حاکم رزگار: 40 ساڵە لەدەزگای دادوەریدا کاردەکەم، دۆخی دادوەری لە ئێستا خراپتر نەبوە
PM:12:02:18/02/2021

دادوەر رزگار محەمەد ئەمین، ئەندامی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیكەی چل ساڵ دەبێت لەدەزگای دادوەریدا کاردەکات پێیوایە "لە ئێستا خراپتر باری دادوەریم نەبینیوە لەو قۆناغانەی كە بۆخۆم بینیومە"، قۆناغی دادوەری و بارودۆخی عەدالەت و یاسا ئێستا لەخراپترین ئاستدا دەبینێت لەعێراق بەگشتی و لەهەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی.

دادوەر رزگار محەمەد ئەمین لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، "ئه‌و حوكمانه‌ی كه‌له‌دادگای تاوانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت شیاوی پێداچونه‌وه‌یه‌ له‌دادگای ته‌میز- پێداچونەوە، هه‌ندێك بڕیار هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی كێشه‌كه‌ ته‌میزی نه‌كاته‌وه‌ هه‌رخۆی پێی ده‌ڵێن "وجوبی" واته‌ به‌خۆڕسك دێته‌ دادگای پێداچونەوە ئه‌وه‌ی كه‌ سزاكه‌ی له‌سێداره‌دان بێت، زیندانی هه‌تا هه‌تایی بێت نه‌ك ئه‌گه‌ر حوكمیش درابێت به‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر له‌یاساكه‌دا سزاكه‌ی وادیاریكرا بێت، كه‌ ئه‌مه‌ له‌سێداره‌دانه‌ یان زیندانی هه‌تا هه‌تاییه‌، ‌هه‌رجۆرێكیش له‌ حوكم له‌وباره‌یه‌ ده‌ربچێت ده‌بێت دادگای تاوان بینێرێت بۆ داواكاری گشتی دواتر بۆ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی به‌پێی یاسای داواکاری گشتی، سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتیش ده‌بێت بینێرێت بۆ دادگای پێداچونەوە له‌دادگای پێداچونەوە ده‌سته‌یه‌كی پێنج كه‌سی ئه‌و كێشانه‌ ده‌بینێت، كه‌ له‌دادگای تاوانه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت له‌ تاوانه‌وه‌ و‌ ده‌سته‌یه‌كی گشتیش یان دەستەی گشتی ئه‌و كێشانه‌ ده‌بینن كه ‌سزای له‌سێداره‌دانی تێدا ده‌رچوبێت".

لەبارەی سزادانی پێنج دەستگیرکراوی بادینان، دادوەر رزگار ئاماژەی بەوەکردوە، "له‌م كێشه‌یه‌ی ئێستا نازانم چونكه‌ دۆسێیەکەم نه‌بینیوه،‌ كه‌ به‌چ مادده‌یه‌ك حوكمیان داون ئه‌گه‌ر له‌و ماددانه‌ بێت كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا سزای هه‌تا هه‌تایی تێدا هه‌یه‌ یان له‌سێداره‌دانی تێدا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ دادگا به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیش ته‌میزی بكاته‌وه‌ ده‌بێت بینێرێت، بۆ دادگای پێداچونەوە له‌به‌رئه‌وه‌ ئێستا به‌وردی نازانم به‌ چ مادده‌یه‌ك حوكم دراون ئه‌وان ئه‌گه‌ر له‌و ماددانه‌بو، ئه‌وا ده‌بێت بینێرێت بۆ دادگای پێداچونەوە، ئه‌گه‌ر له‌و ماددانه‌ش نه‌بێت كه‌زیندانی هه‌تا هه‌تایی یان له‌سێداره‌دانه‌ نه‌ك حکومه‌كه‌ به‌وجۆره‌ ده‌رچو بێت، هه‌ر له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا ئه‌و سزایه‌ی تێدابێت كه‌ ئه‌م پێی حوکم دراوه‌، ئه‌وكاته‌ لایه‌نی كێشه‌كه‌، وه‌داواكاری گشتیش هه‌ردولایه‌ن بۆیان هه‌یه‌ تۆمه‌تبار كه‌ حوكمدراوه‌، داواكاری گشتیش هه‌ر بۆی هه‌یه‌ هه‌ردولایه‌ن مافیان هه‌یه‌ داوای پێداچونه‌وه‌ بكه‌ن له‌دادگای پێداچونەوە".

ئەوەشی خستەڕو، وه‌كو دادوه‌رێك "هه‌تا مه‌له‌ف نه‌بینم ناكرێت قسه‌ بكه‌م، له‌ڕاستیشدا چونكه‌ ئه‌ندامی دادگای پێداچونەوەم به‌ڵام ئه‌و كێشه‌ "جه‌زائیانه‌" مه‌گه‌ر سزای له‌سێداره‌دان بێت ئه‌گه‌رنا نایه‌ته‌ لای من، من كێشه‌ی نه‌وجه‌وانان ده‌بینم بۆیه‌ ئێستا هه‌رچی بڵێم ئه‌وه‌ له‌خۆوه‌یه‌".

دادوەر رزگار محەمەد ئەمین دەڵێت، "هیچ کەس و لایەنێکی دادوەری مافی ئەوەی نیە نە بەباش یاخود پێچەوانە قسە لەسەر دۆسێیەک بکات کە هێشتا نەیبینوە و کاری ئەو نەبێت چونکە ئەوە کاری دادگای پێداچونەوەیە پاش بینینی دۆسێیەکە کە هێشتا نەیبینیوە".

حاکم رزگار دەڵێت، "ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری مافیان نییه‌ قسه‌ بكه‌ن له‌سه‌ر كێشه‌كه‌ بڵێن، ئه‌م كێشه‌یه‌ واباش به‌ڕێوه‌چوه‌ یان هه‌ر ته‌علیقێكی تر له‌وباره‌یه‌وه،‌ چونكه‌ ئه‌وكات ئه‌و بابه‌ته‌ له‌دواجاردا ده‌بێت بچێته‌ به‌رده‌می ئه‌و ده‌سته‌یه‌ یا دادگای پێداچوونەوە جا ده‌سته‌ی پێنج كه‌سیه‌كه‌یه‌ یان ده‌سته‌ گشتیه‌كه‌یه‌، ئه‌وه‌شی كه‌ بۆ ده‌سته‌ی پێنج كه‌سی ده‌چێت دوو ده‌سته‌ی پێنج كه‌سی له‌ناو دادگای پێداچوونەوەی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ هه‌ریه‌ك له‌و دوو ده‌سته‌یه‌ بۆی هه‌یه‌ داوابكات بدرێته‌ ده‌سته‌ی گشتی بۆیه‌ له‌ڕاستیدا له‌سه‌ر ئه‌سڵی بابه‌ته‌كه‌ ئایا بڕیاره‌كه‌ ڕاسته‌ یان ڕاست نییه‌ من وه‌كو حاكمێك نابێت قسه‌ بكه‌م".

هەروەها دەشڵێت، "ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ قسه‌ بكات له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ یاساییه‌ یان نایاساییه‌، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری جیهه‌تێكی ئیدارییه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌چۆنیه‌تی ئیداره‌كردنی بارودۆخی قه‌زایی و چۆنیه‌تی دانانی دادوه‌ر و چۆنیه‌تی گواستنه‌وه‌ی و مۆڵه‌ت و فه‌رمانبه‌ر و هه‌ندێك سه‌ڵاحیه‌تی تر كه‌ یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هاتوه،‌ به‌ڵام قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌یسێكی قه‌زائی، هونه‌ری كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ دروسته‌ یان دروست نییه‌ ئه‌وا دادگای ته‌میز به‌ته‌نها ئه‌و مافی هه‌یه‌ بڵێت ئه‌م بڕیاره‌ بڕیارێكی دروست و قانونی و به‌شێوه‌یه‌كی رێكوپێك ده‌رچوه‌ یان ده‌رنه‌چوه‌".

دادوەر رزگار محەمەد ئەمین جەختیکردەوە، "بێگومان دوای ئه‌وه‌ی كه‌ دێته‌ به‌رده‌ستی دادگای ته‌میز-پێداچونەوە ئێستا بۆی نییه‌ قسه‌ بكات له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌و قه‌زیه‌ و بڵێت ئه‌و قه‌زیه‌یه‌ ڕاست بوه‌ یان هه‌ڵه‌ بوه‌ چونكه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی كرد ئیتر دادگای پێداچونەوە مافی نامێنێت قسه‌ بكات له‌كه‌یسه‌كه‌دا".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە بەشێک لەخەڵکی دەڵێن لەکاتێکدا ئەوان تۆمەتی سیخوڕی دراوەتە پاڵیان چۆن سزای شەش ساڵ زیندانی کردنیان بەسەردا سەپاوە؟، دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین دەڵێت، "له‌ڕوی یاساییه‌وه‌ هه‌موی وه‌كو یه‌ك نیین ده‌قه‌كان، ده‌قی جیاواز جیاواز هه‌یه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌سێداره‌دان هه‌یه‌ هه‌تا هه‌تایی هه‌یه‌، كاتی هه‌یه‌، یاسای تیرۆر و یاسای سزادانی عێراقی جێبه‌جێ ده‌بێت له‌سه‌ری، هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندی به ‌یاسای سزادانی عێراقیه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ندێكیشیان په‌یوه‌ندی به‌یاسای به‌گژداچونه‌وه‌ی تاوانی تیرۆره‌ من نازانم ئه‌و براده‌رانه‌ به‌ چ مادده‌یه‌ك سزادراون".

رونیشیکردەوە، "ئه‌و بڕیاره‌ی دادگا سەبارەت بەو پێنج کەسە بێگومان كۆتایی نییه‌ هه‌تا دادگای پێداچونەوە نه‌یبنێت، دو پله‌ش هه‌یه‌ له‌دادگای پێداچونەوە هەیە پله‌یه‌كیان ته‌نها پێداچونه‌وه‌ی "ته‌میزییه‌" له‌دوای ئه‌و پله‌یه‌شه‌وه‌ پله‌یه‌كی تری پێداچونه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش پێی ده‌ڵێن ڕاستكردنه‌وه‌ی بڕیاری ته‌میزی یاسای عێراقی گەرەنتی زۆری داوه‌ به‌تۆمه‌تبار بۆ ئه‌وه‌ی كه ‌قۆناغی یه‌ك له‌دوای یه‌ك ئه‌گه‌ر به‌دڵی نه‌بوو پێداچونه‌وه‌ی بۆ بكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی دروست جێبه‌جێ بكرێت".

سەبارەت بەهۆکاری دۆخی دادگەری لەهەرێمی کوردستان کە دادوەر رزگار دەڵێت، "لەتەمەنی کارکردنمدا لەم دۆخە خراپترم نەدیوە، هۆكاره‌كه‌ یه‌كه‌م كه‌س بۆ قازی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ قازی لێپرسراوی یه‌كه‌مه‌ خۆی كه ‌سوێند ده‌خوات كه‌ ئه‌و ئه‌و پۆسته‌ی پێ ده‌درێت ئیداری بێت یان غه‌یری ئیداری بێت ده‌بێت به‌وپه‌ڕی ویژدانه‌وه‌ یه‌كه‌م شایسته‌ی ئه‌و شوێنه‌ بووبێت كه‌واته‌ دانانی كه‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو ئه‌و وته‌یه‌ ئه‌وه‌ زۆری كێشه‌كانی دروستكردوه‌ و زۆریشی چاره‌سه‌ر ده‌كات ئه‌وه‌ بابه‌تێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی دانانی كه‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو به‌ڵام "محاسه‌سه‌ی" حیزبی ئه‌وه‌ بابه‌تێكه‌ لای من سه‌رنج له‌سه‌ر دادوه‌ر خۆی ده‌كه‌م له‌سێبه‌ری هه‌مان ئیداره‌ و هه‌مان حیزبدا دادوه‌ر هه‌یه‌ به‌باشی ئیشه‌كانی خۆی ده‌كات دادوه‌ریش هه‌یه‌ ته‌سلیمی ئیراداتی تر ده‌بێت ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك".

-awene