ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی CPJ و CPT تایبەت بە بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنوسان و ئازادی ڕادەربڕین، لەسەر سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان هاتنە دەنگ و داوا لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم دەکەن ئازادیان بکەن
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان CPJ ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە بڕیاری دادگای هەولێر بۆ زیندانیکردنی هەردوو ڕۆژنامەنوس (شێروان شێراوانی و گوهدار زێباری) بڵاوکردەوە و داوای ئازدکردنیان دەکات.

ئیگناسیۆ میگێل دیلگادۆ، نوێنەری CPJ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا دەڵێت، ئەو حوکمەی ئەمڕۆ بەسەر هەردوو ڕۆژنامەوان شێروان ئەمین شێروانی و گوهدار زێباری دراوە، نەک تەنیا نەگونجاو و نادەدپەروەرانەیە، بەڵکو دەیسەلمێنێت حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق وازی لەوەش هێناوە خۆی پـیشان بدات کە گرنگی بە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەدات.
دیلگادۆ دەشڵێت، پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی باکوری عێراق دەستبەجێ ئەم دوو ڕۆژنامەنوسە ئازاد بکەن و تۆمەتەکانیان لەسەر لابەرن و وازبهێنن لە هەراسانکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
بە هەمانشێوە تیمەکانی بونیاتنەری ئاشتی لە کوردستانی عێراق CPT لە ڕاگەیەنراوێکدا تیشکی خستووەتەسەر ئەو لێدوانەی شێروان شێروانی کە باس لە ئەشکەنجەکردنی دەکات لە کاتی پرۆسەی لێکۆڵینەوەدا.

CPT دەڵێت، پاڵنەری سیاسی بۆ بێدەنگکردنی دەستپێشخەرییە مەدەنییەکان و مافەکانی مرۆڤ بەڕوونی دەرکەوێت لەم کەیسەدا، هەربۆیە بە قوڵی نیگەرانی خۆی نیشانداوە کە مافە بنەڕەتیەکانی خەڵکی مەدەنی پێشێل دەکات و ژیانی ئەو کەسانە لەناو دەبات کە ڕاستی ئاشکرا دەکەن و لە دژی تووندوتیژی دەوەستنەوە.
وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی دەکات، لە دژی ئەو ناهەقییە هەڵوێستیان هەبێت و لە کاتی دادگایی کردنی پێداچوونەوە بە یاسا و پرۆسەی یاسایی سەربەخۆدا، ڕێز لە یاسا بگیرێت.
ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە، لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی پەدەکەوە لە بادینان دەستگیرکران، دوێنێش بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان”، پرۆسەی دادگاییکردنی هەریەک لە ڕۆژنامەنووس (شێروان شیروانی و گوهدار زێباری) و چالاکوانان (شڤان سەعید، ئەیاز كرەم و هاریوان عیسا) لە دادگای دووی هەولێر کۆتایی هات و بۆ هەریەکەیان سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەر سەپێندرا.
-rojnews