كاتێك تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌




میترۆ، كه‌ركوك ناو 
ئه‌حلام زوو زوو له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ سه‌یری ده‌ره‌وه‌ ده‌كات، نه‌وه‌ك جموجۆڵ و هێرشێكی له‌ناكاو هه‌بێت و فریای رزگاركردنی منداڵه‌كانی نه‌كه‌وێت، له‌كاتیكدا هاوسه‌ره‌كه‌یشی له‌ ماڵه‌وه‌ نییه‌.

ماڵی ئه‌و ژنه‌ ده‌كه‌وێته‌ شه‌ریكه‌ تاریق له‌ باشوری شاری كه‌ركوك، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌پێی نوسراوێكی دزه‌پێكراوی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، گومانده‌كرا ببێته‌ خاڵی ده‌ستپێكی هێرشێكی چه‌كدارانی داعش.

ئه‌حلام ره‌فعه‌ت، دایكی سێ منداڵه‌ و له‌ رێی چه‌ند په‌یجێكی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسراوه‌كه‌ ده‌بینێت و هه‌واڵه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، بۆیه‌ ترسێكی زۆر دایده‌گرێت و تا رۆژ ده‌بێته‌وه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكێدا ده‌مێنێته‌وه‌.

"ده‌چومه‌ لای په‌نجه‌ره‌وه‌ و ده‌هاتمه‌وه‌ بۆ لای منداڵه‌كانم، زیاتر له‌ 10 جار په‌یوه‌ندیم به‌ هاوسه‌ره‌كه‌مه‌وه‌ كرد و ئه‌ویش ته‌له‌فۆنی كرد، چونكه‌ پاسه‌وانه‌ له‌ كۆمپانیایه‌كی ده‌ره‌وه‌ی شاری كه‌ركوك و ئه‌و شه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ نه‌بوو" ئه‌حلام بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

هێنده‌ ئه‌و شه‌وه‌ی به‌ دڵه‌ڕاوكێ تێپه‌ڕاند, ئه‌حلام كاتێك رۆژ بۆوه‌ زۆربه‌ی په‌یجه‌كانی له‌ فه‌یسبوكه‌كه‌یدا (ئه‌نلایك) كرد، تا جارێكی ده‌نگۆ و هه‌واڵی تۆقێنه‌ر نه‌بینێت.

ئه‌و نوسراوه‌ی بوه‌ هۆی ترس لای ئه‌حلام, به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) ژماره‌یه‌كی‌ زۆر په‌یجی هه‌واڵیی و بواره‌ جیاوازه‌كانی نێو فه‌یسبوك بڵاویانكرده‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی بزانرێت چۆن دزه‌یكردووه‌.



ئه‌و نوسراوه‌ كه‌ به‌ناوی فه‌رمانده‌یی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌، كاتژمێر 6ی ئێواره‌ی دوشه‌ممه‌ 5ی نیسانی 2021 ئاراسته‌ی هێزه‌ جیاوازه‌كانی شار كراوه، تیایدا ئاماژه‌ به‌دزه‌كردنی "14 چه‌كداری داعش" بۆ شاره‌كه‌ ده‌كات، پاڵپشت به‌ زانیاری هه‌واڵگری.

له‌و نوسراوه‌دا، كه‌ (كه‌ركوك ناو) له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ ته‌ئكیدی له‌ راستییه‌كه‌ی كرده‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ چه‌كداره‌كان به‌هۆی ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگری پڕ له‌ بلۆكه‌وه‌ دزه‌یانكردووه‌، له‌ ناوچه‌ی شه‌ریكه‌ تاریقه‌وه‌ بۆردومان ده‌ستپێده‌كه‌ن، وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر زیندانی ته‌فسیراتی كه‌ركوك و باڵه‌خانه‌ی دادگا، له‌رێی خۆكوژه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری ئه‌منی له‌ كه‌ركوك، كه‌ به‌هۆی نه‌بونی مۆڵه‌تی لێدوانه‌وه‌ داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ نوسراوانه‌ جێی داخه‌، هیچ پێویست نییه‌ هاوڵاتیان بخرێنه‌ دڵه‌راوكێوه‌، سه‌دان جار نوسراوی له‌و جۆره‌ هه‌بووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر هه‌بون به‌ڵام بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كاری خۆیان كردووه".

شه‌وی 5ی نیسان و به‌هۆی هه‌واڵی دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك، ته‌واوی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خرانه‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش رێكاره‌كانی سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ 9ی شه‌و تا 6ی به‌یانی چڕتركرانه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌منی له‌ كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان وه‌ك رۆژانی پێشتر له‌ بازگه‌ كاتییه‌كاندا بون و گه‌ڕانیان هه‌بوو، سوپاس بۆ خوا هیچ روینه‌دا و دڵنیاین هیچیش رونادات، ناشكرێت به‌ چه‌ندین ده‌زگای ئه‌منییه‌وه‌ نه‌توانین روبه‌ڕوی 14 تیرۆریست ببینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ په‌یجه‌كانه‌ كه‌ خه‌ڵك توشی دڵه‌ڕاوكێ ده‌كه‌ن".

تائێستا ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك به‌ ره‌سمی هیچ رونكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و نوسراوه‌ نهێنییه‌ و ئه‌گه‌ر هێرشی داعش بڵاونه‌كردۆته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د نیازی، دانیشتوی گه‌ڕه‌كی ئیسرا عه‌سكه‌ری كه‌ركوكه‌ و ده‌ڵێت دوای بینینی هه‌واڵی ئه‌گه‌ری هێرشكردنی‌ داعش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، تا كاتژمێر 4ی به‌ره‌به‌یان نه‌یانتوانیووه‌ بخه‌ون.

"هیچ منداڵێكیشمان نه‌خه‌وتبون، به‌هۆی ترس و دڵه‌ڕاوكێوه‌" ئه‌حمه‌د بۆ (كه‌ركوك ناو) ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌شی گرت كه‌ چۆن ده‌كرێت نوسراوێكی ئاوا نهێنی دزه‌بكات و ببێته‌ هۆی ئاشكراكردنی پلانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ر روداوێك.

یه‌كه‌مجار نییه‌ هه‌واڵی هێرشكردنه‌ سه‌ر كه‌ركوك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبۆته‌وه‌، له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا، چه‌ندینجار دوباره‌بۆته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ دوای روداوه‌كه‌ی 2016ـه‌وه‌، كه‌ ژماره‌یه‌ك داعش چونه‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی ناوشار و بۆ چه‌ندین كاتژمێر له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا روبه‌ڕوبونه‌وه‌.

عه‌بدولكه‌ریم خه‌لیفه‌، توێژه‌ری ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌ستیاری له‌و جۆره‌ نه‌ك ته‌نیا بارودۆخی ده‌رونی تێكده‌دات، به‌ڵكو لێكه‌وته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریشی ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت هاوڵاتیان واز له‌و ئه‌ركه‌ بهێنن بۆ لایه‌نی ئه‌منی و هێنده‌ پێوه‌ی سه‌رقاڵ نه‌بن كه‌ توشی غه‌مباری و تێكچونی باری ده‌رونی ماڵ و منداڵیان بكاته‌وه‌".

ئه‌و ئامۆژگاری هاوڵاتیان ده‌كات لانیكه‌م تا ده‌توانن چاو و گوێی منداڵه‌كانیان له‌ هه‌واڵی هاوشێوه‌ و ئه‌گه‌ری هێرش و باسی توندوتیژی بپارێزن.

عه‌بدولكه‌ریم به‌ داخه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ نوسراوانه‌ له‌ فه‌یسبوك له‌كاتێكدا پێویسته‌ ته‌نیا ئه‌و زانیارییانه‌ له‌نێو هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا ئاڵوگۆڕیان پێبكرێت و رێگه‌نه‌درێت ببێته‌ هۆی ترس و دڵه‌راوكێ لای رایگشتی.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا، چه‌ندین كه‌س به‌ تۆمه‌تی تیرۆر و په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، دوایینیان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 6ی نیسانی 2021 بووه‌ له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌.

لیوا روكنی خانه‌نشین جه‌وده‌ت جیهاد، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كه‌ركوكی په‌یمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی پێیوایه‌ دزه‌پێكردنی زانیاری ئه‌منی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و نوسراوانه‌ له‌ میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی سه‌قامگیری شار.

"بڵاوبونه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی ئه‌منی و سه‌ربازی له‌ كه‌ركوك بۆ خۆی په‌یامێكه‌ بۆ هاوڵاتیان كه‌ ئاسایش به‌رقه‌راره‌ و هیچ روداوێك له‌ ئارادا نییه‌".

جیهاد نیگه‌رانه‌ ناتوانرێت ئه‌و په‌یجانه‌ی هه‌واڵی هاوشێوه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌بنه‌ هۆی دروستبونی دڵه‌ڕاوكێ دابخرێن, "مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی پشت ئه‌و جۆره‌ بڵاوكراوانه‌ له‌ په‌یجه‌كاندا ته‌نیا تێكدانی پلانی ئه‌منی شاره‌كه‌یه‌ و هیچی تر".



AM:11:49:07/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌