هەڵوێستی‌ ژماره‌یه‌ك ڕێكخراو دەربارەی پرۆژە یاسای هەمواركردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی



میترۆ
پرۆژە یاسای هەمواركردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە، بریارە 15ی ئازار بخرێتە بەرنامەی كار و دەنگی لەسەر بدرێت كە یەكێك لە بڕگەگانی فەرز كردنی ئەندامە لە دەرەوەی سیستمی دادوەری و دەنگۆی ئەوەش لە ئارادایە "بودجە پەسند نەكرێت، تاوەكو یاسای دادگای فیدراڵی پەسند نەكرێت".

دادگای باڵای فیدراڵی چاودێرە لەسەر دەستوری بوونی یاسا و بریارەكان و بۆی هەیە لەكاتی دروستبوونی كێشە لەسەر دەسەڵاتەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمەكان قسەی یەكلایكەرەوەی هەیە، بەربەست دەبێت لەوەی لایەكیان مافی ئەویدی پێشێل بكات بەمەش هەم ئەركی چاودێریكردن و هەم ئەركی ناوبژیوانی دەكەوێتە ئەستۆ، هیچ دادگایەكی دیكە بۆی نییە تێهەڵچوونەوە بۆ بڕیارەكانی بكات. 

بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان كە لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق دەژین، كە دەوڵەتێكی ناوەندو یەك هەرێم پێكهاتووە، یاساو پێكهاتەی دادگای فیدراڵی عێراق زۆر چارەنوسسازە.
ئێمە لەكاتێكدا پشتیوانی لەو هەڵمەتە دەكەین كە چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ، سەندیكا و یاساناسان و كەسایەتی نیشتمانی، رێكخراوەكانی ژنان، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی عێراق، دەكەین لە رەتكردنەوەی ئەو بڕگانەی پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە فەرزكردنی ئەندام بۆ دادگاكە لە دەرەوەی سیستمی دادەوەری، داواش لە لە نوێنەرانی گەلی كوردستان دەكەین كە دەنگ بەو بڕگەیە نەدەن.

ئێمە ئەو رێكخراوانەی لای خوارە ئیمزامان كردووە جەخت دەكەینەوە كە پارێزگاری لە دەسكەوتەكانی هاوڵاتیانی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە كە لەدەستووردا هاتووە، بە بوونی دادگایەكی باڵای فیدرالی سەربەخۆ، زامن دەكرێت. فەرزكردنی ئەندامان لە دەرەوەی سیستمی قەزایی بە سیفەتی ئەندام  ڕەت دەكەینەوە.
ناوی رێكخراوەكان:
• سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنوسان
• رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت
• رێكخراوی فریاكەوتنی میلی
• ئینستتیوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان
• هاوبەندی راهێنەرانی مافی مرۆڤ
• رێكخراوا مافێن مروڤی ل كوردستان
• رێكخراوی مادەی 19 لە كوردستان
• كۆمەڵەی ئافرەتانی كوردستان
• رێكخراوی چەپك بۆ گەشەپێدانی مرۆیی


PM:08:30:14/03/2021




ئه‌م بابه‌ته 2236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌