میترۆ
چەند چەکدارێک چوونەتە سەر کەنیسەیەک و لەکاتی پەخشی ڕاستەوخۆی بۆنەیەکی ئاینیدا لەناو کەنیسەکە قەشەیەک و سێ کەسی دیکەیان ڕفاندووە و گرتەی ڤیدیۆی ڕوداوەکەش تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنی.
ڕۆژنامەی میامی هیراڵدی لە وڵاتی هایتی بڵاوی کردەوە، ئەو ڕوداوەی کە گرتەی ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کراوەتەوە لە کەنیسەی دیکینی لەنزیک شاری برنستی پایتەختی ئەو وڵاتەدا ڕوویداوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، ڕوداوەکە شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕویداوە و دوو پیاو لەناو ئەو گروپەدا چەکیان پێبووە و چوونەتە سەر ئەوانەی کە سروودەکەیان وتووە لەکاتی بۆنەکەدا و ڕفاندوویانە.
شایەتحاڵێکیش بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، نزیکەی هەشت بۆ 10 کەس بەدوو ئۆتۆمبێلەوە هاتوون و قەشەیەک و سێ کەسی دیکەیان ڕفاندووە کە پیانۆژەنێکیشیان تێدابووە.
باس لەوەش کراوە، ئەو ڕووداوە مانای وایە کە هەموو شتێک ئاسایی دەبێت لە وڵاتتدا چونکە هیچ ڕێزێک لە دەزگاکان ناگیردرێت جا کەنیسە بێت یاخود قوتابخانە بێت.
بەپێی ڕۆژنامەکە، بەم دواییانە کاری چەتەگەرێتی و ڕفاندن زیادی کردووە، ئەوەش لەبەرامبەر دەستکەوتنی پارەدا بەهۆی ئەوەی قەیرانی ئابووری ئەو وڵاتەی گیرۆدە کردووە.