كونسڵی ئەمریكا: میترۆ كارێكی گرنگ دەكات




میترۆ، سلێمانی: كونسوڵی گشتی كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریك ڕۆب واڵەر، لەكاتی سەردانی بۆ سەنتەری میترۆ رایگەیاند ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پابەندە بە پشتگیری ئازادی رۆژنامەنوسی و رادەربڕین و سەنتەری میترۆش كارێكی گرنگ دەكات و ناوبانگی لە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیارە.

لێدوانەكەی واڵەر لەكاتی سەردانی بوو بۆ ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی و كۆبونەوەی لەگەڵی ستافەكەیدا. 
رێكخەری سەنتەری میترۆ رەحمان غەریب، بەخێرهاتنی كونسوڵی گشتی كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای كرد ووتی " بەرێز ڕۆب واڵەر هاتنتان بۆ سەنتەری میترۆ ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە پەرۆشن بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی و بیرورا لە هەرێم هاندانی هەمووان بۆ فراوانكردنیان"

كونسوڵی گشتی كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕۆب واڵەر، ووتی جێگەی شانازیمانە سەردانی رێكخراوێك دەكەین كە بە هۆی كارەكانییەوە ناوبانگی لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیارە ووتی" ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پابەندە بە پشتگیری ئازادی رۆژنامەنوسی و رادەربڕین و دەزانین كاری رۆژنامەنوسی كێشەی هەیە سەنتەری میترۆش كارێكی گرنگ دەكات بە ئامانجی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنوسی"

رێكخەری سەنتەری میترۆ تیشكی خستە سەر راپۆرتی راگەینراوی میترۆ دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020 كە بەو ئەنجامە گەیشتووە كە یاساكانی تایبەت بە رۆژنامەگەری زانیاری جێبەجێناكرێن، توندوتیژی بەرامبەر میدیاكاران و شاردنەوەی زانیاری وایكردوە ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی پڕ بێت لە ئاستەنگ ووتی" لە راپۆرتەكە ژینگەی كارەی میدیاكاران بۆ ساڵی 2020 بە زۆر خراپ وەسفكراوە بەڵام ئەمە كۆتایی چیرۆكەكە نییە و دەتوانیین بیگۆڕین".

 هەروەها باسی لەوەكرد هەرچەندە حكومەت شەڕی دژ بە گەندەڵی راگەیاندووە بەڵام تا ئێستا میدیای نەكردوە بە شەریكی خۆی لە رووبەرووبونەوەی گەندەڵكاری، بەهۆی شاردنەوەی زانیاری راپۆرت لەسەر مەسەلە هەستیارەكانی وەكو گەندەڵی قورس و پر ئاستەنگە  ئەمە سەرباری ئەوەی ژینگەی كاری میدیای پرە لە هەڕەشە، دەستبەسەركردن، جیاكاری، هەراسانكردنی خانمانی میدیاكار، لێدان، گرتن، راگرتن پەخشی كەناڵ، پاكانە پڕكرنەوە بە پەیامنێرو خۆپیشاندەر، شكاندنی كەرەستەی كاری میدیاكاران، لە هەموو كاتێكیش بكەرانی دەربازیان دەبێت لە سزا.

ووتی " هەرێم تەنها بە دروشم نابێتە مەشخەڵی دێمۆكراسی، بەڵكو بە كردارو رێزگرتن لە سەروەری یاسا و دەستەبەركردنی زەمینەی لەبار بۆ ئازادی بیروراو میدیا و خۆپیشاندان هەر ئەمەش لە سیستمی نادێمۆكراسی جیادەكرێتەوە " جەختیكردەوە" داواتان لێدەكەین هانی حزبە دەسەڵاتدارەكان بدەن بۆ رێزگرتن لە جیاوازی و   ئازادی رەخنەگرتن و خۆپیشاندان و كاربكەن بۆ ئازادكردنی ئەوانەی لەسەر ئازادی بیروراو خۆپیشاندان و رۆژنامەنوسی لە زیندان ماونەتەوە"

هەروەها رێكخەری میترۆ باسی لە دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) و پێشتریش لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (رێواز فایەق) و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (قوباد تاڵەبانی) كرد، بە ئامانجی لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ئازادی میدیا.   

میدیاكارو ئەندامی خۆبەخشی سەنتەری میترۆ (شەهێن سابیر)، تیشكی خستە سەر گرفتەكانی میدیاكاری ژن لە دەرەوەو ناوەوەی دامەزراوەكانی میدیا كە لە ناو راپۆرتی ساڵانەی سەنتەر چیرۆكەكەنایان خراونەتە روو.

دیاری محمد بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ باسی لەو پرۆژە یاسایانە كرد كە لە ساڵی رابردوو بە ناوی چاكسازی لە یاسای رۆژنامەگەری خرانە روو كە وە پرۆژە یاساكانی (رەشنوسی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی باڵای میدیا بۆ (رێكخستنی بواری راگەیاندن و میدیا) و (رەشنوسی یەكەمی پرۆژە یاسای دامەزراوەی میدیایی بینراو و بیستراو و سۆشیال میدیا لە هەرێمی كوردستان) و (پێشنیازی پرۆژە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی) كە چەند هەوڵێك بوون بە ئاراستەی بەرتەسكردنەوەی ئازادی رۆژنامەگەری كە لە یاسای رۆژنامەگەریدا بە روونی ئاماژەیان پێكراوە.

 كونسوڵی گشتی كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا (ڕۆب واڵەر)، سوپاسی تیمی میترۆی كرد لە تیشكخستنە سەر ئەو گرفتانەو هەوڵەكەكانی خۆیانی خستەروو لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەربازبوون لەو گرفتانە.
سەنتەری میترۆ سوپاسی كونسڵ و وەفدی یاوەری كرد بۆ سەردانەكەو ئەو دیارییە جوانەی كە پێشكەشی كتێبخانەی سەنتەری كرد، هەوەها میدیاكار شەهێن سابیر دیارییەكی سادەی پێشكەش بەرێزیان كرد.


PM:03:03:16/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌