كونسڵی هوڵەندا بۆ میترۆ: پشتیوانتانین بۆ بەرگری لە ئازادی رۆژنامەوانی




كونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان https://www.facebook.com/nlerbilرایگەیاند حكومەتی هۆڵەندا پشتیوانی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربرین دەكات و پشتیوانی سەنتەری میترۆ دەكەین لە بەرگری لە ئازادی رۆژنامەگەری و كارەكانی لە دیكۆمێنتكردنی پێشێلكارییەكان بەرچاوروونی دەدات لە بارودۆخی كاری رۆژنامەنوسان و میدیاكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق.

بەیانی ئەمرۆ كونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان كونسڵ هانس ئاكەربووم، تیمی سەنتەری میترۆی بۆ دانیشتنێك بانگهێشت كرد( شەهێن سابیر، هیوا شێخ نوری، دیاری محمد، رەحمان غەریب)، تا لە نزیكەوە گفتوگۆبكەن دەربارەی رەوشی ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان.

لەو دیدارەدا كە سەعید حەكیمی بەرپرسی كاروباری سیاسی كونسڵخانەی هۆڵەندا ئامادەی بوو، كونسڵ هانس ئاكەربووم بەخێرهاتنی تیمی میترۆی كرد ووتی" ئێمە پشتیوانی لە ئامانجەكانی ئێوە دەكەین كە بەرگرییە لە ئازادی كاری میدیا ئەو كارەی ئێوە دەیكەن لە دیكۆمێنتكردنی توندوتیژی بەرامبەر میدیاكاران، ئێمە پشتیوانی ئێوەین"
هەروەها داوای كرد كونسڵخانەی هۆڵەندا بخەنە بەردەم ئەوەی كە دەگوزەرێت، و ئایا كونسڵخانە چۆن هاوكار بێت بۆ باشتركردنی رەوشی ئازادی میدیا.

رێكخەری سەنتەری میترۆ سوپاسی بانهێشتەكەی كرد و باسی لەوە كرد كە ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكارەكانی زەبروزەنگی بەرامبەر بە ئازادی ڕۆژنامەگەری بەكارهێناوە بەئامانجی كپكردنی دەنگی ئازادو جیاواز، بەشێوەیەكی نایاسایی نوسینگەی كەناڵەكانیان داخستوە، فەزای كاری مەدەنیان بەرتەسككردۆتەوە و ئاستەنگی زۆریان بۆ كاری میدیاكاران داناوە تا نەتوانن روماڵی نارەزایەتی بكەن وتی " ئاسانترین كردە بەلای هێزە ئەمنییەكانەوە ئەوە بووە، بە شەق و دەمانچەی كارەبایی پەلاماری پەیامنێران بدەن، بە بێ فەرمانی دادگا دەستگیریان بكەن و بیانخەنە ناو زیندان و شەق لە خانمە ڕۆژنامەنوسان بدەن دەیان شێوازی توندوتیژی تر"
باسیلەوەشكرد كە لە رابردودا دەسەڵاتدارانی هەرێم شانازییان بەوە دەكرد كە هیچ كەسێك لەسەر كاری رۆژنامەنوسی، یان سیاسی لە زیندان نییە ووتی" ئێستا هەم سجنی سیاسی و هەم رۆژنامەنوسیشمان لە زیندانە"
تیمی میترۆ سوپاسی هاوكارییەكانی حكومەت و گەلی هۆڵەندایان كرد بۆ هەرێمی كوردستان و رۆڵیان لە پشتیوانی كردنی میدیا، هەوەها تیشك خرایە سەر بارودۆخی خانمانی میدیاكارو چالاكییەكانی سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2020 لەگەڵ رێكخراوەكانی IMS دانیماركی و Internews ی ئەمریكی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا.

لە كۆتایی دیدارەكەدا كونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان كونسڵی هانس ئاكەربووم، سوپاسی تیمی میترۆی كرد و داوای لێكردن پەیوەندییان لەگەڵ كونسڵخانە بەردەوام بێت و هەمئاهەگی هەبێت.


PM:03:01:16/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌