رەحمان غەریب: سەرنجی میدیا دەرەوەی لە موشەكەكانەوە گۆڕدرا بۆ دادگایكردنی‌ چالاكه‌وانه‌كان




وێستگه‌ نیوز- سلێمانی‌

رێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ، ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 18 ی‌ شوباتی‌ 2021 ڕایگه‌یاند له‌دوای‌ بڕیاری‌ سزادانی‌ چالاكه‌وانه‌كان له‌لایه‌ن دادگای‌ هه‌ولێره‌وه‌، سه‌رنجی‌ میدیای‌ ده‌ره‌وه‌ له ‌موشه‌كبارانكردنه‌كه‌وه‌ وه‌رگه‌ڕا بۆ شێوازی‌ پرۆسه‌ی‌ دادگایكردنه‌كه‌ پرسیاریش ده‌كات " ئەمە چ عەقڵ و مەنتقیكە ئەم هاوسۆزییەی وێرانكرد" ده‌ڵێت "بێگومان دادگاییكردنەكەیە".

ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌رۆژنامه‌نوسان، سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی‌ دادگایكردن و سزادانی‌ شه‌ش چالاكه‌وانی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ هه‌ولێره‌وه‌ كه‌سزای‌ شه‌ش ساڵی‌ به‌سه‌ردا سه‌پاندن، به‌وێستگه‌ نیوزی‌ ڕاگه‌یاند كه‌  ئێستاش فرسه‌ت له‌به‌رده‌مه‌ " چونكە ئەو بڕیارەكەی دادگا سەبارەت بە كەیسی پێنج حوكمدراوەكە  كۆتایی نییە هەتا دادگای پێداچونەوە نەیبنێت، با پێداچونەوەكە لە بەرژەوەندی دیمۆكراسیەت و ئازادی بێت" .

هه‌روه‌ها پێیوایه‌ كه‌ ڕووداوی‌ سزادانه‌كه‌ سه‌رنجی‌ میدیاكانی‌ جیهانی‌ له‌سه‌ر مووشه‌كبارانكردنی‌ هه‌ولێر وه‌رگه‌ڕاندۆته‌ سه‌ر پرۆسه‌ی‌ دادگایكردنه‌كه‌ی‌  ئه‌و شه‌ش چالاكه‌وانه‌و هاوكاتیش پرسیار ده‌كات  " ئەمە چ عەقڵ و مەنتقیكە ئەم هاوسۆزییەی وێرانكرد؟" 

ده‌ڵێت "بێگومان پرۆسه‌ی‌ دادگاییكردنەكەیە هاوسۆزییه‌كه‌ی‌ وێرانكرد، بۆیە كاتی ئەوەیە بە بێ ئەوەی تۆمەتبار بكرێن بە دەخالەت لە سەروەری یاسا هەندێ لێدوانی دڵنیاكەرەوە لە بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە لەسەر دۆسییە گیراوەكان و حوكمەكەیان بدرێت تا میدیا جیهانی موشه‌كه‌كانی‌ بیر نەچێتەوە".

رێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ ده‌ڵێت "دوێنێ نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی سەرەتای ووتارەكەی بە هێرشە موشەكییەكەی سەر پایتەختی هەرێمی كوردستان دەستپێكرد بە هەرەشەی گەورە لەسەر سەقامگیری عێراق وەسفكرد، ئەمریكا كە سەركردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكات، بەڵێن دەدات كە سزای ئەنجامدەرانی بدات. زۆرینەی وڵاتانی دونیا ئیدانەی هێرشەكەیان كرد، هاوسۆزی لەگەڵ هەرێمی كوردستان تا دێت فراونتر دەبێت".

هه‌روه‌ها زیاتر ڕونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ " رەفتاری خاوەن موشەك و موشەك هاوێژی سەر پایتەختی حوكمرانی كوردان، وەك رەفتاری داعشییەكان تەماشا دەكەن و دوریش نییە هەر وەك ئەو گروپە تیرۆریستییە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت. لەئاستی ناوخۆدا بە یەك دەنگ هێرشەكاننیان ئیدانە كرد ئەمە دڵخۆشكەر بوون". 

به‌ڵام ده‌شڵێت‌ "لە كاتێكدا سەرنجی دونیا لەسەر موشەك و موشەك هاوێژ بوو، دادگاییكردنی چالاكوان و رۆژنامەنوس و حوكمدان بەسەریاندا بڵاودەبێتەوە ئیدی لەو ساتەوە فۆكس لەسەر دادگایی تاوانەكانی هەولێرە نەك موشەكبارانی شارەكە. دڵنیام ناحەزانی كوردو كوردستان ئەمەیان پێخۆش بوو".


ره‌حمان غه‌ریب پێیوایه‌ له‌دوای‌ موشه‌كبارانه‌كه‌ هاوسۆزی‌ بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەبووه‌ كه‌ "دیموكراسییەت و كۆڵەكەكانی له‌هه‌رێمی‌ كوردستان پته‌و بێت و  ئازادی دەنگدان، خۆپیشاندان، نوسین، رەخنە، زانیاری، میدیا پارێزراوبن.... سەركوتكردن و دەربازبوون لە سزا و دەمداخستن نەبێتە دیاردە".

ره‌خمان غه‌ریب جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "ئێستاش ئەو فرسەتەمان لەبەردەمه‌، چونكە  بڕیارەكەی دادگا سەبارەت بە كەیسی پێنج حوكمدراوەكە  كۆتایی نییە هەتا دادگای پێداچونەوە نەیبنێت".

رێخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ داواده‌كات "با پێداچونەوەكە لە بەرژەوەندی دیموكراسییه‌ت بێت"


PM:03:58:18/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌