمینەكان بوونێكی مێژوییان هەیەو لە چەند شوێن و ناوچەیەكی كوردستاندا دەژین و لەهەندێ‌ شوێنی تریش بە شێوەی تێكەڵاویی لەشاروشارۆچكەكان بە رەچاوكردنی تایبەتمەندی ئاین و دابونەریتەكانی خۆیان ژیان دەكەن، لە هەرێمی كوردستان بە یاسا مافە رۆشنبیریی و كلتوریی و ئاینییەكانیان پارێزراوە، لە ناوەندەكانی سیاسەت و حكومەتداریدا بەش و پشكی خۆیان هەیە، لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمیش نوێنەری كەمینەو پێكهاتە ئاینییەكان هەیەو بە رەسمی لە هەرێمی كوردستان هەشت پێكهاتەی ئاینی تۆماركراون و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

یاسای ژمارە(5) ساڵی(2015) كە بە یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لەكوردستان ناوزەند كراوەو لەرووی نەتەوەییەوە داندەنێت بەپێكهاتەكانی (توركمان، كلدان، سریان، ئاشوری وئەرمەن)،لەرووی ئاین وئاینزاشەوە داندەنێت بە (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، كاكەیی، شەبەك، فەیلی، زەردەشتی... وهی دیكە.

ئازیزان لە راپۆرتی چاودێری روماڵی میدیاكان بۆ پرسی پێكهاتەكان كە ئەمساڵ بڵاومان كردەوە باسمان لەوە كردووە كە  گواستنەوەی چالاكییەكانی ئەم كۆمەڵگە رەنگینە  بۆ بەردەم رای گشتی و خەڵك لە كوردستان هێشتا ئاستێكی لاوازی هەیەو وەك پێویست نییە، ئەمە لە كاتێكدایە لە كوردستان هێشتا كەمینەكان خۆیان راگەیاندنیان نییە، كە بتوانێت بەو شێوەیەی كە دەیانەوێت، چالاكی و دەنگیان بە خەڵكی بەشێوەیەكی گشتی بگات، ئەگەر گوزەرێك بەناو هەواڵ و راپۆرتەكانی كەناڵە كوردییەكاندا بگێڕین و وەك لەو راپۆرتانەشی كە لەسەر روماڵی پرسەكانی كەمینەو پێكهاتەكان بە گشتی و روماڵی پرسی جۆراوجۆرێتی كۆمەڵایەتی لەناو میدیادا كراون، ئەوە دەردەخەن كە زۆربەی ئەو كارە میدیاییانەی لەسەر كەمینەو پێكهاتەكان دەكرێن، لەكاتی ململانێ سیاسیەكان و كاتی هەڵبژاردنەكان و كاتی كارەساتەكاندا كە بەسەریاندا هاتووە روماڵیان بۆ دەكرێت.

گەیشتینە ئەم دەرئەنجامانە كە لە رپۆرتەكەدا هاتووە:
1-لە كوردستاندا بایەخ و رووماڵی میدیا بە پرسی كەمینەو پێكهاتەكان وەك پێویست نییە.

2-مامەڵەو روماڵی میدیایی لە هەرێمی كوردستان رەهەندێكی كوردانەی هەیە نەك كوردستانیانە، كە ئەمەش بەشێك لە كەمینەكان بە كەموكوڕی دەزانن لەناو میدیاكاندا.

3-میدیاكان زۆرینەی روماڵەكانیان لەكاتی كارەسات و ناخۆشییەكاندا بەلای پرسی كەمینەكاندا دەچن.
4-روماڵی میدیاكان لایەنی كلتووری و رۆشنبیریی كەمینەكان بە كەمی دەگرێتەوە.

5-بەشێك لە رووماڵی میدیاكان بە ئامانجی تێوەگلانی كەمینەكانە لە ململانێ سیاسییەكان..

6-روماڵی پرسی كەمینەكان لە ناو میدیاكاندا بە زۆری لەو كاتانەدایە كە ململانێی سیاسی و پرۆسەی هەڵبژاردنەكان ئەنجام دەدرێت.

7-میدیاكان وەك پێویست بایەخ بە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی و بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر كەمینەكان لە كوردستان نادەن.

8-بە شێك لە رووماڵی میدیاكان هەوڵە بۆ بچووككردنەوەی پرسی كەمینەكان و سنوورداركرنی لە ئامانجێكی دیاریكراودایە، كە بەشێك لەم ئامانجەش بۆ مەبەسەتی سیاسی و ئەجێندای حزبی بەكاردێنن..

9-روماڵی میدیاكان هەندێكجار پەیوەستكردنی پرسی كەمینەكانە بە حزبێكی دیاریكراوەوە، واتە بەشێك لە رووماڵی میدیاكان پرسی كەمینەكان وەك پرسێكی حزبی تەماشا دەكەن.

10-وەك پێویست لایەنی هونەری و ئەدەبی و رۆشنبیریی كەمینەكان رەنگی نەداوەتەوە لە روماڵی میدیاكاندا.

11-بەرنامەو رووماڵی میدیاكان وەك پێویست بایەخ بە كلتووری پێكەوە ژیانی كەمینەو نەتەوەكان نادەن لە كوردستاندا.

12-بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی هەواڵ و بەرنامەو كاری میدیایی رۆژانەی كەناڵەكانی میدیاو ژمارەی كەناڵەكانی راگەیاندن لە كوردستاندا، هەواڵ و كاری میدیایی بۆ پرسی كەمینەو پێكهاتەكانی كوردستان، ژمارەی ئەو هەواڵانەی كە تایبەتن بە پرسی كەمینەكان زۆر كەمن.

13-زۆرینەی ئەو هەواڵانەی لە میدیاكاندا بڵاودەكرێنەوە لە میدیاكاندا، رەهەندی سیاسیان هەیە.

رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO و سەنتەری میترۆ METRO بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئامانجییانە لە رێگەی ئەم پرۆژەیە (پرۆژەی بەهێزكردنی توانای رۆژنامەنوسانی پێكهاتە جیاوازە ئاینی و نەتەوەییەكان) سەرلەنوێ پێكەوە لەگەڵ رۆژنامەنوسانی ( كاكەیی، یەزیدی، زەردەشتی، كلدوئاشور-سریانی،بەهایی،توركومانی،شەركەزی،ئەرمەنی،شبك، جوو،صائبی و رۆژنامەنوسانی تری كۆمەڵگەی فرە رەنگی كوردستان) بتوانین چیرۆكەكانیان بكرێنە بابەتی رۆژنامەنوانی كە روحی پێكەوە ژیان لەناو كۆمەڵگەی كوردستانی بەهێزتر بكات.
هەر بژین


PM:02:50:16/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌