زانیارییەکانی 500 ملیۆن هەژماری فەیسبووک دەکەوێتە بەردەست هاککەران



میترۆ
زانیارییەکانی زیاتر لە 500 ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووک لە وێبسایتێکی هاککەران بڵاودەکرێنەوە و بەکاری دەهێنن. ئەوەش نموونەیەکی دیکەیە کە پێشانی دەدات، فەیسبووک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دیکە زانیاریی بەکارهێنەران کۆدەکەنەوە. 
 
هەرچەندە ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە وا دەردەکەوێت هی ساڵانی رابردوو بن، بەڵام پێشانی دەدات کە چۆن زانیاریی بەکارهێنەران لەسەر سۆشیاڵمیدیا پارێزراو نییە. 
 
ئاشکرابوونی ئەو داتایانە سەرەتا لەلایەن بیزینس ئینسایدەرەوە بڵاوکرایەوە. بەپێی ئەو ماڵپەڕە، بەکارهێنەرەکان هی 106 وڵاتن. زیاتر لە 32 ملیۆنیان لە ئەمریکان، 11 ملیۆن لە بەریتانیا و شەش ملیۆنیشی لە هیندستانن.
 
ئەو زانیارییانەی ئاشکرابوونە، ژمارە تەلەفۆن، ناسنامەی هەژماری فەیسبووکی کەسەکان، ناوی تەواو، شوێن، ئیمەیڵ و بەرواری لەدایکبوونی لەخۆگرتووە.
 
ئەوە یەکەمجار نییە زانیاریی بەکارهێنەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاودەبێتەوە و ئەو کۆمپانیایە چەندین ساڵە بەدەست ئەو کێشەیەوە دەناڵێنێت. لە ساڵی 2018، فەیسبووک ئەو فیچەرەی نەهێشت کە خەڵکی لە رێگەی ژمارەی تەلەفۆنەوە بتوانن هەژماری یەکدی بدۆزنەوە. ئەوەش دوای ئەوەی کامبریج ئەنالەتیکا زانیاریی نزیکەی 87 ملیۆن بەکارهێنەری ئەو کۆمپانیایەی بەکارهێنابوو. 
 
بەکارهێنانی زانیاریی ئەو بەکارهێنەرانە "بەبێ ئاگاداری و قایلبوونی" خۆیان بوو. 
 
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019ـەشدا، توێژەرێکی ئۆکراینی رایگەیاند، داتابەیسێکی دۆزیوەتەوە کە ناو، ژمارە تەلەفۆن و ناسنامەی هەژماری فەیسبووکی زیاتر لە 267 ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووکی لەسەرە کە بە نزیکەیی هەموویان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوون. 
 
گوتەبێژێکی فەیسبووک بە بیزنس ئینسایدەری گوتووە کە داتاکان کۆنن و هی ساڵی 2019ـەن. 
 


PM:12:03:04/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌