داوای لێكۆڵینەوەی جدی و بە پەلە دەكەین




میترۆ
سلێمانی،3ی نیسانی 2021: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە دامەزراوەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكات، لێكۆڵینەوەی جدی و بەپەلە دەكەین لە رووداوی هێرشی بەردەوام بۆ سەر ماڵی رۆژنامەنوس (محمد فاتیح حامید) و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكات.

ئەمرۆ لە ئۆفیسی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی پێشوازیمان كرد لە بێژەرو هەواڵسازی رادیۆی نەوا (محمد فاتیح حامید) ، كە بەمەبەستی ئاگاداركردنی سەنتەر لەو دەستدرێژییەی دەكرێتە سەر ماڵیان سەردانی كردین .

محمد فاتیح پێی راگەیاندین لەماوەی مانگێكدا چەند جارێك كۆمەڵێك هەرزەكار شەوانە هێرش دەكەنە سەر ماڵەكەی كە دەكەوێتە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی و بە پێ‌ لەقە دەكێشن بەدەرگای ماڵەكەیدا و دەرگای ماڵەكەیان شكاندوە و هەڕشەشیان لێكردوە ووتی " چەند جارێك بە رەسمی و نارەسمی ئاگاداری لایەنی ئەمنی ناوچەكەم كردووە" جەختیكردەوە " پێیان راگەیاندوم كە ئەو دەستدرێژییانە پەیوەندی بە كارەكەمەوە هەیە".

بە پێی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە بۆ میترۆی هێناوە  كۆمەڵێك هەرزەكار شەوانە هێرش دەكەنە سەر ماڵەكەی كە دەكەوێتە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی و بە پێ‌ لەقە دەكێشن بەدەرگای ماڵەكەیدا و دەرگای ماڵەكەیان شكاندوە و هەڕشەشیان لێكردووە.

بە پێیی قسەكانی ئەو رۆژنامەنوسە ماوەی مانگێك زیاترە ئەم دەستدرێژیە بۆ سەر ماڵەكەی بەردەوامە و سێ‌ جار ئاسایشی ئاگاداركردوەتەوە و لەدوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و دانانی كامێرای چاودێری، بەهەمان شێوە دەستدرێژی بۆ سەر ماڵەكەی بەردەوامە و لەئێستادا ژن و منداڵەكانی توشی ترس و دڵەڕاوكێ‌ بوون.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان پشتیوانی لە رۆژنامەنوس (محمد فاتیح) دەكات، داوا لە دامەزراوەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكەین لێكۆڵینەوەی جدی و بەپەلە بكات لە رووداوی هێرشی بەردەوام بۆ سەر ماڵی رۆژنامەنوس (محمد فاتیح حامید) و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكات.

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR  ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسیی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.

لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە  رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی كردوە. میترۆ بۆ ساڵی 2021 چوار پرۆژە بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و رێكخراوی  Intenews ، جێبەجێدەكات.


PM:12:36:03/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 3324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌