میترۆ
ئهمڕۆ پێنجشهممه 1ی نیسانی 2021، لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا لهپهرلهمانی كوردستان له ههولێر رایانگهیاند، سەردانی گیراوانی بادینان دەکەن.
رۆمیۆ حوزەیران سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، سزادراوەکان پێیان وتوون بەو سزایە رازی نین کە دادگا بۆی دەرکردوون،ئەو تۆمەتانەشیان رەتکردەوە کە دراوەتە پاڵیان.
وتیشی "ئومێدێکی زۆرمان هەیە کە بڕیارەکەی دادگای تەمیز لەبەرژەوەندی سزادراون بێت، چاوەڕوانین دادگا بڕیاری خۆی بدات لەو بارەیەوە".
دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر 16 ی شوباتی 2021 بڕیاریدا هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بە شەش ساڵ زیندانی سزا بدرێن، بەتۆمەتی سیخوڕی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەرێم.
گوڵستان سەعید جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد، سزادراوەکان هەندێکیان 15 رۆژ، هەندێکی دیکەیان هەفتە و سێ رۆژ مانیان گرتووە، بۆ ئەوەی سزاکانیان هەڵبوەشێتەوە.
ڕۆژی 25ی شوباتی 2021، تیمی پارێزەرانی پێنج سزادراوەکەی بادینان لە دادگای پێداچوونەوە تانەیاندا لە بڕیارەکەی دادگای هەولێر بۆ سزادانی ئەو کەسانە بەشەش ساڵ زیندانی بەتۆمەتی "سیخوڕی و مەترسی" بۆ سەر ئاسایشی هەرێم، بەڵام هێشتا بڕیارەکە پێداچونەوە بۆ نەکراوە.
بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەری لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی وتی سزادراوەکان کەسوکاریان نەیان بینیون و هیچ پارێزەرێکیشیان نەبینوە، ئەوەش پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، فشاری زۆریشیان لەسەرە. لەزیندانی چاکسازیی بۆ هەر ژوێک کە 50 مەترە 135 کەسی تێدایە، لەکاتێکدا دەبوو 30-35 کەسی تێدا بێت.
دۆسیەی سزادانی ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانەی بادینان کاردانەوەی زۆری دروستکردووە، بەتایبەت کە هەشت رۆژ دوای تانەدان لە بڕیارەکە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڤیدیۆیەکی بەناوی "دانپێدانانی" ئەو کەسانە بڵاکردەوە.
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە کاردانەوەکانی زیاتر کرد، سێ ئەندامی ئەنجومەنەکە لە پشکی یەکێتی لە راگەیەنراوێکدا جەختیانکردەوە، به هیچ جۆرێك ئاگاداری ئهو راپۆرت و دانپێدانانه نین و سیفهتی "فهرمیبوون" وهرناگرێت.