میترۆ
لە عێراق گرنگیدان بە گەڕان بەدوای ئاسوودەیی دەروونی لەلایەن گەنجانەوە لە گووگڵ زیادیکردووە، لە ساڵی رابردوو، گەڕانەکە بەرێژەی 137% لەچاو ساڵی 2019 زیادیکردووە. هاوکات پرۆسەکانی گەڕان کە وشەی چارەسەریان تێدایە، بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو گەیشتووەتە لووتکە.
لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات باسی کێشەکانی گەنجانی عێراق کرا، هاوکات ئەوە خرایەڕوو کە هۆکاری بێتاقەتی و خراپیی دۆخی دەروونی گەنجەکان، خراپیی دۆخی وڵاتەکەیە بە لایەنی ئەمنیی و ئابوورییەوە.
کۆمپانیای گووگڵ بڕیاریداوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەرنامەیەک بۆ هاوکاریی گەنجان دەستپێبکات کە هەست بە ماندوویی و بێتاقەتی دەکەن. سەلما شەهد، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی گووگڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و د. ناردین تورجمان، پزیشكی دەروونی لە بەرنامەی بەرپرسیار باسیان لە کێشەکان و بەرنامەکەی گووگڵ کرد.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلما شەهد و د. ناردین تورجمان:
رووداو: چی وای لە گووگڵ کرد کە ئەو بەرنامەیە دەستپێبکەن؟ ئەو پرۆژەیە لە کوێوە هاتووە و ئامانجی ئێوە چییە؟
سەلما شەهد: سوپاس بۆ میواندارێكردنمان وەك نوێنەری گووگڵ، ئێمە لە گووگڵ كاتێك كار و پرۆژەیەك و دەستپێشخەرییەك دەكەین دوو مەبەستمان دەبێت. مەبەستی یەكەممان دابینكردنی زۆرترین زانیاریی و بەخشینی بەزۆرترین بەكارهێنەر لەسەر ئاستی جیهان. مەبەستی دووەمیشمان، لە ساڵی 2020 بایەخێكی زۆر بە بواری نەخۆشی و تەندروستیی دەروونی و خۆشگوزەرانی تاك درا. ئێمەش لە گووگڵ بڕیارماندا دەستپێشخەرییەك بخەینەگەڕ لەبارەی تەندروستیی دەروونی دوای ئەوەی تەواوی زانیارییەكان زۆر بەوردی لەلایەن كەسانی پسپۆڕی ئەم بوارە ئامادەكرا و لە رێگەی ئەپڵیكەیشنێك بەهاوكاری گووگڵ ئەسیستانت كاریان لەسەر كرا و خرایە واری جێبەجێكردنەوە. ئەم ئەپلیكەیشنە یارمەتیدەری پێشوەختەی ئامادەكراوە. هەموو دیالێكتە عەرەبییەكان تێدەگات، لەمانەش دیالێكتی عێراقی و وەڵامەكەش بەعەرەبییەكی پاراو دەدرێتەوە.
شەهیان: دەتوانی ئەو داتایانە بە ئێمە بڵێیت کە دەست ئێوە کەوتوون؟ دەتوانی پێمان بڵێیت گەڕان بۆ چارەسەری بێتاقەتی چەندێک زیادبووە؟
سەلما شەهد: ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ ئامارەكان دەكەین لە رێگەی ئەو داتایانەی لە ماوەیەكی دیاریكراودا كۆدەكرێنەوە و تێبینی ئەوەمان كرد، لە ساڵی 2020 بەكارهێنەرانی گووگڵ بایەخێكی رادەبەدەریان بە سێرچكردن داوە لەبارەی دۆخی تەندروستی و دەروونی. ئەم بایەخە زۆرەی بەكارهێنەران بەتایبەتی لەكاتی كەرەنتینەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بینرا و تێبینی كرا. بێگومان قەیرانی تەندروستیی یەكێك بووە لە فاكتەرە هەرە گرنگەكان، كە وایكردووە بەكارهێنەرانی گووگڵ لە هەموو جیهان سێرچی زیاتری بۆ بكەن و بایەخی پێبدەن. هەروەها دووركەوتنەوەی خەڵكی لە كەسوكار و خزمەكانیان هۆكاربووە بۆ شڵەژاوبوونی دۆخی دەروونی تاك و هەموومان بەگشتیی لەم جیهانە نەك تەنیا لە وڵاتانی عەرەبیدا.
رووداو: ئەو پرسیارانەی خەڵک لە گووگڵیان کردووە لە ساڵی 2020 لەبارەی پاڵپشتیی دەروونی، کام پرسیار زۆرتر لە گووگڵ کراوە؟
سەلما شەهد: ئەوەی تێبینیمان كردووە لە ساڵی 2020، بریتییە لەوەی پرسیاری زۆر كراوە نەك تەنیا بۆ چۆنێتیی خۆپارێزیكردنی خۆیان بەڵكو بۆ چۆنێتیی خۆپارێزی كەسانی نزیك لە خۆیان و خۆشەویستانیان و زۆربەی زۆری پرسیارەكانیش لەبارەی خەمباری و تەنیایی و هەڵچوون و نیگەرانبوون بووە لەبارەی دۆخی تەندروستیی و ئەو قەیرانەی بەرۆكی هەموو جیهانی گرتووە.
رووداو: گەڕانی خەڵکی بۆ چارەسەری دەروونی هۆکارەکەی چی بووە؟ هەمووی لەبەر کۆرۆنا بووە؟
ناردین تورجمان: بێگومان قەیران و كێشەی دەروونی كاریگەری بەسەر هەموو كەسێك هەبووە نەك تەنیا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو هۆكاربووە بۆ ئەوەی هەموو جیهان پرسیار لەبارەی دۆخی تەندروستیی دەروونی بكەن و زانیاریی لەمبارەیەوە بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی هاوكارییان بكرێت لە رووی وەرگرتنی زانیاریی تەندروستیی.
رووداو: وەڵامەکەم بە دروستی وەرنەگرت؟ دەمەوێت بزانم بۆچی خەڵک لە ساڵی 2020 دا هەستیان بە تەنیایی کردووە و زیاتر پێویستیان بە هاوکاریی دەروونی بووە؟
ناردین تورجمان: بەڵێ بێگومان نەك تەنیا لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە عەرەبییەكان، بەڵكو كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەسەر هەموو جیهان هەبووە و زیادیش بووە. سێرچكردن و گەڕان بەدوای وەڵامی پرسیارەكانیان لەبارەی تەندروستیی دەروونی خۆیان و كەسە نزیكەكانیان و ئەندامانی خێزانەكانیان رووی لە زیادبوون كردووە. ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ساڵی 2020 هۆكاری سەرەكیی بووە بۆ تێكچوونی تەندروستیی دەروونی و پرسیاركردنی خەڵك لەبارەیەوە.
رووداو: لەبارەی تەندروستیی دەروونی، ئێوە وەکو پزیشکی دەروونی زیاتر رووبەڕووی چ نەخۆشییەکی دەروونی یان چ کێشەیەکی دەروونی دەبنەوە کە بەهۆی کۆرۆناوە بۆ خەڵک دروستبوون؟
ناردین تورجمان: بەڵێ بێگومان؛ خەمباربوون، نیگەرانی، دوودڵی و ترس. ئەمانە لە ساڵی 2020 بووە مایەی زۆرترین خەمی خەڵك و بەكارهێنەرانی گووگڵ لە هەموو جیهان. بەتایبەتیش لەسەر ئاستی تاك كاریگەری بەسەر دۆخی دەروونییان هەبووە و دوودڵی و خەمباربوون زۆرترین ئەو هۆكارەن كاریگەری بەسەر دەروونی كەسەكان دەبێت و لەكاتی كۆرۆنا پرسیاریان لەبارەیەوە كراوە.
رووداو: سەلما خان، لەگەڵ ئەو داتایانەی تۆ باستکردن، ئەمساڵ وەکو گووگڵ بەنیازن ئەپلیکەیشنێک دروست بکەن و هاوکاریی خەڵکی پێبکەن، دەتوانم بزانم ئەو ئەپلیکەیشنە چۆنە؟
سەلما شەهد: ئەمە تایبەتمەندییەكی نوێیە لە ساڵی 2019 خستمانە خزمەتی بەكارهێنەران و ئەم تایبەتمەندییەش دوو رۆژ لەمەوبەر خستمانە واری جێبەجێكردنییەوە. لە رێگەی پەیامی دەنگیی بەكارهێنەرەكانەوە گووگڵ ئەسیستانت وەڵامی دەنگییان دەداتەوە. ئەگەر بەكارهێنەر هەست بە خەمباری و ترس و تەنیایی بكات و داوای هاوكاری و رێنمایی بكات، ئەوسا گووگڵ ئەسیستانت وەڵامی راستەوخۆی دەنگییان دەداتەوە و بە دەقی نووسراویش دەخاتە بەردەستیان. وەڵامە دەنگیی و نووسراوەكان، لەلایەن كەسانی پسپۆڕی بواری تەندروستیی دەروونیی ئامادەكراوە و پێشكەش دەكرێت.
رووداو: باشە، ئێستا ئەو پرسیارانەی خەڵک دەیکەن چین و وەڵامەکان چین؟ ئەگەر من شتێک بنووسم وەڵامێکی ئامادەم بۆدێت؟
سەلما شەهد: بەڵێ وەڵامەكان ئامادەن و بەزمانی عەرەبیی پاراو پێشكەش دەكرێت. ئەوەی زۆر نایابە لەم خزمەتگوزارییە نوێیە، ئەوەیە گووگڵ ئەسیستانت لە رێگەی پەیامی دەنگی و دەقی نووسراو وەڵامەكانی هەموو جۆرە پرسیارەكان دەداتەوە. هەروەها بەكارهێنانیشی زۆر ئاسانە و زۆرترین زانیاریی بەزۆرترین بەكارهێنەر و خەڵكیش پێشكەش دەكات. ئیدی بەمشێوەیەیە.
رووداو: بێگومان هەموو پرسیارەکان بە عەرەبین و وەڵامەکان بە عەرەبین، دەمەوێت بزانم بۆچی وڵاتانی عەرەبیتان کردە ئامانج؟
سەلما: بەڵێ راستە، ئەگەر بەعەرەبی پرسیار لە گووگڵ ئەسیستانت بكەیت، بەعەرەبی وەڵامت دەداتەوە. بێگومان پلانی داهاتوو هەیە بۆ زیادكردنی زمانی دیكە بۆ ئەم خزمەتگوزارییە و لەوانەیە پێش كۆتایی ساڵ كارا بكرێت. هۆكاری ئەوەی بۆچی لە قۆناخی یەكەمدا تەنیا زمانی عەرەبی بەكارهاتووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تیمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو بیرۆكەیان پێشكەشكردووە. واتا مەرج نییە تەنیا بارەگای سەرەكیی گووگڵ كە لە كالیفۆرنیایە، تەنیا ئەوان بیرۆكە و پرۆژەی نوێ و خزمەتگوزاریمان پێشكەش بكەن. بەپێچەوانەوە تیمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە تیمێكی زۆر گەورەیە بەردەوام پرۆژە و پێشنیاز و بیرۆكەی نوێی خزمەتگوزاریی هەیە و دەبێت كە پەیوەندییان بە خەڵكییەوە هەبێت و ئاراستەی بنكەی سەرەكییمان دەكەن.
رووداو: باشە، د. ناردین لەسەر ئەو وەڵامانە قسە بکەین، ئەگەر کەسێک بە عەرەبی بڵێت دڵم ناخۆشە و دەترسم، هەندێک وەڵامیان بۆ ئامادە کراوە، وەکو پزیشکێکی دەروونی، تێڕوانینی تۆ لەسەر ئەو وەڵامانە چییە؟
ناردین تورجمان: بۆ نموونە ئەگەر بێتوو نیشانەكانی خەمباری و ترس لە هەفتەیەك زیاتر بەدیكرا، داوای لێدەكەین دەسبەجێ لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵا لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاوكاری و پالُپشتیی پسپۆڕان وەربگرێت. ئەمە لەبارەی پەیوەندییە راستەوخۆیەكانە. لەبارەی پرسیارە ئامادەكراوەكانی گووگڵ ئەسیستانت، گووگڵ وەڵامەكانی بەشێوەیەكی زۆر لێهاتووانە ئامادەكردووە، بەهۆی ئەوەی كەسانی پسپۆڕ چاودێرییان كردووە و نوسیوویانە. بۆیە زۆر گرنگە كەسێك هەستێكی نامۆی هەبێت، پەیوەندیی راستەوخۆ بكات بۆ پزیشك و دەست بۆ خزمەتگوزارییە ئامادەكراوەكانیش بنێرێت. لە زۆربەی وەڵامەكانی گووگڵ ئەسیستانت دوای پێشكەشكردنی رێنمایی و ئامۆژگارییەكان، داوا دەكات راستەوخۆ پەیوەندی بە پزیشكی تایبەت و پسپۆڕیش بكات.
رووداو: یەکێک لەو وەڵامانەی گووگڵ دایناوە، بۆ ئەو پرسیارەی چی بکەم کە من بێتاقەتم؟ ئەوەیە کە وەرزش بکە یان پیاسەیەکی 20 خولەکی بکە. د. ناردین ئەو وەڵامەی گووگڵ تاوەکو چەند سوودی دەبێت؟
ناردین تورجمان: بەڵێ 100% وەرزشكردن، نیگەرانییەكان و دڵتەنگییەكان و ترس و دڵەڕاوكێیەكان دەڕەوێنێتەوە، یاخود كاتێك رۆژانە بۆ ماوەی 20 خولەك دەچیتە دەرەوە و لەناو سروشت پیاسەیەك دەكەیت، دەسبەجێ دۆخی دەروونیت دەگۆڕێت. ئەمە نەك تەنیا بۆ دۆخی دەروونی بەڵكو بۆ تەندروستیی لەش زۆر گرنگە. بەڵێ وەرزش بەدڵنیاییەوە 100% رەنگدانەوەی لەسەر تەندروستیی دەروونی و لەش دەبێت.
رووداو: ئەو وەڵامانەی گووگڵ ئامادەی کردوون تاوەکو چەند هاوکاریی ئەو کەسە دەکەن کە پرسیاری کردووە؟
ناردین تورجمان: بەڵێ، وەك گوتم، گووگڵ ئەسیستانت یەكەم ئامرازی گەیاندنی هاوكاری و پاڵپشتیی تەندروستییە بۆیە بەدڵنیاییەوە سوودی دەبێت. وەك چۆن لە سەردەمی كەرەنتینەی كۆرۆنا بەردەوام پرسیار دەكرا "من بەتەنیام" و "هەست بە ترس دەكەم" و "نیگەرانم" و گووگڵ ئەسیستانت، وەك یەكەم دەستپێشخەری هاوكاری و پاڵپشتیكار زانیاریی گرنگ دەدات بۆ بەرژەوەندی بەكارهێنەر. ئەمەش هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ ئەوانەی پرسیار دەكەن.
رووداو: باشە، ئەو ئامارانەی گووگڵ ئاشکرای کردوون، بە رێژەیەکی زۆر گەڕان بۆ ئەو پرسیارانە و گەڕان بەدوای چارەسەری دەروونی زیادیکردووە، ئەوە ئاساییە؟
ناردین تورجمان: پرسیارەكان ئاسایین، بەڵێ پرسیاركردن ئاساییە بەهۆی ئەوەی خەڵك بایەخی زیاتر دەدات بە تەندروستیی دەروونی و ئەم بوارەش رۆژ دوای رۆژ فراوانتر دەبێت. كاتێك كەسێك لەژێر گوشاری دەروونیدا دەبێت و لەو كاتەیش كە تەكنۆلۆژیا هەردێت و زیاتر پێش دەكەوێت، خەڵكی لە رێگەی پرسیاركردن دەست بۆ تەكنۆلۆژیا دەبەن و پرسیارە باوەكان دەكەن. ئیدی ئامێرێك هەیە توانای ئەوەی هەیە یارمەتیدەریان بێت و پرسیاری ئاراستە بكەن.
رووداو: سەلماخان ئەوە چەندێک دەبێت ئەو پرۆژەیەتان دەستپێکردووە؟ هەست بە گۆڕانکاری دەکەن؟
سەلما شەهد: نزیكە ساڵیكە كاركردن لەسەر ئەم بەرنامەیە بەچڕی كراوە. سەرەتا بەدوای هاوبەشێكی متمانەپێكراو گەڕاین و لەگەڵ دامەزراوەكانی "سەیف سپەیس" رێككەوتین لە دەوڵەتی ئیمارات. بۆیە كاركردن لەمبارەیەوە ساڵێكی خایاند و ئەمەش یەكەمجارە رایبگەیێنین. هەروەها یەكەم دەستپێشخەری بەمشێوەیەیە لەلایەن گووگڵەوە، لەسەر خزمەتگوزاری ئەسیستانت.
رووداو: ئێوە لەمەودوا دەستپێدەکەن یان چەند رۆژێکە دەستتان پێکردووە؟
سەلما شەهد: دوو رۆژە خزمەتگوزارییەكانی پێشكەش دەكات و بۆ هەموو بەكارهێنەرێك فەراهەم كراوە. گووگڵ ئەسیستانت دەستبەكاربووە بۆ پێشكەشكردنی ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە بەزمانی عەرەبی. جا گرنگ نییە تۆ لە عێراق بیت، یان كەنەدا. گرنگ ئەوەیە بەزمانی عەرەبی پرسیار بكەیت. بۆ نموونە ئەگەر بە گووگڵ ئەسیستانت بڵێی "من خەمبارم" یان "هەست بەتەنیایی دەكەم" تەنانەت ئەگەر پرسیار بكەیت و بڵێیت "من تووڕەم" گوێت لە وەڵامەكان دەبێت.
رووداو: لەو دوو رۆژەدا ئێوە فیدباکتان وەرگرتووە؟
سەلما شەهد: هێشتا زووە لەمبارەیەوە بڕیاربدەین و بزانین خەڵكی تا چەند پێشوازیی لەم دەستپێشخەرییە دەكەن و تا چ ئاستێك بەكاری دەهێنن، بەڵام لەوە دڵنیاین وەڵامەكان بەدڵی بەكارهێنەر دەبێت، بەهۆی ئەوەی زانیارییەكان لەلایەن كەسانی پسپۆڕ ئامادەكراوە و چاودێری وردی بۆ كراوە. پێشبینی ئەوە دەكەین بەكارهێنەران لەسەر ئاستی هەموو جیهان پێشوازییەكی گەرم و بایەخێكی تایبەت بەم خزمەتگوزارییە بدەن، وەك چۆن بایەخیان بەخزمەتگوزارییە پێشووەكانمان دراون.